ناوهڕۆك
ناساندن
بیرمەند و ڕابەرى ئیسلامیی سیاسی سودانە، بە نووسینەکانى لە بوارەکانى بیر و بانگەوازى ئیسلامییدا ناسراوە، ناوبانگى لە بوارى سیاسەتدا بەهۆى هاوپەیمانییەکان و پێگە سیاسییەکانەوە بەدەست هێناوە لە ساڵى 1964ـەوە، بەهۆى ئەوەشەوە چەند جارێک زیندانى کراوە.
ژیاننامە
حەسەن عەبدوڵڵا تورابی لە 1ـى شوباتى 1932 لە شارى کەسلاى ڕۆژهەلاتى سودان لە خێزانیکى ئایین پەروەر لەدایکبووە، خانەوادەکەى سەر بە هۆزى بەدیرییە بوون، لە تەمەنى منداڵیدا دایکى کۆچى دوایی کردووە، باوکى دادوەر و شێخى تەریقەتى سۆفیی بووە و بە منداڵى قورئانى بە چەند خویندنەوەیەکى جیاواز پێ لەبەرکردووە، هەروەها زانستى زمانى عەرەبی و شەریعەتى پێ خوێندووە.
ئومامەى کچى لە ساڵى 2010 دا و لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ گۆفارێکى سودانیدا سەبارەت بە باوکى دەڵێت کە "باوکم لە ماڵەوە ئامڕازەکانى دارتاشی هەبوو بە مەبەستى چاککردنەوەى دەرگاکانى ماڵەوە، هەروەها ئارەزووى لە خوێندنەوەى هۆنراوەى شاعیرەکان هەبووە، گوێی لە پارچە مۆسیقاکانى بتهۆڤن دەگرت و بەزۆرى سەیرى ئەو فلیمانەى دەکرد کە تایبەتبوون بە ڵێکۆڵینەوە لە تاوانەکان".
خوێندن
لە چەند ناوچەیەکى جیاوازى سودان خوێندویەتى، ساڵى 1955 لە زانکۆى خەرتومى پایتەختى سودان خویندنى یاساى تەواو کردووە، لە ساڵى 1957 لە زانکۆى ئۆکسفۆردى بەریتانیا ماستەرى بەدەست هێناوە، ساڵى 1964 لە زانکۆى سۆربۆن لە فەڕەنسا دکتۆراى بەدەست هێناوە.
بەهۆى نیشتەجێبوونى لە ڕۆژئاوا زمانەکانى فەڕەنسی و ئینگلیزى و ئەڵمانى زانیووە، هەروەها توانویەتى خوێندنەوەیەکى قووڵ بۆ زانست و کلتورى ڕۆژئاوا بکات.
ئاڕاستەى بیرکردنەوە
لە خوێندنى لە زانکۆى خەرتوم بە بیرى و کۆمەڵى ئیخوان موسلمین ئاشنا بووە، بۆیە بووە بە ئەندام و ساڵى 1969 بووە بە یەکێک لە سەرکردەکانى ئەو ڕێکخراوە، بەڵام دواتر لە ڕێکخراوەکە جیابویەوە و ڕەوتێکى تایبەت بەخۆى هەڵبژارد.
ئەرک و بەرپرسیاریەتى
- دواى ئەوەى خوێندنى لە دەرەوەى وڵات تەواو کرد و گەڕایەوە بۆ سودان بوو بە ڕاگرى کۆلێژى یاسا لە ساڵى 1965دا، بەوەش یەکەم سودانى بوو کە ئەو پۆستە وەربگرێت.
- ساڵى 1979 بوو بە سەرۆکى لیژنەى پێداچوونەوەى یاساکان، دواتر لە ساڵى 1981 بوو بە وەزیرى داد، دواتر بوو بە ڕاوێژکارى سەرۆکى وڵات بۆ کاروبارى دەرەوە لە ساڵى 1983، لە ساڵى 1988 بوو بە جێگرى صادق مەهدى کە سەرۆکى وڵات بوو هەروەها وەزیرى دەرەوە لە حکومەتێکى هاوبەینیدا.
- ساڵى 1991 کۆنگرەى گەلى عەرەبیی ئیسلامى دامەزراند بوو بە ئەمیندارى گشتى کۆنگرە و زۆربەى گروپە ئیسلامییەکانى تیادا کۆبوویەوە.
- لە ساڵى 1996 و لە کاتى شۆڕشی ئینقازدا بوو بە سەرۆکى پەرلەمان، هەروەها سالى 1998 بوو بە ئەمیندارى گشتى کۆنگرەى نیشتمانى فەرمانڕەوا، دواى بەجێهێشتنى دەسەڵات لە ساڵى 1999 کۆنگرەى نیشتمانى دامەزراند و بوو بە ئەمیندارى گشتى کۆنگرە.
ئەزموونى سیاسی
سەرەتاى ژیانى سیاسیی تورابی لەوەوە دەستى پێکرد کە ئەندام بوو لە بەرەى پەیماننامەى ئیسلامى، ئەو بەرەیەى کە لە هاوپەیمانییەکى ڕەوتە ئیسلامییەکان پیکهاتبوو کە ئیخوان ڕابەرایەتى دەرکرد، و بوو بە ئەمیندارى گشتى ئەو بەرەیە لە ساڵى 1964دا.
شۆڕشى تشرینى دووەمى ساڵى 1964 وەرچەرخانێکى مێژوویی بوو لە ژیانى سیاسی تورابى دا چونکە لە هۆڵەکانى خوێندنەوە گواستیەوە بۆ مەیدانى سیاسەت و ململانێکانى.
لە ئەنجامى ئەو کودەتا سەربازییەى کە جەعفەر نومەیرى لە 1969دا ئەنجامى دا ئەندامانى بەرەى پەیماننامەى ئیسلامى دەستگیرکران، لە سەردەمى نومەیریدا تورابی سێ جار زیندانى کرا، لە ساڵى 1977 و پاش ئاشتبوونەوەى نومەیرى و ئیسلامییەکان ئازادکرا کە لە ئەنجامدا بڕیاردرا بە جێبەجێکردنى شەریعەتى ئیسلامى لە سودان لە ساڵى 1983دا.
ساڵى 1985 بەهۆى شۆڕشی گەلى سودانەوە حکومەتەکەى نومەیرى هەرەسی هێنا و بوارى دا بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن و بۆیە لە ساڵى 1986 بەرەى نەتەوەیی ئیسلامى پێکهێنا و بەشدارى هەڵبژاردنى کرد و بوو بە سێیەم هێز و بەوەش بەشدارى حکومەتیکى هاوبەشى کرد لەگەڵ سادق مەهدیدا.
ساڵى 1989 چەند فەرماندەیەکى سەربازى سەر بە ڕەوتى ئیسلامى کودەتایەکیان بەسەر حکومەتەکەى مەهدى دا ئەنجام دا، ئەو کودەتایە تورابی فەرماندەى ڕاستەقینەکەى بوو هەرچەندە موشیر حەسەن بەشیر دیاریکرا بۆ سەرۆکایەتى وڵات.
تورابی لە پشتەوە حوکمڕانى وڵاتى دەکرد تاوەکو ساڵى 1999 ناکۆکییەکان لە نێوان تورابی و بەشیردا گەیشتە لوتکە، بەهۆیەوە تورابی لە سەرجەم بەرپرسیارییە حکومى و حزبییەکان دوورخرایەوە و دواتر لە ساڵى 2001دا کۆنگرەى گەلى وەکو پارتێکى ئۆپۆزسیۆن دامەزراند.
چەند جارێک لەژێر چەند پاساوێکدا دەزگاکانى ئاسایش تورابییان دەستگیرکردووە وەکو: پلان دانان بۆ کودەتاى سەربازى، بەڵام دیارترینیان ساڵى 2009 بوو بەهۆى ئەوەى پاڵپشتى بڕیارى دادگاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى کرد کە تیایدا هاتبوو کە بەشیر تاوانبارە بە ئەنجامدانى تاوان دژبە مرۆڤایەتى و کۆمەڵکوژى.
لەساڵانى دوایی تەمەنیدا پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەشیردا ئاسایی بونەوە پاش ئەوەى بەشیر بانگەشەى "گفتوگۆى نیشتمانى" کرد و تورابی پەسەندى کرد، بەڵام ئەو گفتوگۆیە بەشێکى زۆر لە هێزە نەیارەکان بایکۆتیانکرد.
کۆچى دوایی
تورابی لە 5 ى ئادارى ساڵى 2016 بە نەخۆشییەکى کتوپڕ کۆچى دوایی کرد و بۆ ڕۆژى دواتر و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاولاتیانى سودان لە خەرتومى پایتەخت تەرمەکەى بە خاک سپێردرا.