ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی ئیداهۆ (بە ئینگلیزی: Idaho، بە عەرەبی: ايداهو)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باکووری ڕۆژاوای زەریای هێمن لە ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئیداهۆ هاوسنوورە لەگەڵ شەش ویلایەتی ئەمریکا و یەک پارێزگای کەنەدی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی مۆنتانا و وایۆمینگ، لە باشوورەوە لەگەڵ نیڤادا و یوتا و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ واشنتۆن و ئۆریگۆن هاوسنوورە. پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکە بۆیسە. ڕووبەری ویلایەتەکە ٢١٦٫٤٠٠ کیلۆمەتر دووجایە و لەڕووی ڕووبەرەوە ١٤ـەیەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی، بەڵام ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٫٨ ملیۆن کەسە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
نوسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئیداهۆی لە ١ـی تەممووزی ٢٠٢١ـدا بە ١٫٩٠٠٫٩٢٣ کەس تۆمارکرد. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا ٢١٪ زیادیکردووە. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ١٫٧٥٤٫٢٠٨ کەس بوو و بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ٣٧٫٢٦٥ کەس و لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە ١٨٦٫٦٢٦ کەس واتە ١١٫٩١٪ زیادی کردووە. هۆکاری ئەم زیادبوونەش گەشەی سروشتی و کۆچ بوو. ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان لە ویلایەتەکە نیشتەجێن کە بە ڕەچەڵەک ئینگلیزی و ئەڵمانین. ئەمەش وایکرد ئیداهۆ نۆیەم خێراگەشەسەندوترین ویلایەتی وڵاتەکەی بێت. لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٨، ئیداهۆ لە دوای نیڤاداوە دووەم خێراگەشەسەندوترین ویلایەتی ئەمریکا بوو. چڕی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٨٫٣٣ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
تەمەن و ڕەگەز
تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٣٥٫٧ ساڵییە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی ڕەگەزی کەمە، ٤٩٫٩٪ـی دانیشتووان مێ و ٥٠٫١٪ـی دانیشتووان نێرن.
شوێنی لەدایکبوون
٩٥٫٨٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئیداهۆ لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٤٧٫٢٢٪ـیان لە ئیداهۆ لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٣٫٤١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن. بەپێی راپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٧، ١٢٫٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئیداهۆ بە رەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون:
- مەکسیکی: ١٠٫٦٪
- پۆرتۆ ڕیکۆی: ٠٫٢٪
- کوبای: ٠٫١٪
- هیسپانی یان لاتینییەکانی تر: ١٫٣٪
پێنج گەورەترین گرووپی ڕەگەزی بریتی بوون لە:
- ئەڵمانی: ١٧٫٥٪
- ئینگلیزی: ١٦٫٤٪
- ئێرلەندی: ٩٫٣٪
- ئەمریکی: ٨٫١٪
- سکۆتلەندی: ٣٫٢٪
ئایین
- بێ ئایین: ٢٧٪٪
- پرۆتستانتی ئینجیلی: ٢١٪
- مۆرمۆن: ١٩٪
- پرۆتستانتی ددد: ١٣٪
- كاسۆلیكی: ١٠٪
- نامەسیحییەکانی تر: ٤٪
- ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات: ١٪
- مسوڵمان: ١٪
بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٠، گەورەترین ئایینەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەپێی ژمارەی پەیڕەوکەران مۆرمۆن بوو کە ٤٠٩٫٢٦٥ لایەنگر؛ پاشان کڵێسای کاسۆلیکی بە ١٢٣٫٤٠٠ شوێنکەوتە؛ دواتر پرۆتستانتی ئینجیلی نائایینی و کۆمەڵانی خوا دێن کە یەکەمیان ٦٢٫٦٣٧ لایەنگر و دووەمیان ٢٢٫١٨٣ لایەنگریان هەبوو.
زمان
زمانی ئینگلیزی زمانی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی ئیداهۆیە. زمانە کەمینەکان بریتین لە زمانی ئیسپانی و زمانە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکی ڕەسەن.
مێژووی ویلایەتەکە
ماوەی هەزاران ساڵە و لە پێش کۆلۆنیالیزمی ئەورووپییەوە گەلانی ڕەسەن لە ویلایەتی ئیداهۆ نیشتەجێ بوون. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا ویلایەتەکە بە بەشێک لە ناوچەی ئۆریگۆن دادەنرا، کە هەردوو ئەمریکا و ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بە خاکی خۆیانیان دەزانی و بووبووە ناوچەی ناکۆکی لەسەری نێوانیان، تا لە ساڵی ١٨٤٦ـدا و بە واژۆکردنی پەیمانی ئۆریگۆن بەفەرمی بوو بە خاکی ئەمریکا، بەڵام تا ساڵی ١٨٦٣ ڕێک نەخرا. پاشان و لە ٣ـی تەممووزی ١٨٩٠ـدا بوو بە ٤٣هەمین ویلایەتی ئەمریکا.
ئابووری ویلایەتەکە
پیشەسازییە گرنگەکانی وەکوو بەرهەمهێنان، کشتوکاڵ، کانسازی، دارستانەوانی و گەشتیاری ڕۆڵێکی سەرەکیان لە ئابووری ویلایەتەکەدا هەیە. هەروەها ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی زانست و تەکنەلۆجیا یان بارەگای سەرەکییان لە ویلایەتەکەدا دانراوە یان کارگەیان لەوێ هەیە، هەروەها ئیداهۆ تاقیگەی نیشتیمانی ئیداهۆی تێدایە کە گەورەترین دامەزراوەی وەزارەتی وزەیە لە وڵاتەکەدا. سەرەڕای ئەوەش، کەرتی کشتوکاڵی ویلایەتەکە چەندین بەرهەم دابین دەکات، بەڵام ویلایەتەکە بە بەرهەمی پەتاتە ناسراوە، کە لە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمی سەرتاسەری وڵات پێکدێت. نازناوی فەرمی دەوڵەت بریتییە لە "ویلایەتی گەوهەر"، کە دەربڕینێکی خوازراوە و ئاماژە بە جوانییە سروشتییەکانی ئیداهۆ دەکات.
کەشوهەوا
کەشوهەوای ویلایەتی ئیداهۆ زۆر جیاوازە. سەرەڕای ئەوەی سنووری ڕۆژاوای ویلایەتەکە نزیکەی ٥٣٠ کیلۆمەتر لە زەریای هێمنەوە دوورە، بەڵام هێشتاش کاریگەری دەریایی لە ویلایەتەکەدا هەستی پێ دەکرێت؛ بەتایبەتی لە زستاندا کە هەور ئاسمانی ویلایەتەکە داگیر دەکات و ڕێژەی شێ و دابارین زۆر بەرزە. لە پانهاندڵدا، بارستە هەوا شێدارەکان لە کەناراوەکانەوە هەڵ دەکەن و خەست دەبنەوە بۆ باران و بەسەر دارستانەکانی باکووری ناوەڕاستی زنجیرە چیای ڕۆکیزدا دەبارێن، کە دارستانە باراناوییە مامناوەندەکانی ئەمریکای باکوور دروست دەکەن. کاریگەری دەریایی لەسەر بەشی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە کەمترە و هاوینی باراناوییە و زستانی وشکە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی پلەی گەرمی وەرزی زۆرترە و کەشوهەواکەی زیاتر کیشوەری نیمچە وشکە. دەشێت کەشی ئیداهۆ گەرم بێت، هەرچەندە بەدەگمەن پلەکانی گەرما بۆ زیاتر لە ٣٧ پلەی سەدی بەرز دەبنەوە. کەمی ڕێژەیی شێ ڕۆژە گەرمەکانی وەرزی هاوین مامناوەند دەکاتەوە و کەشی ئێوارانی فێنکترە. هەروەها دەشێت مانگەکانی وەرزی زستان سارد بن، بەڵام پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ خوار پلەی بەستن دانابەزن. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٨ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٨ـی تەممووزی ١٩٣٤ـدا تۆمارکرا؛ نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٥١- پلەی سەدی بوو کە لە ١٨ـی کانوونی دووەمی ١٩٤٣ـدا تۆمارکرا.