عەبدولوەهاب مسێری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-19-18:53:00 - کۆدی بابەت: 10715
عەبدولوەهاب مسێری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەبدولوەهاب ئەلمسێری یان دکتۆر عەبدولوەهاب مسیری (بە عەرەبی: عبدالوهاب المسیري، بە ئینگلیزی: AbdelWahab El-Messiri) نووسەر و زانای کۆمەڵناس و ڕۆشنبیری ئیسلامی میسرییە. نووسەری ئینسایکلۆپیدیای جوولەکە و زایۆنیزمه، کە بە یەکێک لە گەورەترین ئینسایکلۆپیدیای عەرەبی سەدەی بیستەم دادەنرێت. دەیان لێکۆڵینەوە و وتاری و نووسراوی لەسەر ئیسرائیل و بزووتنەوەی زایۆنیستی بڵاوکردووەتەوە و بە یەکێک لە دیارترین مێژوونووسانی عەرەبی و جیهانی تایبەتمەند بە بزووتنەوەی زایۆنیست دادەنرێت. 

زانیاری گشتی
ناو عەبدولوەهاب مسێری
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ١٩٣٨ میسر
ڕەگەزنامە میسری
ئایین ئیسلام
پیشە نووسەر، کۆمەڵناس، ڕۆشنبیر
کۆچی دوایی ٢٠٠٨

ژیاننامەی

عەبدولوەهاب مسێری لە شاری دەمنهووری وڵاتی میسر لە ساڵی ١٩٣٨ لەدایکبووە، هەر لە ناوچەکەی خۆیان خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٥٥ لە بەشی ئینگلیزی کۆلێجی ئادابی زانکۆی ئەسکەندەرییەی میسر وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٥٩ بە پلەی نایاب بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشەکەی بەدەست هێناوە و بووە بە وانەبێژ لە زانکۆکەی.

لە ساڵی ١٩٦٣ بۆ درێژەپێدان بە خوێندن گەشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە، ساڵێک دواتر بڕوانامەی ماستەری لە پسپۆڕی ئەدەبی بەراوردکاری لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک وەرگرتووە. پاشان لە ساڵی ١٩٦٩ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی ڕۆتگرزی ویلایەتی نێوجێرسی بەدەستهێناوە. دوای گەڕانەوەی بۆ میسر وەکوو مامۆستای زانکۆ کاری وانەبێژی لە چەند زانکۆیەک کردووە. پاشان وەکوو پسپۆڕی سەرەکی بۆ کاروباری زایۆنیست لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژی لە ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری کاری کردووە. 

ئەزموونی سیاسی

سەرەتای ئەزموونی سیاسی لە سەرەتای ساڵی دووهەزارەوە دەستیپێکرد. مسێری لایەنگری لایەنە چەپڕەوەکانی میسر بوو و بۆ ماوەیەکی کەم لە نێو حیزبی شیوعی میسری بوو، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی چەپڕەوی میسری حیزب و جووڵانەوەیەکیان دامەزراند بە ناوی کیفایە کە مۆرکی ئیسلامەتییەکی نوێخوازی پێوەبوو و دژی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک بوون.

لە ساڵی ٢٠٠٥ حیزبەکەی دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی حوسنی موبارەک بۆ سەرۆکایەتی میسر بوون، بۆیە چەندان زنجیرە خۆپیشاندانی ناڕەزایی ڕێکخست، بەوهۆیەوە چەند جارێک مسێری لەلایەن دەسەڵاتەوە زیندانی کرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا. لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧ پۆستی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی کیفایەی میسری لە ئەستۆ گرت، کە بزووتنەوەکە لەو کاتەدا دژی دەسەڵاتی سەرۆک حوسنی موبارەک بوو و هەوڵی دا بە ڕێگای ئاشتییانە لە دەسەڵات دووری بکاتەوە، هاوکات دژی ئەو گریمانەیەش بوون کە جەمال موبارەکی کوڕی حوسنی موبارەک ببێتە سەرۆک کۆماری میسر. مسێری تاکوو کۆچی دوایی لە پۆستی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە مایەوە. 

ئەزموونی نووسینی

مسێری لە سەرەتای لاوییەوە خولیای نووسینی هەبووە، شێوازی نووسینی قورس و ئاڵۆزە تاڕادەیەک شێوازی زانستی و هزری زاڵن بەسەر نووسینەکانی، بواری نووسینی دیاریکراو بووە لەسەر چەند بوارێکی دیاریکراو نووسیەتی نموونەی جوولەکەکان و یەهودیزم، زایۆنیزم و شارستانیەتی ڕۆژاوای ئیسرائیل، ئەدەبیاتی ئینگلیزی، ناسنامەی عەرەبی و هەستی نەتەوەیی عەرەبی، جیهانگیری و عەلمانییەت و سەرمایەداری.

مسێری لە هەموو ئەم بوارانەدا تایبەتمەند و پسپۆڕ بووە، نووسین و پێشبینییەکانی لەسەر جوولەکە و زایۆنی بەدیهاتووە. هاوکات بۆ نووسینەکانی هەمیشە سەرچاوەی زانستی و ئیسلامی تەواو و هەمەجۆری بەکارهێناوە. بە دەیان کتێب و نووسراوی هەیە و هاوکات چەندان کۆڕ و کۆبوونەوەی لە بواری زایۆنیزم و شارستانییەتی ڕۆژاوای ئیسرائیل ئەنجام داوە. هەروەها زۆرێک لە نووسراو و  کتێبەکانی وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانەکانی تر بۆ کراو. 

کۆچی دوایی

لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ٣ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٨، عەبدولوەهاب مسێری لە نەخۆشخانەی فەڵەستینی شاری قاهیرە له تەمەنی ٧٠ ساڵی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کردووە. تەرمەکەی لە ناوچەی دەمەنهوور له وڵاتی میسر نێژراوە.


سەرچاوەکان



140 بینین