ناوهڕۆك
ناساندن
ئیپسویچ (بە ئینگلیزی: Ipswich، بە عەرەبی: إبسويتش)، شارۆچکەیەکی بەندەرییە لە سافک لە ئینگلتەرا، ئەم شارە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ئەنگلیا، نزیکەی ١٦ کیلۆمەتر لە ڕێژگەی ڕووباری ئۆروێڵ (Orwell) و دەریای باکوورەوە دوورە. هەروەها ١٠٨ کیلۆمەتر لە باکووری خۆرهەڵاتی لەندەن و ٧٢ کیلۆمەتر لە خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی کامبریج و ٦٤ کیلۆمەتر لە باشووری نۆرویچەوە دوورە. ڕووبەری ڕووی شارۆچکەکە ٣٩٫٤٢ کیلۆمەتر دووجایە.
ناوی شارۆچەکە
ناوی نوێی ئیپسویچ لە ناوی (Gippeswic)ـی نێو سەدەییەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕەنگە ئەم ناوەش لە ناوی کەسایەتییەکی ئەنگلۆ ساکسۆنی یان لە ناوێکی پێشووی ڕێژگەی ڕووباری ئۆروێڵەوە وەرگیرابێت. هەروەها بە هەر دوو ناوی (Gyppewicus) و(Yppswyche)ـیش ناسراوە.
مێژوو و گرنگی شارۆچەکە
مرۆڤەکان لە سەردەمی ساکسۆنییەکانەوە بە بەردەوامی لە ئیپسویچ نیشتەجێ بوون، هەروەها کێبڕکێی بوون بە یەکێک لە کۆنترین شارۆچکەکانی شانشینی یەکگرتوو دەکات. بەدرێژایی مێژووی ئیپسویچ جێگیرگەیەکی گرنگی ئابووری ئینگلتەرا بووە، بەتایبەتیش لە کاروباری بازرگانیدا. بەندەرە مێژووییەکەی شارۆچکەکە، کە لە ئێستادا کەناری ئیپسویچە، بە گەورەترین و بەنابانگترین بەندەری شانشینەکە ناسرابوو.
لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا شارۆچکەکە خەڵاتی خاوێنترین شارۆچکەی پێ بەخشرا، لە ساڵی ٢٠١٥، وەک سێیەم خۆشترین شوێنی ژیان لە بەریتانیا هەڵسەنگێندرا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ـدا شارۆچکەکە بوو بە شوێنێکی گەشتیاری شانشینی یەکگرتوو و ٣٫٥ ملیۆن گەشتیار ڕوویان تێکرد. لە ساڵی ٢٠١٧ـشدا لەلایەن ڕۆیاڵ مەیڵ (Royal Mail)ـەوە بە حەوتەم خوازراوترین شوێن بۆ ژیان و کارکردن دەنگی پێ درا، بە هەمان شێوە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا وەکوو شوێنێکی گەشتیاری جیهانی پەرەسەندوو پلەبەند کرا.
دانیشتووان
لە سەرژمێرییەکەی ساڵی ٢٠١١ـدا، شارۆچکەی ئیپسویچ چوارەم گەورەترین ناوچەی شارستانی هەرێمی خۆرهەڵاتی ئینگلتەرای شانشینی یەکگرتوو و ٤٢ـهەم گەورەترین ناوچەی شارستانی خۆرهەڵاتی ئینگلتەرا و وێڵز بوو. لە ساڵی ٢٠١١ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە بە ١٣٣٫٣٨٤ کەس خەمڵێندرا. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی ٣٫٤٨٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارۆچکەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
سپی پێست: ٩٠٫٥٪
ئاسیایی: ٣٫٩٪
ڕەش پێست: ٢٫١٪
چینی و نەتەوەکانی تر: ١٫١٪
ڕەگەزی تێکەڵ: ٢٫٤٪
کەشوهەوا
وەکوو زۆربەی دوورگە بچووکەکانی بەریتانیا، شارۆچکەی ئیپسویچ کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە. کەشوهەوای شارۆچکەی ئیپسویچ لە وەرزی هاویندا خۆش و نیمچە هەوراوییە، و لە وەرزی زستاندا زۆر ساردە، بای هەیە و ئاسمانی شارۆچکە بەزۆری هەوراوییە. بەدرێژایی ساڵ، پلەی گەرمی بەگشتی لە ٢٫٢ پلەی سەدی بۆ ٢٢٫٢ پلەی سەدی دەگۆڕێت و بەدەگمەن لە خوار ٢٫٢- پلەی سەدی یان سەرووی ٢٧٫٢ پلەی سەدییەوەیە.
تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی شارۆچکەکە ٣٥٫٢ پلەی سەدی بوو، کە لە مانگی ئابی ٢٠٠٣ـدا تۆمارکرا. هەروەها نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٦٫١- بوو کە لە کانوونی دووەمی ١٩٦٣ تۆمارکرا. جگە لە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول لە هەموو مانگەکانی ساڵدا شەختە دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لەم ساڵانەی دوایدا ١٤٫٥- بوو کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ـدا تۆمارکرا. هەروەها ساڵانە ٥٦٩٫٢ مللیمەتر باران دەبارێت و ۱۷۰۷٫۷ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارۆچکەکەوە دەدرەوشێتەوە.
بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاری، باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارۆچکە ئیپسویچ، کۆتایی مانگی حوزەیران بۆ سەرەتای مانگی ئەیلوولە، چونکە کەشی شارۆچکەکە لەم کاتانەدا بۆ چالاکییەکان خۆشە.
هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە
١. پارکی کرایستچێرچ
٢. کۆشکی کرایستچێرچ
٣. مۆزەخانەی ئیپسویچ
٤. کەناری ئیپسویچ
٥. خانووە دێرینەکە
٦. پارکی هۆڵی وێڵس
٧. باڵەخانەی ویڵیس
٨. قولە یان تاوەری سەینت ماری
٩. مۆزەخانەی گواستنەوەی ئیپسویچ
١٠. ساتن هوو