ناوهڕۆك
ناساندن
سەعید محەمەد شەعبان سیام یان سەعید صیام (بە عەرەبی: سعيد صيام، بە ئینگلیزی: Said Seyam) کەسایەتییەکی فەلەستینی و ئیسلامییە و لە یەکەمین حکوومەتی حەماسدا وەزیری ناوخۆ و ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەلەستین بووە. لە ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆرکرا، سەعید سیام بە یەکێک لە دیارترین سەرکردە سیاسییە نوێیەکانی حەماس لە کەرتی غەززە دادەنرێت و لە بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی حەماسدا بە پیاوی ئاسنین ناودەبرێت.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی فەلەستین | |
---|---|
لە ماوەی ٢٠٠٦ - ٢٠٠٩ | |
زانیاری کەسی | |
لەدایکبوون | ٢٢ی تەممووزی ١٩٥٩ غەززە، فەلەستین |
کۆچی دوایی | ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ (٤٩ ساڵ) جەبالیا |
هۆکاری مەرگ | تیرۆرەکانی ئیسرائیل لە فەلەستین |
حیزبی سیاسی | بزووتنەوەی حەماس |
منداڵەکان | شەش |
ژیان
سەعید محەمەد شەعبان سیام لە ٢٢ی تەممووزی ١٩٥٩ لە کەمپی پەنابەرانی کەناراوی ڕۆژاوای غەززە لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٠ لە ماڵی مامۆستایان لە شاری رامەڵڵا دەرچووە و بڕوانامەی دیپلۆمی لە فێرکردنی زانست و بیرکاری بەدەستهێناوە، پاشان خوێندنی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی قودسی کراوە لە شاری غەززە تەواو کردووە، لەوێشەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەروەردەی ئیسلامی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٨٠ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٣ لە قوتابخانەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی لە غەززە وەک مامۆستا کاری کردووە. بۆ چەند دانیشتنێک ئەندامی یەکێتیی فەرمانبەرانی عەرەب بووە لە UNRWA، بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەسەریەک سەرۆکایەتی لیژنەی کەرتی مامۆستایان بووە، ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئیسلامی بووە لە غەززە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی زانکۆی ئیسلامی لە غەززە.
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی توێژینەوەی موستەقبەل بووە. لە مزگەوتی یەرمووک لە شاری غەززە وەک وتارخوێن و پێشنوێژی خۆبەخش کاری کردووە، هەروەها لە چەند مزگەوتێکی کەرتی غەززە وەک وتاربێژ کاری کردووە.
چالاکیی سیاسی
سیام بەشداری لەو لیژنە چاكسازیانەدا كرد كە لەلایەن شێخ ئەحمەد یاسینەوە پێكهێنرابوو، بۆ چارەسەركردنی کێشە و ناكۆكییەكانی نێوان خەڵك و هاووڵاتیان لە ماوەی یەکەم ڕاپەڕینی فەلەستیندا. لە ئاستی سیاسیشدا نوێنەرایەتی حەماسی لە لیژنەی باڵای بەدواداچوونی هێزە نیشتمانی و ئیسلامییەکان کردووە، هەروەها ئەندامی سەرکردایەتی سیاسی حەماس بووە لە کەرتی غەززە، لەوێشدا بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەکەی گرتۆتە ئەستۆ. هێزەکانی ئیسرائیل لە نێوان ساڵانی (١٩٨٩ - ١٩٩٢) چوار جار بەبێ تۆمەت دەستگیریان کردووە، جارێکیش لە ساڵی ١٩٩٥ لەلایەن ڕێکخراوی فەتحەوە دەستگیر کراوە.
وەک ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەلەستین بە نوێنەرایەتی بلۆکی گۆڕانکاری و چاکسازی هەڵبژێردرا، نوێنەرایەتی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس)ـی کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ نزیكەی ٧٦ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، كە بەرزترین دەنگی دەنگدانەکانی فەلەستین بووە، دواتر پۆستی وەزیری ناوخۆ و كاروباری مەدەنی لە دەیەمین حكوومەتی فەلەستین پێ سپێردرا. هێزێکی دامەزراند کە پاڵپشتی لە هێزە ئاساییشییەکانی فەلەستین دەکرد لە کەرتی غەززە، بە ناوی هێزی جێبەجێکار. لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٠٨ لە چوارچێوەی فراوانکردنی حکوومەت و دانانی ٦ وەزیری نوێ، وەک وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی لەکارلادراوی فەلەستین لە غەززە دەستنیشانکرا.
هەوڵی تیرۆرکردن
سەعید سیام دوای تیرۆركردنی دكتۆر ڕەنتیسی و شێخ ئەحمەد یاسین لە ساڵی ٢٠٠٤دا دەستی بە دەركەوتن کرد لە لیستەكانی تیرۆركردنی ئیسرائیلدا، هەروەها دوای ئەوەی پۆستی وەزیری ناوخۆ و پێكهێنانی هێزی جێبەجێکاری گرتە ئەستۆ، ناوی سەعید سیام لە پێشەنگی ئەو ١٦ ناوە بوو کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە زمانی عیبری چاپی کردبوو پێش دەستپێکی جەنگی غەززە. سیام توڕەیی بزووتنەوەی فەتح و سەرکردەکانی وروژاند کاتێک زنجیرەیەک کۆنگرە رۆژنامەوانی ئەنجامدا کە تیایدا بەڵگەنامەگەلێکی ئاشکرا کرد کە تێوەگلانی سەرکردەکانی ناو دەزگا ئەمنییەکانی فەلەستین لە سیخوڕیکردن بەسەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا دەسەلمێنن. ئەوەی زیاتر دۆخەکەی خراپ کرد ئەوەبوو لە زنجیرەیەک كۆنفرانسدا ڕایگەیاند سەرانی فەتح دەستیان لە بۆردومان و پیلانی تیرۆركردنی خەڵکی هەبووە لە كەرتی غەززەدا.
بەهۆی ئەمانەوە لە حوزەیرانی ٢٠٠٦ فڕۆكە جەنگییەكان لە چوارچێوەی دەستدرێژییەكانی سەر غەززە دوای ڕفاندنی سەربازی زایۆنیستی "جلعاد شالیت"، نووسینگەی سەعید سیام وەزیری ناوخۆی ئەوكاتیان بۆردومان كرد.
تیرۆرکردن
سیام سەرکەوتوو بوو لە پاراستنی بەرەی ناوخۆ لە شەڕی فورقان (جەنگی غەززە ٢٠٠٨-٢٠٠٩)، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل زیاتر لە سەد شوێنی حکوومی بۆردومان کرد کە زۆربەیان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بوون و نزیکەی ٢٥٠ کەسیان تێدا کوشت، بەڵام سیام توانی لە چەند کاتژمێرێکی کەم هێزی سەربازی بڕژێنێتەوە نێو شەقام، کە ئەمەش بە یەکێک لە کارە گەورەکانی سەردەمی وەزیری ناوخۆی ئەو دادەنرێت.
لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ سەعید سیام لەکاتی مانەوەی لە ماڵی برایەکیدا لە گەڕەکی یەرمووک، لەلایەن کۆمەڵێک فڕۆکەی F١٦ـەوە بە ئامانج دەگیرێت و خۆی و محەمەدی کوڕی و برا و خێزانی براکەی دەستبەجێ دەکوژرێن. لە دەرەوەی ماڵەکەشدا بەهۆی بەهێزی بۆردمانەکەوە کۆمەڵێک کەسی مەدەنی دەکوژرێن.