ناوهڕۆك
ناساندن
باث یان باس (بە ئینگلیزی: Bath، بە عەرەبی: باث)، گەورەترین شاری سۆمەرسێتە لە ئینگلتەرا. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ١٠١٫١٠٦ کەس بوو. باث لە دۆڵێکی ڕووباری ئەیڤۆندایە، ١٦٥ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای شاری لەندەن و ١٨ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بریستۆڵەوە دوورە.
مێژووی شارەکە
کاتێک ڕۆمەکان لە ساڵی ٦۰ زایینیدا گەرماو و پەرستگایەکیان لە دۆڵی ڕووباری ئەیڤۆن دروست کرد، شارەکە وەک کانی ئاوی کانزایی (گەڕاو) گەشەی کرد بە ناوی لاتینی (Aquae Sulis) کە بە واتای (ئاوەکانی سولیس) دێت، بەڵام سەرچاوە گەرمەکانی ناوچەکە پێش ئەو کاتەش ناسراو بوون. مێژووی دروستکردنی کڵێسای باث بۆ سەدەی حەوتەم دەگەڕێتەوە و ئەم کڵێسایە لە شارەکەدا بوو بە ناوەندێکی ئایینی؛ بینای کڵێساکه لە سەدەی ١٢ و ١٦دا دووبارە دروستکرایەوە. لە سەدەی ١٧دا، ئەو دەنگۆیە بڵاوبوویەوە کە ئاوی کانییەکانی باث تایبەتمەندییان هەیە و چارەسەری نەخۆشی دەکەن، بەم شێوەیە باث وەک شارۆچکەیەکی کانی ئاوی کانزایی لە سەردەمی جۆرجیادا بەناوبانگ بوو. هەروەها لە سەدەی ١٨ـدا باث بوو بە شارێکی مۆدێرن و ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشەی کرد. جەین ئۆستن لە سەرەتای سەدەی ١٩ـهەمدا لە شارەکەدا دەژیا. دوای هێرشەکانی باث لە جەنگی جیهانیی دووەم، باڵەخانەی زیاتر لە سەدەی نۆزدەهەمدا دروست کرا. باث لە ساڵی ١٩٧٤ بوو بە بەشێک لە هەرێمی ئەیڤۆن، و دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەیڤۆن لە ساڵی ١٩٩٦، سۆمەرسێت بوو بە ناوەندی سەرەکی باث و باکووری ڕۆژهەڵات.
گرنگی شارەکە
شارەکە لە ساڵی ١٩٨٧ـدا وەکوو شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانیی یوونسکۆ ناوزەند کراوە و لە ئێستادا بە بەردەوامی سەرنجی سەردانکەران بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ئەویش نەک تەنها بەهۆی مێژووە ناوازەکەیەوە بەڵکوو بەهۆی شانۆ، شوێنە وەرزشییەکان، مۆزەخانە، چالاکی و دیمەنە سەرنجڕاکێشییەکانی دیکەوەیە. باث ١٫٣ ملیۆن سەردانیکەری ساڵانەی هەیە، ئەمەش وای لێ دەکات ببێتە یەکێک لەو دە شارە ئینگلیزییەی کە زۆرترین گەشتیار لە وڵاتە دوورەکانەوە سەردانیان کردووە. شارەکە دوو زانکۆی تێدایە، زانکۆی باث و زانکۆی باث سپا. یانە وەرزشییەکانی ناو شارەکە بریتین لە ڕەگبی باث و یانەی تۆپی پێی باث سیتی. هەروەها شارەکە شوێنی پیشەسازییەکانی نەرمەواڵە و بڵاوکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی وەک Future Plc و Rotork ـە.
لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووانی ناو شارەکە ٨٨٫٨٥٩ کەس بوو. دانیشتووانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری لە ساڵی ٢٠١٠دا بە ٩٧٫٣١١ کەس مەزەندە کرا. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا، ژمارەی نیشتەجێبووانی شارەکە بەرزبوویەوە بۆ کەمێک زیاتر لە ١٠٠٫٠٠٠ کەس.
نەژاد
شارەکە بە پلەی یەکەم هاوڵاتی سپی پێستی لێ نیشتەجێیە، کە ٩٤٫٦٪ـی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن و ئەم ڕێژەیەش زۆر زیاترە لە تێکڕای نیشتیمانی. ڕێژەی دانیشتووانی هەریەک لە پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئاسیا و ڕەش پێست و فرە کولتوورییەکان لە خوار تێکڕای ڕێژەی نیشتیمانییەوەن. ٢٫٦٪ ئاسیایی و ٠٫٨٪ ڕەش پێست و ١٫٦٪ـی دانیشتووانی شارەکە ڕەگەزی فرە کولتووری/ڕەگەزی تێکەڵن.
ئایین
زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی باث پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، لە کاتێکدا ٣٢٫٧٪ـی دانیشتووان خۆیان بە بێ ئایین دەدەن لە قەڵەم. ئایینەکانی تر کەمتر لە ١٪ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن.
گەشەی دانیشتووانی باث
لە نێوان ئەو سەرژمێرییانەی لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠١١دا ئەنجامدراون، گۆڕانکاری زۆر کەم لە پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکەدا و ناوچەکانی دەوروبەریدا ڕوویدا. کۆی گشتی دانیشتووانی یەکگرتووی باث و باکووری ڕۆژهەڵاتی سۆمەرسێت لە ساڵی ٢٠١١ بە ١٧٦٫٠١٥ کەس تۆمارکراوە، لە سەرژمێری ١٠ ساڵی پێشوو ژمارەی دانیشتووان ١٦٩٫٠٠٠ کەس بوو و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژمارەی دانیشتووان بەرزبووەتەوە. لە نێوان سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ و ٢٠١١ـدا باث و ناوچەکانی دەوروبەری بە ڕێژەی ٥٪ بۆ ١١٪ گەشەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خوێندکارانەوە ژمارەی دانیشتووان گەشەی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیووە.
کەشوهەوای شارەکە
لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی باشووری خۆرئاوای ئینگلتەرا، باث کەشوهەوایەکی مامناوەندی هەیە کە بەگشتی باراناویتر و مامناوەندترە لە باقی وڵاتەکە.
تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە نزیکەی ١٠ پلەی سەدییە، مانگەکانی وەرزی هاوین، واتە مانگەکانی تەممووز و ئاب، گەرمترین مانگی ساڵن و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە ٢١ پلەی سەدییە. هەروەها لە وەرزی زستاندا، تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ١ یان ٢ پلەی سەدییە.
تێکڕای ڕێژەی دابارینی باران ٧٠٠ مللیمەترە، بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی ٨ بۆ ١٥ ڕۆژ بەفر دەبارێت و نزیکەی ١٫٦٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.
هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە
١. گەرماوە ڕۆمانییەکان
۲. پردی پەڵتنی
۳. کرۆس باث
٤. مۆزەخانەی مۆدێرنی باث
٥. شانۆی شاهانە
٦. مۆزەخانەی هونەری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
۷. مۆزەخانە و باخچەی ئەمریکی
٨. پێشەنگای نیگارکێشی ڤیکتۆریا
۹. فیستیڤاڵی باث
۱۰. سەنتەری جەین ئۆستن