ناوهڕۆك
ناساندن
کانتەربوری (بە ئینگلیزی: Canterbury، بە عەرەبی: كانتربوري)، شارێک و شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانی یونسکۆیە، دەکەوێتە ناوەندی شاری کانتەربوری، لە هەرێمی کێنت لە ئینگلتەرا، ئەم شارە لەسەر ڕووباری ستاوەر (Stour)ـە و ٨٧ کیلۆمەتر لە لەندەنەوە دوورە. کاتێک کانتەربوری بەراورد دەکرێت لەگەڵ شارەکانی دیکەی بەریتانیا لەڕووی قەبارەی جوگرافی و ژمارەی دانیشتووانەوە شارێکی بچووکە.
مێژووی شارەکە
یەکەم تۆماری مێژووی جێگیربوونی مرۆڤەکان لە کانتەربوری هۆزی سێڵتیک بوو، ئەم شارە لە پێش چاخی بەردینی کۆن و لە چاخی پاليۆليتی داگیرکراوە و وەک پایتەختی شانشینی سێڵتیک کانتی و شانشینی جوت لە کێنت خزمەتی کردووە. لە سەدەی یەکەمی زایینیدا، ڕۆمەکان جێگیرگەکەیان داگیرکرد و ناویان لێنا (durovernum cantiacorum)، دووبارە شارەکەیان دروستکردەوە، هەروەها شەقامی نوێ، شانۆیەک، پەرستگایەک، مەکۆیەک و چەند گەرماوێکی گشتییان دروست کرد. وا دیارە دوای ئەوەی ڕۆمەکان لە ساڵی ٤١٠ـدا بەریتانیان جێشت بۆ نزیکەی ١٠٠ ساڵ کانتەربوری چۆڵ کرا بێت. پاشان و لە ساڵی ١٣٤٨ـدا نەخۆشی تاعون لە ناوچەکەدا بڵاوبوویەوە، لەڕووی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە کانتەربوری دەیەم ناوچەی ئینگلتەرا بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی ١٠ هەزار کەس بوو، دواتر لە سەرەتای سەدەی ١٦ـدا، ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ ٣٫٠٠٠ کەس دابەزی. پاشان و لە سەدەی ١٧ـدا ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە بۆ ٥٫٠٠٠ کەس و وردەوردە لە سەدەکانی دواتردا ژمارەی دانیشتووان گەشەی کرد و شارەکە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی. کانتەربوری لە ئێستادا یەکێکە لە جوانترین و مێژووییترین شارەکانی ئینگلتەرا.
دانیشتووان
بەپێی دوواین تۆماری فەرمی ژمارەی دانیشتووانی کانتەربوری ٥٥٫٢٤٠ کەسە. تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی شارەکە ٣٧٫١ ساڵییە، کە لەخوار تێکڕای هەرێمەکەیەتی، نزیکەی ١٢٪ـی دانیشتوونی شارەکە لە ناوچەی جیاواز لەدایکبوون و ئەمڕێژەیەش لەسەرووی تێکڕای نیشتیمانییەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٩٥٪ـی دانیشتووان سپی پێستن. هەروەها شارەکە ژمارەیەکی بەرچاو دانیشتووی خوێندکاری هەیە، کە بەهۆی بوونی زانکۆی کێنت، زانکۆی کڵێسای مەسیحی کانتەربوری، زانکۆی هونەرە داهێنەرەکان و زانکۆی ئەمریکی جیرنا کەمپی کانتەربوریەوە هاتونەتە شارەکەوە.
بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـی شانشینی یەکگرتوو، ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بریتین لە:
سپی پێست: ٩٥٪
ئاسیایی: ١٫٨٪
ڕەش پێست: ٠٫٧٪
ئایین
هەر بە پێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـی شانشینی یەکگرتوو، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە: مەسیحی، ئیسلام، بوودی، جوولەکە، سیخی و هیندۆس. ئایینی مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی کانتەربورییە و زیاتر لە ٦٨٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، بەدوای ئەویشدا ئایینی ئیسلام دێت و ١٫١٪ـی دانیشتووان مسوڵمانن، ٠٫٨٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینی هیندۆسن، ٠٫٢٪ـیان جوولەکە، ٠٫١٪ـیان سیخی بوون، هەروەها ٢٠٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن.
گەشەی دانیشتووان لە کانتەربوری
ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە نێوان سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١١ـدا گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی ٢٠٠١ـدا ژمارەی دانیشتووانی کانتەربوری کەمێک زیاتر لە ٤٣٫٠٠٠ کەس بوو. ئەم ژمارەیە لە ماوەی دە ساڵی دواتردا بۆ زیاتر لە ٥٥٫٠٠٠ کەس گەشەی کرد. لەبەر ئەوەی شارەکە بەدرێژایی ئەو ساڵانە گەشەیەکی خاو و بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم ڕەوتە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت.
ئابووری شارەکە
ژمارەی ئەو بازرگانییانەی کە بە بەردەوامی لە ناوچەی کانتەربوریدا لە کاردان نزیکەی ٤٫٧٦١ بازرگانییە و زیاتر لە ٦٠ هەزار کارمەندی فوڵ تایم و پارت تایمی هەیە، لە ساڵی ٢٠٠١ـدا ئابووری شارەکە بە بەهای ١٫٣ ملیار پاوەند خەمڵێندرا، ئەمەش وایکرد کانتەربوری ببێتە دووەم گەورەترین ئابووری هەرێمی کێنت. لە ئێستادا گەشتیاری، خوێندنی باڵا و بازرگانی وردە سێ کەرتی سەرەکی کانتەربورین.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، هاوشێوەی نزیکەی هەموو شانشینی یەکگرتوو، کەشوهەوای شارەکە ئۆقیانوسییە. پلەی گەرمی کانتەربوری بەدرێژایی ساڵ مامناوەندە و لە نێوان ١٫٨ پلەی سەدی بۆ ٢٢٫٨ پلەی سەدییە. هەروەها بەدرێژایی ساڵ بارانێکی کەم دەبارێت.
وەرزی گەرما ٢٫٨ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٠ـی حوزەیران تا ١٢ـی ئەیلوول، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی ١٨٫٩ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە کانتەربوری مانگی ئابە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٢١٫١ پلەی سەدییە و نزمترین پلەی گەرمی ١٣٫٩ پلەی سەدییە
وەرزی سارد ٤٫٠ مانگ دەخایەنێت، لە ١٩ـی تشرینی دووەم تا ١٩ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار ١٠ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ لە کانتەربوری مانگی شوباتە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرما ٢٫٨ پلەی سەدییەوەیە و بەرزترین پلەی گەرما ٧٫٢ پلەی سەدییە.
باشترین کات
بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاران، باشترین کات بۆ سەردانکردنی کانتەربوری بۆ چالاکییە گەشتیارییە گشتیەکانی دەرەوە کۆتایی مانگی حوزەیران تا سەرەتای ئەیلوولە، کە پلەکانی گەرما لە نێوان ١٨٫٣ پلەی سەدی و ٢٦٫٧ پلەی سەدیدایە.
لەڕووی گەشتیارییەوە
کانتەربوری شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە و یەکێکە لەو شارانەی شانشینی یەکگرتوو کە زۆرترین سەردانکەری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئابووری شارەکە پشت بە گەشتیاری دەبەستێت. هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە بریتییە لە:
۱. کڵێسای کانتەربوری
۲. گۆڕەپانەکانی کڵێساکە
۳. پەرستگای سەینت ئۆگەستین
٤. شاری کۆنی کانتەربوری
٥. قەڵای کانتەربوری
٦. باخچەکانی دان جۆن
۷. کڵێسای سەینت مارتین: کۆنترین کڵێسای ئینگلتەرا
٨. فیستیڤاڵی کانتەربوری
۹. مۆزەخانەی ڕۆمانی کانتەربوری
۱۰. نەخۆشخانەی ئێست بریج