ناوهڕۆك
ناساندن
جەمال گورسیل یان جەمال گورسەل (بە ئینگلیزی: Cemal Gürsel، بە عەرەبی: جمال كورسل) جەنەراڵێکی سوپای تورکیا بوو کە دوای کودەتا بوو بە چوارەم سەرۆک کۆماری تورکیا.
چوارەم سەرۆک کۆماری تورکیا | |
---|---|
لە ماوەی:٢٧ی ئایاری ١٩٦٠ – ٢٨ی ئازاری ١٩٦٦ | |
لە دوای | جەلال بەیار |
لە پێش | سێڤدێت سونای |
دەیەمین سەرۆک وەزیرانی تورکیا | |
لە ماوەی: ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠ – ٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٦١ | |
فەرماندەی سوپای تورکیا | |
لە ماوەی: ٢١ی ئابی ١٩٥٨ – ٢ی حوزەیرانی ١٩٦٠ | |
ژیانی تایبەت | |
لەدایکبوون | ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٨٩٥ ئەرزروم، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی |
کۆچی دوایی | ١٤ی ئەیلوولی ١٩٦٦ (تەمەن ٧٠ ساڵ) ئەنقەرە، تورکیا |
هۆکاری مردن | ئەپۆپلێکسی |
حیزبی سیاسی | سەربەخۆ |
هاوسەر |
مێلاهات گورسێل
|
واژوو |
ژیان
جەمال گورسیل لە ڕێکەوتی ١٨٩٥/١٠/١٣ لە شاری ئەرزرۆم لەدایک بووە. دوای خوێندنی سەرەتایی لە ئۆردو و قوتابخانەی ناوەندی سەربازی لە ئەرزینجان دەرچووی ئامادەیی سەربازی کولێلییە لە ئیستەنبووڵ. کەسایەتییەکی جەماوەری بووە و هەر بۆیە لە تەمەنی منداڵییەوە بە درێژایی تەمەنی ناسناوی "جەمال ئاغا" (جەمالی برا گەورە)ی لێنراوە. گورسێل بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ لە سوپادا خزمەت دەکات. بەشداری لە جەنگی جیهانیی یەکەم کردووە و وەک پێشەنگ لەگەڵ پاتری یەکەمی یەکەکەی لە ساڵی ١٩١٥ مەدالیای جەنگی وەرگرت. دواتر لە میحوەری فەلەستین و سووریا لە ساڵی ١٩١٧ شەڕی کردووە و لە کاتی فەرماندەیی لە پاتری ٥ی فەوجی ٤١ لە ١٩ی ئەیلوولی ١٩١٨ تووشی مەلاریا بووە و لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بووە بە دیلی جەنگ.
دوای ئازادکردنی، جەمال گورسێل گەڕایەوە بۆ ئەنادۆڵ بۆ ئەوەی پەیوەندی بە موستەفا کەمالەوە بکاتەوە لە دوای کۆنگرەی ئەرزرۆم و بەشداری لە هەموو هەڵمەتەکانی بەرەی ڕۆژاوا لە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٣ دەکات.
سەربازی
جەمال گورسێل لە کۆلێژی سەربازی تورکیا خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٢٩ وەک ئەفسەری ستاف دەرچووە. لە ساڵی ١٩٤٠ پلەی سەرهەنگی وەرگرت، لە ساڵی ١٩٤٦ کرا بە فەرماندەی لەشکری ٦٥. دواتر فەرماندەی لەشکری ١٢ و فەرماندەی گەلەی ١٨ و فەرماندەی ناوچەی ئەرکە ناوخۆییەکانی ٢ بووە. لە ساڵی ١٩٥٧ بووە جەنەڕاڵ، وەک فەرماندەی سوپای سێیەم دەستنیشانکرا. لە ماوەی ئەفسەریدا وەک کەسایەتییەکی سادە و باوکانە و خاوەن هەستێکی جوان ناسراوە و ئەمەش وایکردووە لە ناوخۆ و دەرەوە ڕێزێکی زۆری لێ بگیرێت.
کودەتایەک کە لەلایەن ئەفسەرانی سوپاوە لە پلەی سەرهەنگ و خوارەوە ڕێکخرابوو لە ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠ دوای بەردەوامبوونی نائارامییە مەدەنی و ئەکادیمییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا، بەبێ بەشداری یان سەرکردایەتی جەمال گورسێل ڕوویدا. دواتر گورسێل لە شەوێکدا لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە هەڵبژێردرا و هێنرایە سەرۆکایەتی کودەتای سەربازی و کرا بە سەرۆک. بەمەش بووە سەرۆکێک کە بەبێ پلاندانانی خۆی بۆ کودەتا ببێتە خاوەنی کودەتاکە. جەنەڕاڵ جەمال گورسێل لە ٣٠ی ئایاری ١٩٦٠ وەک فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری حکوومەتی ٢٤ ناسێندرا، ئەمە لە ڕووی تیۆریەوە دەسەڵاتی ڕەهای زیاتری پێبەخشی لەوەی تەنانەت کەمال ئەتاتورکیش هەیبوو.
گورسێل ٢٠٠ خوێندکار و نۆ ڕۆژنامەنووسی ئازاد کرد، و مۆڵەتی بە ١٤ ڕۆژنامەی قەدەغەکراو دا بۆ ئەوەی دەست بە بڵاوکردنەوە بکەنەوە، هەروەها سەرۆک جەمال گورسیل ئەنجوومەنێکی زانستی بۆ ڕێنمایی وەزارەتی بەرگری پێکهێنا، دواتر ئەنجوومەنی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆجی تورکیای پێکهێنا بۆ ڕاوێژکاریی بەرفراوانتر بۆ حکوومەت.
دەوڵەتمەداری
ڕۆڵێکی چالاکانەی لە مۆدێرنکردنی بەرفراوانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و بەرگرییەکی چەسپاوی جیهانی ئازاد و ئەورووپا لە کاتی شەڕی سارددا و بەتایبەتی لە کاتی قەیرانی مووشەکی کوبادا بینی. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی قوبرس بەپێی ڕێککەوتنەکانی پێشوو و جێگیرکردنی یەکەیەکی سەربازی تورکیا بۆ قوبرس لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٠ ڕوویدا. مۆڵەتی بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی بەریتانیا بەخشی بۆ ئەوەی بەسەر ئاسمانی تورکیادا بفڕن بۆ پشتگیریکردنیان لە کوەیت، کە لە ژێر هەڕەشەی داگیرکاری لەلایەن عێراقەوە بوو لە تەممووزی ١٩٦١. کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی پرسیاری لێکرا سەبارەت بە نیازی بوون بە سەرۆکی داهاتوو لەسەر پێشنیاری پەرلەمانی کاتی، جەمال گورسێل وەڵامی دایەوە کە ئامادەیە تەنها لەو کاتەدا خزمەت بکات کە میللەت داوای بکات نەک لەلایەن ئەنجوومەنی کاتیەوە. لەو ماوەدا دەستوورێکی نوێ نووسرایەوە کە بۆ یەکەمجار دەقێکی تەواوی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خستە ژێر پاراستنی دەستووری لەگەڵ باشترکردنی سیستەمێکی پشکنین و هاوسەنگی لە مێژووی تورکیادا، ئەمەش بە ڕیفراندۆمێک پەسەندکرا کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٦١ ئەنجامدرا. لەگەڵ دامەزراندنی یەکەمین دادگای دەستووری کە گۆڕانکارییەکی نوێی پارادایمی دروستکرد بە وردبوونەوە لە بڕیارەکانی پەرلەمان وەک ئۆرگانی "چێکەکان" لە ساڵی ١٩٦١ و زیادکردنی ئەنجومەنی پیران بۆ پەرلەمان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا دوای هەڵبژاردنە گشتییەکان کرایەوە، گورسیل بوو بە کاندید و دەنگی پێدرا وەک چوارەمین سەرۆک کۆماری تورکیا. سەرۆکی نوێ ئەرکی پێکهێنان و خزمەتکردنی وەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی نوێی بە ئیسمەت ئینۆنو سپارد.
لەگەڵ کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ڕۆژاوا و بلۆکی سۆڤیەت، گورسێل بەدوای باشترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیدا بوو لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت، وەک دەستپێکردنی ڕێککەوتنی هێڵی تەلەفۆن، هەروەها لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانی ڕۆژاوا لەکاتی دەستپێکردندا ڕێککەوتنی نوێی قەرز لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا و پەیوەندییە تەکنیکی و وەبەرهێنانە دوولایەنەکان لەگەڵ ئەڵمانیا لە ساڵانی شەستەکاندا.
ڕیاکتۆری ئەتۆمی لە ئیستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ دامەزراندنی یەکەم کتێبخانەی توێژینەوە و دەوڵەتی حکوومەت لە ماوەی دوو ساڵدا دوای دەستپێکردنی ئیدارەکەی دەستی بە کار کرد. پێشخستنی ئازادی و مافە یاساییەکانی پێکهێنانی سەندیکا و مانگرتنی لە وڵاتدا پەرەپێدا. زانکۆکانی تورکیا بۆ یەکەمجار سەربەخۆیییان بە یاسا بەدەستهێنا لەسەر ئەو یاسایەی کە ئەو پەسەندی کرد. جەمال گورسێل لێخۆشبوونی سەرۆکایەتی بۆ سزای هەتاهەتایی سەرکۆماری پێشوو جەلال بەیار بەخشی، دەستپێشخەری سەردەمی نوێی ئابووری پلان بۆ داڕێژراو بوو لە تورکیا، پەیمانگای ئاماری دەوڵەتی پێکهێنا، ڕێکخراوی پلاندانانی دەوڵەتی (DPT)ی دروست کرد کە "پلانی یەکەمی گەشەپێدانی پێنج ساڵە"ی جێبەجێکرد.
گورسێل، دوای ٤٠ ساڵ لە دامەزراندنی کۆمار، یەکەمین وێستگەی پەخشی ڕادیۆیی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵی لە چوارچێوەی پارێزگای ئەرزرۆم کردەوە کە لە ناوەڕاستی وڵاتدایە. تۆڕی پەیوەندییەکانی مایکرۆوەیڤی هێنایە کار و توانای تەلەفۆن و تەلەتایپی زیادکرد لەگەڵ لینکی ڕادیۆیی فرێکوێنسی بەرز کە لەندەن و ئەنقەرە بە ڕەوالپندی و کەراچی و تاران و ئیستەنبووڵەوە دەبەستێتەوە. بۆ یەکەمجار لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بناغەکانی پلانی نوێی گەشەپێدانی کشتوکاڵی و پێکهاتەیی بۆ ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دانا. بە ڕێنماییی ئەو، شوێنەوارە پیرۆزەکانی پێغەمبەران ئیبراهیم، مووسا، یووسف، داود و محەمەد (دروودی خوایان لەسەر بێت)، لەنێویاندا کۆنترین قورئان کە لە سەدەی حەوتەمەوە هەبووە، هەمووی کۆکرانەوە و لە کۆشکی تۆپکاپی لە ٣١ی ئابی ١٩٦٢ نمایشکران. گورسێل یەکەم وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری بۆ کابینەکە زیاد کرد. لە هەوڵێکی هاوتەریبدا بۆ بەرەوپێشبردنی جەماوەری گەشتیاری وڵاتەکە لەگەڵ ڕۆژاوا، هەروەها دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا (TRT) وەک دەزگایەکی حکوومی لە ساڵی ١٩٦٤ کە بۆ یەکەمجار پەخشی تەلەڤزیۆنی هێنایە تورکیا، لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەی ڕۆژنامەگەری و پەخش لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە ئەنقەرە لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٥. دەستپێشخەرییە نوێیەکەی وڵاتەکە لە پلاندانان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەشەی دانیشتووان لە ساڵی ١٩٦٥ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرهەمهێنانی یەکەم ئۆتۆمبێلی ناوخۆیی تورکی بەناوی دێڤریم واتە شۆڕش، کە بووە هۆی دەستپێکردنی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە کۆمارەکەدا لە چەند ساڵی دواتردا.
هەروەها یەکەم بەکارهێنانی کۆمپیوتەر لە وڵاتدا، گەشەی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی ئاسن و پۆڵا، وێستگەی کارەبای گەرمی و پێکهاتەکردنی بۆری بەنزین لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەودا ڕوویدا. جەمال گورسێل پاداشتی سەرۆکی دەوڵەت و پۆستەکانی دواتر لە سەرۆکایەتیدا ڕەتکردەوە و بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی بە مووچەی جەنەڕاڵە خانەنشینکراوەکەی دابینکرد.
نەخۆشی
بەهۆی ئیفلیجی کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٦١ دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٩٦٦ بە خێرایی پێشکەوت، لە ٢ی شوبات گورسێل بە فڕۆکەیەکی تایبەتی "بلوبێرد" کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا لیندۆن بی جۆنسۆنەوە نێردرابوو، ڕەوانەی سەنتەری پزیشکی سوپای واڵتەر ڕید لە واشنتۆن دی سی کرا. دوای هەفتەیەک لەوێ کەوتە کۆما دوای ئەوەی تووشی زنجیرەیەک جەڵتەی ئیفلیجی نوێ بوو. حکوومەت بڕیاریدا لە ٢٤ی ئازاردا بگەڕێتەوە تورکیا. لە کاتژمێر ٦:٤٥ خولەکی ئێوارەی ١٤ی ئەیلوولی ١٩٦٦ لە ئەنقەرە بەهۆی نەخۆشی ئەپۆپلێکسیەوە کۆچی دوایی کرد و لە بەشی "یادی شەهیدانی ئازادی" لە حەوشەی گۆڕستانی ئەتاتورک بەخاک سپێردرا. تەرمەکەی لە ٢٧ی ئابی ١٩٨٨ گواسترایەوە بۆ شوێنی ناشتنی هەمیشەیی لە گۆڕستانی دەوڵەتی تورک کە تازە دروستکرابوو.