ناوهڕۆك
ناساندن
نیودەلهی یان دەلهی نوێ (بە ئینگلیزی: New Delhi، بە عەرەبی: نیودلهی)، پایتەختی هیندستانە و بەشێکە لە خاکی پایتەختی نەتەوەیی دەلهی (NCT). ئەم شارە دەکەوێتە باکووری وڵاتەکەی، نیودەلهی شوێنی هەر سێ لقەکەی حکوومەتی هیندستانە و شارەوانییەکە لەناو NCTـدا و لەلایەن NDMCەوە بەڕێوەدەبرێت، کە زۆربەی ناوچەی لوتینزی دەلهی و چەند ناوچەیەکی نزیک دەگرێتەوە. بەردی بناغەی نیودەلهی لەلایەن جۆرجی پێنجەم و لە ساڵی ١٩١١ـدا دانرا.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە ٢٥٧٫٨۰٣ کەسە و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری ٢٦ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت. شارەکە بەرزترین ڕێژەی خوێندەواری هەیە، کە زیاتر لە ٨٩٪ی دانیشتووانەکەیەتی. هەروەها گەورەترین شاری بازرگانییە لە باکووری هیندستان و ڕووبەرەکەی ٤٢٫٧ کیلۆمەتر دووجایە.
زمان
زمانی فەرمی نیودەلهی و ئەو زمانەی کە زۆرترین قسەکەری هەیە لە شارەکەدا هیندییە. بەڵام زمانی ئینگلیزی وەک زمانێکی فەرمی لەناو کارە بازرگانییەکان و دەزگاکانی حکوومەتدا قسەی پێ دەکرێت.
ئایین
پەیڕەوکراوترین ئایینی ناوچەکە، ئایینی هیندۆسییە و ٨٩٫٨٪ـی دانیشتووانی شارەکە شوێنکەوتەی ئەم ئایینەن. هەروەها دانیشتووی موسڵمان، مەسیحی، سیخی، جاینی و جوولەکە لە نیودەلهیدا نیشتەجێن.
مێژووی نیودەلهی
شاری دەلهی لە ساڵانی سەرەتاییدا هەمیشە ناوەندێکی سیاسی و دارایی هیندستان بووە. کەلکەتا پایتەختی ڕەسەن بوو پێش ئەوەی بڕیار بدرێت کە دەلهی ببێتە پایتەختی نوێی ئیمپراتۆریەتی هیندستانی بەریتانیا. دوای ئەم ڕاگەیاندنە بەردی بناغەی نیودەلهی لە ساڵی ١٩١١ـدا دانرا. لە چەند ساڵی دواتردا، نرخی موڵکەکان زۆر بەرزبوونەوە، بەم هۆیەشەوە هەندێک گۆڕانکاری لە شوێنی پڕۆژەکەدا کرا. شارەکە بە دروستکردنی بینای نوێ، هێڵی شەمەندەفەر، ناوچەیەکی بازرگانی، پلازایەکی نوێ و هەروەها فەرمانگەکانی حکوومەت دەستی بە گەشەکردن کرد.
وڵاتی هیندستان لە ساڵی ١٩٤٧ـدا سەربەخۆیی خۆیی بەدەستهێنا و خۆبەڕێوبەرییەکی سنورداریشی بە نیودەلهی بەخشی. لە ساڵانی ١٩٥۰کاندا نیودەلهی فراوانبوونی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لەوانە دروستکردنی باڵیۆزخانەکان و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ باڵیۆز و ئەنجومەنی دادوەران. لە ئێستادا، نیودەلهی لە خزمەتکردن وەکوو پایتەخت بەردەوامە و یەکێکە لە گەورەترین شارە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی. هەروەها نیشتیمانی یەکێک لە گەورەترین ناوەندە داراییەکانە و چەندین پیشەسازی خزمەتگوزاری سەرەکی هەیە لەوانە تەکنەلۆجیای زانیاری، هۆتێل، گەشتیاری، و بانکی.
لەم ساڵانەی دواییدا شاری نیودەلهی کەوتە بەر ڕەخنەیەکی زۆر بەهۆی ئەوەی یەکێکە لە شارە پیسبووەکانی جیهان. لە ساڵی ٢٠١٦دا بەهۆی بەرزی ئاستی پیسبوونەوە باری نائاسایی تەندروستی گشتی ڕاگەیەندرا. چەندین دەستپێشخەری بۆ سنووردارکردنی پیسبوونەکە دەستیپێکرد، لەوانە قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێل کە لە سەرووی ١٠ ساڵەوە بەکارهاتبێ و بەکارهێنانی ئەو تاکسیانەی کە گازی سروشتی پەستێوراو بەکاردەهێنن.
گەشەی دانیشتووانی نیودەلهی
بەهۆی ڕۆڵی گرنگی شارەکە لە بواری حکوومی و بازرگانیدا، چاوەڕوان دەکرێت گەشی دانیشتووانی نیودەلهی لە گەشەکردن بەردەوام بێت. هەرچەندە شارەکە لە ڕابردوودا تووشی هەندێک کێشە و گرفت بووە، دیارترینیانیش پیسبوونی هەوا، بەڵام ڕۆڵی نیودەلهی وەکوو یەکێک لە ١۰۰ شارە زیرەکەکانی هیندستان دەیخاتە سەر ڕێڕەوی باشترکردنی ژیانی دانیشتووانەکەی چ لە ئێستادا و چ لە داهاتوودا.
کەشوهەوا
کەشوهەوای نیودەلهی پایتەختی هیندستان، کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەییە، کەشی شارەکە لە وەرزی زستاندا زۆر مامناوەند و خۆرەتاوە، وەرزی هاوینیش زۆر گەرمە و لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی وەرزەباوە لە کۆتایی مانگی حوزەیران تا کۆتایی مانگی ئەیلوول هەوا پەنگ دەخواتەوە و باران دەبارێت.
هەروەها لە ساڵێکدا نزیکەی ٧٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت، بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی ئایار زۆر بەدەگمەن باران دەبارێت. لەگەڵ ئەوەشدا خۆر لە نیودەلهیدا زۆرجار لە وەرزی وشکدا دەدرەوشێتەوە، لە کاتێکدا لە وەرزی بارانباریندا کەمێک کەم دەبێتەوە. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە نزیکەی ٢٥ پلەی سەدییە و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٩٫٢ پلەی سەدی بوو كە لە ١٥ـی ئایاری ٢۰٢٢ـدا تۆمارکرا.
بەهۆی شوێنی باکووری شارەکەوە، وەرزی زستان هێندەی ناوچەکانی تری هیندستان گەرم نییە، لە مانگی کانوونی یەکەمدا، پلەکانی گەرما لە دەوروبەری ٧٫٥ پلەی سەدیدان، بەڵام هەندێک جار لە پلەی بەستن (سفر پلەی سەدی) نزیک دەبنەوە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢٫٢- پلەی سەدی بوو کە لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٧ـدا تۆمارکرا. نزمترین پلەی گەرمی تا سەرەتای یەکەمی مانگی ئازار دەشێت بۆ خوار ١۰ پلەی سەدی داببەزێت. بەڵام لە ڕۆژدا کەش خۆشە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٢۰٫٥ پلەی سەدییە.
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە
باشترین کات بۆ سەردانکردنی نیودەلهی مانگی تشرینی دووەم تا شوباتە، چونکە لەم کاتەدا لە گەرمای مانگی ئازار تا حوزەیران و لە بارانبارینی تەممووز تا ئەیلوول خۆت بەدوور دەگریت.
شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی
هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:
- قەڵای سوور
- قوتب منار (درێژترین منارەی هیندستان)
- باخچەکانی لۆدی
- كڵێسای لۆتس
- دەروازەی هیندستان
- مزگەوتی جاما
- گاندی سمریتی و کۆتەڵای مەهاتما گاندی
- کۆبینای هاوز خاس