ناوهڕۆك
ناساندن
دۆنکاستەر (بە ئینگلیزی: Doncaster، بە عەرەبی: دونكاستر)، شارۆچکەیەکە لە باشووری یۆرکشایەر لە ئینگلتەرا. بە ناوی ڕووباری دۆن (Don)ـەوە ناونراوە کە بەنزیکەیی دەڕژێتە بەشی ناوەندی شارۆچکەکەوە. لە خەمڵاندنێکی ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩دا، ژمارەی دانیشتووانی دۆنکاستەر و ناوچەکانی دەوروبەری ٣١١,٨٩٠ کەس بوو. هەروەها ڕووبەری ڕووی دۆنکستەر ٤۳٫٥ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ۹٫٤۱٦ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
مێژوو و گرنگی شارۆچکەکە
دۆنکاستەر لە ساڵی ۷۱ زایینیدا لەلایەن ڕۆمەکانەوە دامەزراوە و ناوەندێکی گەورەی ناوچەییە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندێکی گواستنەوەی باش و شوێنەواری کەلەپووری و کات بەسەربردنە. هەروەها بەهۆی گەورەیی ناوەندی بازاڕەکەی و بوونی بازاڕ لە ناوچەکەدا کە مێژووەکەی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە دۆنکاستەر بە شارۆچکەیەکی بازاڕی دادەنرێت.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووانی دۆنکاستەر ٣٠٢,٤٠٢ کەس بوو و نزیکەی ٥١٪ـی دانیشتووانەکەی لە مێینە و ٤٩٪ـی لە نێر پێکهاتبوو. هەروەها تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی ئەم شارۆچکە ٤٠ ساڵییە. ۹۱٫٤٪ـی ئەو کەسانەی لە دۆنکاستەر دەژین لە ئینگلتەرا لەدایکبوون، ئەو ڕێژەیەشی کە دەمێنێتەوە ۱٫٦٪ له سکۆتلەندا، ۰٫٥٪ لە وێڵز، ۰٫٤٪ لە پاکستان، ۰٫۳٪ لە ئێرلەندا، ۰٫۳٪ لە هیندستان، ۰٫۳٪ لە ئێرلەندای باکوور، ۰٫۱٪ لە زیمبابۆی، ۰٫۱٪ لە هۆنگ کۆنگ ۰٫۱٪ لە چین لەدایکبوون.
هەروەها ٤٦٫۳٪ـی دانیشتووان هاوسەرگیریان کردووە، ۱۳٫۲٪ـی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا هاوسەرگیریان کردووە و پێکەوە دەژین، ۰٫۹٪ لەگەڵ هەمان ڕەگەزدا هاوسەرگیریان کردووە، ۲۲٫٤٪ سینگڵن و هەرگیز هاوسەرگیریان نەکردووە یان هاوڕەگەز نین، ۹٫۲٪ جیابوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەم شارۆچکەدا ١٧٫۰۱۷ بێوەژنی لێیە.
زمان
۹٥٫۹٪ـی ئەو کەسانەی لە دۆنکاستەر دەژین بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. زمانە سەرەکییەکانی دیکەی هاوڵاتیانی ئەم شارۆچکەیە بریتین لە ۱٫٦٪ پۆڵەندی، ۰٫۳٪ ئوردو، ۰٫۲٪ کوردی، ۰٫۲٪ تورکی، ۰٫۲٪ پەنجابی، ۰٫۱٪ سلۆڤاکی، ۰٫۱٪ زمانە چینییەکانی تر، ۰٫۱٪ لیتوانی، ۰٫۱٪ لاتڤی.
ئایین
ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی دۆنکاستەر بریتین لە، ٦٥٫٩٪ مەسیحی، ٢٤٫٠٪ بێ ئایین، ١٫٧٪ موسڵمان، ٠٫٤٪ سیخ، ٠٫٣٪ هیندۆس، ٠٫٢٪ بوودی. هەروەها ٢٠ هەزار و ٧٢١ کەس ئایینی خۆیانیان ئاشکرا نەکردووە، ٦۳۹ کەس وەک سوارچاکی جێدی خۆیان ناساندووە و ۳۳ کەسیش ڕایانگەیاندووە کە باوەڕیان بە هێڤی مێتاڵ هەیە.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شارۆچکەی دۆنکاستەر ئۆقیانوسییە و بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارۆچکەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەدرێژایی ساڵ ڕێژەیەکی بەرچاو باران له شارۆچکەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە شارۆچکەکەدا ۹٫۹ پلەی سەدییە و ساڵانە نزیکەی ۷۷٦ مللیمەتر باران دەبارێت.
شارۆچکەی دۆنکاستەر لە نیوەگۆی باکوورە، هاوین ئەم شارۆچکە لە کۆتایی مانگی حوزەیران دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوولدا کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب، ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەرزترینە ۸٥٫۲۷٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی تەممووزدا نزمترینە ۷۱٫۸٤٪ـە.
وشکترین مانگی ساڵ مانگی شوباتە و بە تێکڕایی ٥١ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی حوزەیران باراناویترین مانگی ساڵە و بە تێکڕایی ٧٩ مللیمەتر باران دەبارێت.
تێکڕای پلەی گەرمی دۆنکاستەر
گەرمترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٦٫٦ پلەی سەدییە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ۳٥٫٥ پلەی سەدییە، کە لە مانگی ئابی ۱۹۹۰ـدا تۆمارکرا. هەروەها ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەم و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ٤٫۳ پلەی سەدییە، نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ۱۳٫٥- پلەی سەدییە، کە لە مانگی ئابی ۱۹۸۱ـدا تۆمارکرا.