ناوهڕۆك
سەرەتا
سەید عەلی سیستانی ناسراو بە سیستانی یان ئایەتوڵڵا سیستانی (بە عەرەبی: علي السيستاني یان آية اللە العظمی، بە ئینگلیزی: Ali al-Sistani) مەڕجەعی باڵا و ڕێبەری موسڵمانانی شیعەیە لە عێراق و بە کەسێکی کاریگەر دادەنرێت، بە ڕەچەڵەک ئێرانییە. سەرۆکی حەوزەی زانستییە لە نەجەف کە بە ناوەندی باڵای زانستی و خوێندنی فیقهـی بەشێک لە شیعەکان دادەنرێت.
زانیاری گشتی |
|
ناو |
عەلی سیستانی، ئایەتوڵڵا سیستانی |
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون |
٤-٨-١٩٣٠، مەشهەد ئێران |
ئایین |
ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی شیعە |
شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستا |
|
پلە و پۆست |
مەڕجەعی باڵا و فەتوادەرە بۆ پەیڕەوانی ئیسلامی شیعە لە عێراق، سەرۆکی حەوزەی زانستییە لە نەجەف |
ناساندن
عەلی سیستانی ناوی تەواوی سەید عەلی حوسێنی سیستانییە و لە چواری ئابی ساڵی ١٩٣٠ لە شاری مەشهەد لە ئێران لەدایکبووە. نازناوی سیستانی وەرگرتووە چونکە ڕەچەڵەکی بۆ ناوچەی سیستان دەگەڕێتەوە لە ئێران. باوکی لەبەر خۆشەویستی بۆ ئیمامی عەلی بە ناوی ئەوەوە ناوی ناوە. لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنی ئایینی، لە ساڵی ١٩٤١ لەسەر داوای باوکی دەستی کرد بە خوێندنی "زانستەکانی حەوزە" پاشان بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن لەو بوارە چووە شاری قوم لە ئێران. لە ساڵی ١٩٥١ لە قومەوە کۆچی بۆ شاری نەجەفی عێراق کرد، لە ساڵی ١٩٦١ "پلەی ئیجتیهاد"ـی بەدەستهێنا و لە نەجەف دەستیکرد بە وانە وتنەوەی شەرعی.
بوون بە مەڕجەعی باڵای شیعەکان
ئەبی قاسم خووئی مەڕجەع و ڕابەری شیعەکانی عێراق بوو، لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرا کە کێ بکرێت بە جێگرەوەی، خووئی سیستانی بۆ جێگری دانا و زیاتر ناودار بوو. لە ساڵی ١٩٩٢ دوای مردنی خووئی، سیستانی وەکوو سەرکردە و ڕابەر و مەڕجەعییەتی حەوزەی زانستی شیعەکان لە عێراق دانرا.
هەڵوێستی سیاسی
لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێندا سیستانی هیچ بۆچوون و لێدوانێکی سیاسی نەبووە، بەڵام بەهۆی جەنگی عێراق و ئێرانەوە، لە عێراق سیستانی لە ماڵەکەی خۆی لە نەجەف لەژێر نیشتەجێبوونی زۆرەملێ بوو و ئازادییەکانی سنووردارکرا چونکە بە کەسێکی ئێرانی دادەنرا لە عێراق.
دوای کەوتنی دەسەڵاتی سەدام حسێن، بە قسەی لایەنگرانی سیستانی بێت ئەو پاڵپشتی لە هیچ لایەنێکی شیعە نەکردووە لە عێراق، بەڵام بە پێچەوانەوە بە ئاشکرا و بەناڕاستەوخۆ لایەنگر و پاڵپشتی چەند لایەنێکی شیعەی کردووە وەکوو لیستی "ئیتیلافی دەوڵەتی عێراقی یەکگرتوو" کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیین لە عێراق لقی سەرەکییان لە ئێرانە. شیعەکانی نەیاری، سیستانی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پاڵپشتی ئەمریکایە، چونکە لەساڵی ٢٠٠٣ لەدوای داگیرکارییەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ئەو جیاواز لە مەڕجەعییە باڵاکانی تری شیعە هیچ فەتوا یاخود بڕیارێکی نەدا کە بە ناوی بەرخۆدان و ڕاپەڕینە بانگەشە بۆ هەڵگرتنی چەک بکات دژی ئەمریکییەکان، بەڵکوو لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای داگیرکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق ڕاستەوخۆ داوای کرد هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و گەلی عێراق بە ئازادانە نوێنەر و ڕابەرەکانیان هەڵبژێرن.
لە ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی دەرکەوتنی گرووپە توندڕەوەکان و داعش و کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ و ناوچە سوننەکانی تر، سیستانی فەتوای جیهادی دژی ئەو گرووپانە دەرکرد، لەژێر ناوی جیهاد بە هەزاران گەنجی شیعەی ئاڕاستەی چەک هەڵگرتن و شەڕ کرد. چەند فەتوایەکی وەکوو هەڵگرتنی چەک، جیهاد، ڕێگەدان بە تەقینەوە و بۆمبڕێژکردن بە بیانووی ناڕەوا، واجبکردنی دەنگدان، شەرعییەتدان بە گرووپە توندڕەوەکانی شیعە نموونەی بەدر و سوپای مەهدی مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە. هاوکات تا ئێستاش هەندێک سەرچاوە سیستانی بە کەسێکی کاریگەر دادەنێن لەسەر سیاسەت و بڕیارە گرنگەکانی عێراق، بە ناڕاستەوخۆ بڕیارەکانی دەسەپێنێت و لایەنگرەکانی پەیڕەوەی دەکەن.