ناوهڕۆك
ناساندن
کوردانی فەیلی یان فەیلییەکان (بە ئینگلیزی: Feylis، Feyli یان Feyli Kurds، بە عەرەبی: الفيليون یان أكراد فيلية) هۆزێکی کوردی ڕۆژهەڵاتین، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەژین، هەروەها لە پارێزگای لوڕستان و کرماشان و ئیلام سەر بە ئێران دەژین، بەشێکیش لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕۆژھەڵاتی دیجلە کە فەیلیی شیعەن لە بەغداد و پارێزگای دیالە دەژین.
زاراوەی فەیلی بە کۆمەڵێک ھۆزی کوردی ئیلامی دەوترێت، کە نیشتەجێی پێشکۆ و پشتکۆی زنجیرەچیاکانی زاگرۆس بوون، زۆربەی مێژوونووسان، کۆکن کە لە ڕەچەلەکی ئیلامی یان گۆتییەکان بوون، کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ژیاون، لە ناوچەکانی مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جەسان، خانەقین، کەرکووک، بەغداد، کووت، عەمارە و بەسڕە.
لەلایەن چەند کەسانێکی ڕۆژھەڵاتناسی وەکوو ڤلادیمیر مینۆرسکی ڕووسی و جۆن ماڵکۆن و توێژەری کورد دکتۆر ئیسماعیل قەمەندار فەتاح پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن، کە بڕوایان وایە سەرەتای دەرکەوتنی زاراوەی فەیلی لە سەدەی ١٦ـیەم بووە، ئێستاش ئەم زاراوەیە بۆ ئەو کوردانە بەکاردێت، کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بەر دەوڵەتی عێراق کەوتوون. فەیلییەکان لە دەستووری عێراقدا وەک نەتەوەی کورد ناسێنراون.
زانیاری گشتی
ناوچەکان بە ژمارەی دانیشتووانی بەرچاو | |
---|---|
زمانەکان | |
فەیلی یان ئیلامی | |
ئایین | |
ئیسلامی شیعە مەزهەب و یارسان | |
گرووپە ڕەگەزییە پێوەندیدارەکان | |
کورد و لوڕ |
کوردە فەیلییەکان لە عێراق
فەیلیەکان زۆرینە لە بەغداد، کووت، خانەقین، مەندەلی و بەدرە لە نزیک سنووری ئێران دەژین و خۆیان بە کورد دەزانن. فەیلییەکانی عێراق بە شێوەیەکی کارا بەشدارییان لە شەڕی سەربەخۆیی کورددا کردووە.
لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا عێراق نزیکەی ٤٠ ھەزار فەیلی دەرکرد کە چەندین نەوە لە نزیک بەغداد و خانەقین ژیاون و گومانیان کرد کە ئەوانە خەڵکی ئێرانن. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٨٠ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کوردی فەیلی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە زێدی خۆیان دوورخراونەتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٠ سەدام حسێن بڕێک پارەی پێشکەشی ئەو ھاوڵاتیانە دەکرد کە لە فەیلییەکان جیادەبوونەوە یان خۆیان بێبەری دەکرد، لە ساڵی ٢٠١٠ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە نزیکەی ١٠٠ ھەزار فەیلی ڕەگەزنامەیان بۆ گەڕێنراوەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٠، دادگای عێراق تارق عەزیزی وەزیری دەرەوەی دێرینی سەدام حسێنی بە تاوانبار زانی، کە لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا فەیلییەکانی تیرۆر کردبوو، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
محەمەد عەبدولساحب، وتەبێژی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دادوەرێک تارق عەزیزی بە تاوانبار زانی و سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند. بەڵگەکان بەس بوون بۆ ئەوەی بە تاوانی ئاوارەکردن و کوشتنی کوردانی فەیلی تاوانباری بکات. عەزیز ئەندامی ئەنجوومەنی فەرماندەیی شۆڕش بوو کە ڕەگەزنامەی عێراقی بۆ زۆرێک لە کوردەکانی فەیلی ھەڵوەشاندەوە."
لە کۆی ١٥ تۆمەتباری تری دۆسیەی دادگای باڵای عێراق، سێ دڵسۆزی سەدام حسێن بە تاوانبار ناسێنران و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا. دوو کەسیان کە عەزیزی تێدایە، سزای ١٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ئەو ١٠ کەسەی تریش بێتاوان بوون کە دوو زڕبرای سەدام حسێن بە ناوەکانی (وەتبان ئیبراھیم حەسەن) و (سەبعاوی ئیبراھیم حەسەن) بوون.
کەمینەی کوردی فەیلی بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەیەکەوە ھاتوون لە باکووری ڕۆژھەڵاتی عێراق کە سنووری ئێران و عێراق دەبڕێت. ڕژێمی سەدام حسێن لە سەرەتای شەڕی ١٩٨٠-١٩٨٨ لەگەڵ ئێران دەیان ھەزار فەیلییان کوشت، دەستبەسەریان کردن و نێردرانەوە.
چۆنییەتی ناردنەوەی زۆرەملێی کوردانی فەیلی لە سەردەمی سەدام حسێن
لە ساڵی ١٩٦٩ حکوومەتی عێراق ڕاگواستن و دەرکردنی زۆرەملێی بە سەر کوردانی فەیلیدا سەپاند، لە ساڵی ١٩٧٠ زیاتر لە ٧٠ هەزار کوردی فەیلی نێردرانەوە بۆ ئێران و ڕەگەزنامەکانیان هەڵوەشێنرایەوە، بازرگانان و کەسە پلە باڵاکانی فەیلی بە تایبەتی کرانە ئامانج.
لە ساڵی ١٩٨٠ سەدام حسێن فەرمانی ژمارە ٦٦٦ـی واژۆ کرد کە بە یاسایی کوردانی فەیلی دەستبەسەر کردن و بە زۆرەملێ راگوێزران و نێردرانەوە. هەر لەو ساڵەدا ناردنەوەی بە کۆمەڵی کوردانی فەیلی لە بەغدادەوە دەستی پێکرد، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کوردی فەیلی نێردرانەوە ئێران، کە دەست بەسەر موڵک و ناسنامەکانیاندا گیرا، بۆیان نەبوو جگە لە جلوبەرگەکانی بەریان هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان ببەن، هەندێکیش لە گەنجەکانیان هەڕەمەکی هەڵدەبژارد و ڕەوانەی زیندانە جیاوازەکانی ناوچە جیاوازەکانی عێراقیان دەکردن. هەروەها ژمارەیەکی زۆریان لە سێدارە دران و لە کۆی ٣٠٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار کوردی فەیلی لایەنی کەم ١٥ هەزاریان بێ سەر و شوێن بوون.
کێشەکانی ئێستای کوردە فەیلییەکان
سەختییەکانی کوردانی فەیلی لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆتایی هات، زۆرێک لە کوردانی فەیلی لە ئێرانەوە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ عێراق کرد. لە دەستووری نوێی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٥ کوردانی فەیلی وەک قوربانی ستەم و کۆمەڵکوژی ناسێنران. لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسایەکی نوێی نەتەوەیی دەرچوو کە فەرمانی ژمارە ٦٦٦ـی هەڵوەشاندەوە، مافی وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی بۆ کوردانی فەیلی گەڕێندرایەوە. هەروەها پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١١ بە کۆی دەنگ بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی پەسەندکرد، دادگای باڵای عێراق چوار بەرپرسی حیزبی بەعسی بە پەیوەندی بە ڕۆڵی ناردنەوە و ڕاگواستنی کوردانی فەیلیدا سزا دا. لەو کاتەوە زۆرێک لە کوردانی فەیلی توانیان بۆ عێراق بگەڕێنەوە. هەروەها مەرجی گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامەکان تا ڕادەیەک قورسن، داواکاران پێویستە کۆپییەکی تۆماری خۆیان لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ پێشکەش بکەن، لە کاتێکدا پێ ناچێت زۆرێک لە کوردە فەیلییەکان خاوەنی بن.
بەپێی ئامارەکانی وەزیری کۆچبەران لە نێوان نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ تا نیسانی ٢٠١٣ تەنیا نزیکەی ١٦ هەزار کوردی فەیلی ڕەگەزنامەکانیان وەرگرتوەتەوە لە کاتێکدا دەبوایە زۆرتر بن. بەبێ بەڵگەنامەی نەتەوەیی کوردانی فەیلی ناتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکوو پەروەردە و چاودێری تەندروستی بگات. هەروەها ناتوانن بەڵگەنامەی وەکوو لەدایکبوون و مردن و هاوسەرگیری بەدەستبهێنن.
بۆ کوردە فەیلییەکان کە توانیویانە ڕەگەزنامە بەدەستبهێنن، ڕەگەزنامەکانیان ڕەنگێکی جیاوازتری لە عێراقییەکانی تر هەیە و وەک هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز ئێرانی پشانیان دەدەن، ئەمەش جیاکارییەک دروست دەکات. بە گوێرەی زانیارییەکان هێشتا فایل و تۆمارەکانی کوردە فەیلییەکان لە بەشی بیانییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی نەتەوەیی گشتی هەڵگیراون. هەندێکیان ڕایان گەیاندووە کە ڕووبەڕووی سوکایەتی و هەراسانکردن دەبنەوە، وەکوو ئەوەی لە کاتی سەردانیکردنی فەرمانگەکاندا ناوی سەفەوییەکانیان لێ نراوە.
ئاستەنگییەکی گەورەی بەردەم کوردە فەیلییەکان لە سەردەمی بەعسدا پرسی وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵە دەستبەسەر کراوەکانیانە. لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ عێراق بۆیان دەرکەوت کەسانی تر ماڵەکانیانی داگیرکردووە. هەرچەندە هەندێک قەرەبووکردنەوە دەبینرێت بەڵام وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵ بێ ئەنجام بوو و وەرنەگیرانەوە.
لە ڕووی سیاسییەوە کوردە فەیلییەکان نوێنەرایەتییان لە ڕێکخراوێکی یەکگرتوودا نییە، کە توانای پشتگیریکردنی داواکارییەکانیانی هەبێت. لە ئەنجامدا خاوەنی هیچ پشک و پۆستێکی حکوومی نین لە نێوان سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی سوننە، شیعە و کورد، هەروەها کورسییەکی یەدەگیان لە پەرلەماندا نییە بە پێچەوانەی زۆرێک لە کەمینەکانی تری عێراق.
کوردە فەیلییەکان لە ئێران
فەیلییەکان لە ئێران زۆرینەیان لە پارێزگای ئیلام و بەشێک لە پارێزگای لوڕستان دەژین و لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە بەرەو ڕۆژاوا ڕۆیشتوون. پەیوەست بوونیان بە ڕێگا بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق وای لێکرد ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبێت لە بازرگانی بەغداد. جگە لەوەش کۆچی جووەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ ئیسرائیل کە بازرگانانی جوولەکەکانی لەخۆگرتبوو ڕێگەی بە فەیلییەکان دا کە بۆشایی ئابووری پڕ بکاتەوە.