ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی میریلاند یان ماریلاند (بە ئینگلیزی: Maryland، بە عەرەبی: ماريلند)، ویلایەتێکە لە ناوچەی ناوەڕاستی ئەتڵەسی ئەمریکا. لە باشوور و ڕۆژاواوە لەگەڵ ڤێرجینیا، ڤێرجینیای ڕۆژاوا و واشنتن دی سی؛ لە باکوورەوە لەگەڵ پێنسیلڤانیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی دێلاوێر و زەریای ئەتڵەسیدا هاوسنوورە. میریلاند لەڕووی ڕووبەرەوە هەشتەم بچووکترین ویلایەتی ئەمریکا، بەڵام ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە و ١٨ـەیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی وڵاتە. بالتیمۆر گەورەترین شاری ئەم ویلایەتەیە و ئاناپۆلیسیش پایتەختی ویلایەتەکەیە. نازناوە لاوەکییەکانی ویلایەتەکە بریتین لە، ویلایەتی ئۆڵد ڵاین، ویلایەتی ئازاد و ویلایەتی کەنداوی چیساپیک. ناوی ویلایەکە بە ناوی شاژنە هێنریتا ماریا (Henrietta Maria)وە نراوە.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری ویلایەتی میریلاند ٣٢,١٣٣ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٢٥,٣١٤ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٦,٨١٩ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٢١٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٤٤ کەس و لە پلەی پێنجی وڵاتدا بوو.
مێژووی ویلایەتەکە
پێش ئەوەی گەڕیدە ئەوروپییەکان لە سەدەی ١٦ـدا بگەنە کەناراوەکانی میریلاند، چەند گرووپێکی ڕەسەنی ئەمریکی لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون. وەک یەکێک لە سیازدە کۆلۆنییەکانی ئینگلتەرا، میریلاند لەلایەن جۆرج کالڤێرت (George Calvert)ـەوە دامەزرا. لە ساڵی ١٦٣٢، شا چارڵسی یەکەمی ئینگلتەرا چارتەرێکی کۆلۆنیالی بە لۆرد بالتیمۆر بەخشی و کۆلۆنیەکەی بە ناوی هێنریتا ماریای هاوسەرییەوە ناونا. بە پێچەوانەی باوکە زیارەتکارە مەسیحییەکان و پیوریتانییەکانەوە، کە ڕێگیریان لە نیشتەجێبوونی کاسۆلیکییەکان دەکرد، لۆرد بالتیمۆر وێنای کۆلۆنییەکی کرد کە تێیدا خەڵکی بە ئاشتی لەگەڵ جیاوازی ئایینی و بیروباوەڕیان پێکەوە بژین. بۆیە، لە ساڵی ١٦٤٩ ئەنجومەنی یاسادانانی میریلاند یاسایەکی سەبارەت بە ئایین دەرکرد کە تێیدا سزای هەر کەسێکی دەدا کە سەربارەت بە جیاوازی گرووپی ئایینییان بەسەر دانیشتوویەکی تری ناوچەکەدا دەیخوڕی. سەرەڕای ئەوەش، ناکۆکی ئایینی لە ساڵانی سەرەتاییدا باو بوو و کاسۆلیکییەکان بەشێکی کەمی دانیشتووانیان پێکهێنابوو، بەڵام ژمارەیان لە هەر کۆلۆنییەکی تری ئینگلیزی زیاتر بوو.
جێگیرگە کۆنەکان و ناوەندەکانی دانیشتووانی میریلاند ناوچەکانی دەوروبەری ڕووبارەکان بوون، ئابووریی ناوچەکەش پشتی بە کێڵگەکان و چاندنی تووتن دەبەست و ژمارەیەک کۆیلەی ئەفریقی هاوردەی میریلاند کرا. میریلاند لە ٢٨ـی نیسانی ساڵی ١٧٨٨ـدا بوو بە حەوتەم ویلایەتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە بەشدارێکی چالاک بوو لە ڕووداوەکانی پێش شۆڕشی ئەمریکا و زۆرێک لە هاوڵاتیانی ڕۆڵی سەرەکی سیاسی و سەربازییان لە شەڕەکەدا گێڕا. هەرچەندە میریلاند ئەو کاتە ویلایەتێکی کۆیلە بوو، بەڵام لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا لە یەکێتییەکەدا مایەوە و شوێنە ستراتیجییەکەی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە شەڕ و پێکدادانەکەدا پێبەخشی. دوای شەڕی ناوخۆ، میریلاند بەشداری لە شۆڕشی پیشەسازیدا کرد. لە ساڵانی ١٩٤٠ـەوە، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە خێرایی گەشەی کرد و گەشتە نزیکەی شەش ملیۆن کەس، لە ئێستادا میریلاند لە نێو چڕترین ویلایەتەکانی ئەمریکایە و خاوەنی ئابوورییەکی زۆر هەمەچەشنە کە بەرهەمهێنان، خزمەتگوزارییەکانی دوورەپەیوەندی، ئیدارەی گشتی، خانووبەرە، خوێندنی باڵا، تەکنەلۆجیای زانیاری، گرێبەستی بەرگری، چاودێری تەندروستی و زیندەتەکنەلۆجیا دەگرێتەوە. نووسینگەی شیکاری ئابووری تێکڕای بەرهەمی ویلایەتی میریلاندی لە ساڵی ٢٠١٦ـدا بە ٣٨٢,٤ ملیار دۆلار مەزندەکرد. داهاتی تاکەکانیشی لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا ٤٣,٥٠٠ دۆلار و لە پلەی پێنجی وڵاتدا بوو. تا مانگی ئازاری ٢٠٢٢، ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە ٤,٦٪ و ڕێژەی هەژاریش ٧,٨٪ بوو.
دانیشتووان
نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا بۆی دەرکەوت کە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی میریلاند ٦,١٨٥,٢٧٨ کەسە و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٧,١٪ زیادی کردووە. نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەی لە ١ـی تەمموزی ٢٠١٩ـدا بە ٦,٠٤٥,٦٨٠ کەس مەزەندەکردبوو، کە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٤,٧١٪ زیادیکرد لە ساڵی پێشووەوە ٢,٩٦٢ کەس زیادی کرد. ئەمەش بەهۆی زیادبوونی سروشتی و کۆچەوە بوو، لە دوایین سەرژمێرییەوە بەهۆی زیادبوونی سروشتییەوە ٢٦٩,١٦٦ کەس و بەهۆی کۆچەوە ١١٦,٧١٣ کەس زیادی کرد، کە ١٢٩,٧٣٠ کەسیان لە دەرەوەی ئەمریکا و ١٣,٠١٧ کەسیان لە ناوخۆی وڵاتەوە ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد.
میریلاند وەک ویلایەتێکی سنووری تایبەتمەندی هەردوو ناوچەی باکوور و باشووری ئەمریکای هەیە. بە شێوەیەکی گشتی، گوندنشینەکانی ڕۆژاوای میریلاند لە نێوان پانهاندڵی ڕۆژهەڵاتی ڤێرجینیای ڕۆژاوا و پێنسیلڤانیا خاوەنی کولتوورێکی ئەپالاچیانن؛ ناوچە کەنارییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی میریلاند کولتوورێکی باشوور بەرجەستە دەکەن، لە کاتێکدا ناوەڕاستی میریلاند کە ژمارەیەکی زۆر نیشتەجێی لێیە هەمان کولتووری دانیشتووانی باکووری ڕۆژهەڵاتیان هەیە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
لە ساڵی ١٩٧٠ـدا، نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ١٧,٨٪ـی دانیشتووانی میریلاندی بە ئەمریکی ئەفریقی و ٨٠,٤٪ـی دانیشتووانی بە سپی پێستی ناهیسپانی دا لە قەڵەم. ئەمریکییە ئەفریقییەکان بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣١,١٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا. زۆربەی زۆریان نەوەی ئەو کۆیلانەن کە لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ئەفریقاوە گوازرانەوە بۆ ناوچەکە و ڕەگەزی بەشێکی زۆریان تێکەڵە. دانیشتووانی نوێی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی ویلایەتەکە بریتین لە کۆچبەرانی سەدەی بیستەم و دواتر کە له نەیجیریاوه ڕوویان لە ناوچەکە کرد. هەروەها ویلایەتی میریلاند میوانداری دانیشتووانی وڵاتانی دیکەی ئەفریقا و کاریبی دەکات. ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە هۆڕنی ئەفریقاوە ڕوویان لە ناوچەکە کردوە و لە ویلایەتەکەدا نیشتەجێن، کە لە دەوروبەری واشنتن دی سی و شاری بالتیمۆردا چڕبوونەتەوە. گەورەناوچەی واشنتن خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی ئەسیوبیایە لە دەرەوەی ئەفریقا. گرووپە ڕەچەڵەکییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی ویلایەتی میریلاند بریتین لە:
- ئەڵمانی: ١٥٪
- ئێرلەندی: ١١٪
- ئینگلیزی: ٨٪
- ئەمریکی: ٧٪
- ئیتاڵی: ٦٪
- پۆڵەندی: ٣٪
ئەمریکییە ئێرلەندییەکان لە سەرانسەری ناوچەی بالتیمۆر و ناوچەکانی دەوروبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی واشنتن، دی سیدا جێگیربوون. هەروەها کرێکارانی کۆچبەری ئێرلەندی لە ڕۆژاوای میریلانددا نیشتەجێن، ژمارەیەکی بچووکتریان کە بەتەمەنترن لە باشووری میریلاند دەدۆزرێنەوە و مێژووی جێگیربوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆلۆنی میریلاند، بەڵام ئەم دانیشتووانانە هێشتاش لەڕووی کولتوورییەوە هەر چالاکن و ساڵانە چەند فیستیڤاڵێک بەڕێوە دەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کەناری رۆژهەڵات و باشووری میریلاند بە ڕەچەڵەک نەوەی ئەمریکییە بەریتانییەکانن. سەرەڕای ئەوەش، ژمارەیەکی زۆر ئەڵمانی-ئەمریکی لە ڕۆژاوا و باکووری میریلاند نیشتەجێن.
کۆچبەرە ئەورووپییەکانی ئەم دوایەی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم یەکەمجار لە شاری بالتیمۆر نیشتەجێ بوون. زۆرێک لە نەوە ئیتاڵی، پۆڵەندی، چیکی، لیتوانی و یۆنانییەکان هێشتا لە ناوچەکەدا دەژین. ئەمریکییە ئاسیاییەکان لە ناوچە قەراغییەکانی دەوروبەری واشنتن دی سی و ناوچەی هاوارد چڕبوونەتەوە، کۆمەڵگە ئەمریکییە کۆری و تایوانییەکان لە ڕۆکڤیل، گەیثرسبێرگ و جێرمانتاون و کۆمەڵگەیەکی ئەمریکی فلیپینی لە فۆرت واشنتن نیشتەجێن. ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییە هیندییەکان لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا دەژین، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی میریلاند.
لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، ئەمریکییە سپی پێستە ناهیسپانییەکان ٤٩,٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی میریلاندیان پێکهێنابوو و ٥٠,٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هیسپانی یان لاتینی بوون. ڕێژەی هیسپانییەکانی ئەم ویلایەتە بەرزترین ڕێژەی هەر ویلایەتێکی تری کەناری ڕۆژهەڵاتە، هەروەها لە دوای ویلایەتەکانی هاوایی، نیو مەکسیکۆ، تەکساس، کالیفۆرنیا و نیڤاداوە بەرزترین ڕێژەی وڵاتە.
ئایین
بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ـی سەنتەری توێژینەوەی پیوو، ٦٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی میریلاند خۆیان بە مەسیحی دەناسێنن. نزیکەی ٥٢٪ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی ویلایەتەکە پرۆتستانتین، لە دوای پرۆتستانتی کاسۆلیکی دووەم گەورەترین گرووپی ئایینی میریلاندە و ١٥٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. هەروەها جوولەکە گەورەترین ئایینی نامەسیحییە و لەسەدا چواری کۆی دانیشتووانی ویلایەکەن. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووان بریتی بوون لە:
- پرۆتستانت: ٥٢٪
- بێ ئایین: ٢٣٪
- کاسۆلیکی: ١٥٪
- جوولەکە: ٣٪
- ئایینەکانی تر: ٢٪
- بوودی: ١٪
- هیندۆسی: ١٪
- ئیسلام: ١٪
- مۆرمۆن: ١٪
- مەسیحی ئۆرتۆدۆکس: ١٪
زمان
لە دوای زمانی ئینگلیزی زمانی ئیسپانی دووەم قسەپێکراوترین زمانی دانیشتووانی ویلایەتی میریلاندە. سێیەم و چوارەم قسەپێکراوترین زمانی دانیشتووان بریتین لە زمانەکانی فەڕەنسی و چینی. زمانە باوەکانی تر بریتین لە زمانە جیاوازە ئەفریقییەکان، کۆری، ئەڵمانی، تاگاڵۆگ، ڕووسی، ڤێتنامی، ئیتاڵی، زمانە جیاوازە ئاسیاییەکان، فارسی، هیندی و زمانە هیندییەکانی تر، یۆنانی و عەرەبی.
کەشوهەوا
بەهۆی بوونی ناوچە بەرزاییە جیاوازەکان و نزیکی ویلایەتەکە لە تەنی ئاوی و هەوای خوارەوەهاتوو، چەند کەشوهەوایەکی جیاواز لە ویلایەتی میریلاند هەستی پێدەکرێت. بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، نیوەی ڕۆژهەڵاتی میریلاند کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرم و شێدارە و زستانی فێنک و ساردە. دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوچەی دامێنە دەشتدا بۆ خوار ١٢- پلەی سەدی شتێکی نەباوە و کەشوهەوای دۆڵی کەمبرلاند لە ڕۆژاوای ویلایەتەکە کیشوەری شێدارە.
ساڵانە لە نێوان ٨٩٠ بۆ ١,١٤٠ مللیمەتر باران لە ویلایەتی میریلاند دەبارێت و لە بەرزاییە بەرزەکاندا ڕێژەی دابارین بەرزترە. بەنزیکەی لە هەموو بەشەکانی ویلایەتەکەدا مانگانە ٨٩ بۆ ١١٤ مللیمەتر باران دەبارێت. ساڵانە تێکڕای بارینی بەفر لە ٢٣ سانتیمەتر لە ناوچە کەنارییەکان تا زیاتر لە ٢٥٠ سانتیمەتر لە چیاکانی ڕۆژاوای ویلایەتەکە دەگۆڕێت.