محەمەد مەهدی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-12-29-00:04:00 - کۆدی بابەت: 10800
محەمەد مەهدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد مەهدی (بە ئینگلیزی: Mohammad Mehdi بە عەرەبی: محمد مهدی) مامۆستایەکی دیاری زمانی ئینگلیزییە، یەکێکە لەو مامۆستایانەی کە لە ئێستادا خولەکانی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی زۆرترین خواستی لەسەرە. چەندین کتێب و خولی تایبەتی هەیە لە بواری فێرکردنی زمانی ئینگلیزیدا. جیا لە زمانی ئینگلیزی زمانەکانی (عەرەبی، فارسی، تورکی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئیسپانی) دەزانێت.

ژیان

مامۆستا محەمەد ناوی تەواوی (محەمەد مەهدی فەتاح)ـە. لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە دایک بووە. سەردەمی منداڵی لە ئێران ژیاوە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایشی هەر لەوێ تەواو کردووە. پاشان ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ خێزانەکەیدا گەڕاوەتەوە بۆ  کوردستان و لەو کاتەوە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە. دایکی ناوی (پەروین عەبدوڕەحمان) و باوکیشی ناوی (مەهدی فەتاح)ـە، خاوەنی سێ برایە، بە ناوەکانی (عیماد، جیهاد، ئەیاد). محەمەد مەهدی خێزاندارە و لەگەڵ (گەشبین عەدنان) هاوسەرگیری کردووە، خاوەنی کوڕ و کچێکن کە ناویان (شاهان و نورا)ـە. سەرەتای قۆناغەکانی ناوەندی دەستیکردووە بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەڵام زیاتر تێکەڵی بواری تەکنەلۆجی و کۆمپیوتەر بووە. توانیوویەتی شارەزاییەکی زۆر باش بەدەست بهێنێت و دەستی کردووە بە وتنەوەی وانەی فێرکاری لەو بوارانەدا. هەر لەم ڕێگەیەشەوە سەدان کەسی پسپۆڕی پێ گەیاندووە. لە  قۆناغەکانی ئامادەییدا دەستیکردووە بە نووسینی کتێب لە بوارەکانی زانستی کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، چەندین بەرنامەی دروستکردنی فیلمە ئەنیمەیشنیەکان، دیزاین. هەروەها لەماوەی چەند ساڵێکی کورتدا توانی چەندین کتێب لەو بوارانەدا بنووسێت که یەکێکیان بوو بە پڕفڕۆشترین کتێبی فێرکاری بەناوی (گرنگەکانی کۆمپیوتەر) کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوکرایەوە.
پاش ئەوە وردە وردە بەهۆی تەکنەلۆجیا و زانستی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتەوە زیاتر تێکەڵی زمانی ئینگلیزی بووە و لە قۆناغەکانی ئامادەیی توانیووییەتی بەباشی فێری زمانی ئینگلیزی ببێت. 
لە قۆناغی زانکۆش بەشی زمانی ئینگلیزی تەواوکردووە، لە زانکۆی سلێمانی.

بەرهەمەکان 

١. کۆرسی فێرکاری زمانی ئینگلیزی بە ئۆنلاین کە لە ئێستادا لە پێنج ئاست پێکهاتووە و لە ساڵی ٢٠١٨ دەستکراوە بە تۆمارکردنی کۆرسەکان و ساڵی ٢٠٢٢ بە تەواوی ئامادە کراون. زیاتر لە ٥٠ هەزار خوێندکار لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بەشدارن لەم کۆرسەدا.

٢. هەروەها چەند کتێبێکی لە بواری فێربوونی زمان و تەکنەلۆجیادا نوسیووه، ئەوانیش بریتین لە:

  • گرنگەکانی کۆمپیوتەر (کتێبی بواری زانستی کۆمپیوتەر). 
  • گرنگەکانی ئینتەرنێت  
  • فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەبێ مامۆستا، کە کتێبێکی فێرکاری زمانی ئینگلیزییە بۆ منداڵان. ئەم کتێبە بووە پڕفرۆشترین کتێب لە مێژووی بڵاوکراوەی کوردی، کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار دانەی لێ فرۆشرا. 

٣. هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ چەندین کەسایەتی ئەمریکی و کەسانی پسپۆڕی بواری تەکنەلۆجی و زمان. بەشێوەیەک که توانی لەسەر شاشەی یەکێک لە بەناوبانگترین کەناڵەکانی جیهان دەربکەوێت که کەناڵی سی ئێن ئێنی (CNN)ـی ئەمریکییە. تێیدا لەگەڵ چەندین کەسایەتی دیاری ئەمریکی و تەنانەت (میشێڵ ئۆباما)ـی هاوسەری ئۆباما که سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بوو گفتوگۆ بکات و پرسیاریان ئاڕاستە بکات.



270 بینین