ناوهڕۆك
جەنگی ناوخۆی عێراق
دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.
ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.
بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش
هێرشی زوڵوعییە
هێرشی زوڵوعییە هێرشێکە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە بە پاڵپشتی هۆزەکانی سوننە و میلیشیا شیعەکان لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ بۆ سەر شارۆچکەی ستراتیجیی زوڵوعییە کە چەند مانگێک بوو لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو. لە ٣٠ی كانوونی دووەمدا ناوچەكە كۆنتڕۆڵكرایەوە و ئەو گەمارۆیەی داعش بەسەر هۆزی جابووری سوننەدا سەپاندبووی، هەڵگیرا.
ئەم هێرشە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی گەورەتر بوو بۆ پاکتاوکردنی تەواوەتی پارێزگاری سەڵاحەدین.
فەرماندەی هێرشەکە کەریم نووری بوو لە سوپای عێراق و تێیدا ٣٠٠ چەکداری داعش کوژران.