ناوهڕۆك
جۆجلیلمۆ مارکۆنی ١٨٧٤-١٩٣٧ز
کەسانێک شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ ئەوەی شتێکی نوێ بدۆزنەوە، کەسانێکیش بێ ھیچ ماندووبوونێک سودی لێ وەردەگرن، مارکۆنی ئەگەرچی خۆی کەسێکی زاناو دانابوو، بۆ توێژینەوەیەک چەندان مانگ و ساڵی تەرخان دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەڵکێکی زۆری لە توێژینەوەی زانایانی کۆن وەر دەگرت.
لە تەمەنی بیست ساڵییدا، كتێبێکی زانای نێودار (ھنریگ ھێرتز)ی بە وردیی دەخوێنێتەوە. ھەڵبەت دیارە (ھێرتز) ساڵی ١٨٨٨ز، ئەم توێژینەوەی لە بارەی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان کردووە و لە ساڵی ١٩٠٩ز، خەڵاتی نۆبڵی لە زانستی فیزیا وەرگرتووە.
مارکۆنی بە قووڵی بیری لەم توێژینەوەی ھێرتز کردەوە و دەستبەجێ چووە بنجوبناوانی مەسەلەکە. مارکۆنی دەیزانی ھێرتز دوای دۆزینەوەی ئەم شەپۆلانە پاش ماوەیەکی کەم، ماڵئاوای لە دنییا کرد، ھیچ سودێکی ماددی لێ نەبینی. مارکۆنی ھەر با زووی شەپۆلە بێتەلەکانی خستە کار و پارەیەکی زۆریشی بۆ ئەم مەبەستە سەرف کرد، ئاخر ئەو خۆی لە ماڵباتێکی سەرمایەدار بوو، بۆ سەرکەوتنی لەو کارە، سڵی لە پارە نەدەکردەوە.
دوای ماندووبوون و ڕەنجکێشانێکی زۆر، ساڵی ١٨٩٦ز، لە وڵاتی ئینگلتەرا گەیشتە ئەنجامێکی زۆر باش.
گەشتێک بەرەو لەندەن
مارکۆنی لە دووروودرێژی ڕووبەری زەوی ماڵەکەیان سوودێکی زۆری وەرگرت، لەوێ تاقیکردنەوەکانی دەکردن، شوێنی تاقیکردنەوەکانیشی زۆر گونجاو و لەبار بوو. لە ساڵی ١٨٩٥ز، توانی ئامڕازێک دروست بکات کە لە تەواوی ڕووبەری زەوی ماڵەکەیان پەخش دەبوو. ئەو زۆر بەگرینگی لەو جیھازەی دەڕوانی و لەنکارەکەی گەلێک دڵنیا بوو. بەڵام ئەوانەی بڕوایان بەو کارەی ئەو ھەبوو زۆر کەم بوون. ھەر بۆیە بڕیار دەدات ئیتاڵیا جێ بھێڵێت و ڕوو لە لەندەن بکات.
لە لەندەن مارکۆنی سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بە دەست دێنێت. حکوومەت بایەخێکی زۆر بەم داھێنراوە نوێیە دەدات و ھاوکارییەکی زۆری مارکۆنیی دەکات، وەختێک یەکەم پەخشی بێتەل لە ساڵی ١٨٩٩ز، لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا تاقی دەکرێتەوە، گرنگی حکوومەت بەم جیھازە زۆر پتر دەبێت. خەڵک زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەرھەمی ئەو داھێنراوە نوێیە بوون، کە پەیوەندی بە ھەمووانەوە ھەبوو.
دروستکردنی ئامێرەکەی مارکۆنی، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر گەیاندنی دەنگوباس و مژاری نێوان وڵاتای دوور و نزیک ھەبوو. بە تایبەتی گواستنەوەی ھەواڵی کەشتییەکان، چونکە لەو ڕێگەوە کەشتییەکان دەیانتوانی پەیوەندی بە وشکانییەوە بکەن.
مارکۆنی ئەگەرچی ماخۆی چەندان دەھێنانی مەزن بووە. بەڵام بایەخی ئەو زیاتر لە بواری گەشەپێدانی ڕادیۆی بووە. لە بواری شەپۆلە کورتەکان پێشکەوتنێکی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت، ساڵی ١٩٢٧ز ، یەکەم تۆڕی ڕادیۆی جیھانی دادەمەزرێنێت.
مارکۆنی و کەشتییەکەی تایتانیک
ڕووداوە گەورەکەی کەشتی تایتانیک بە بەرگوێی زۆرینەی خەڵک کەوتووە. لە ئانی ڕووداوەکە داھێنراوەکەی مارکۆنی کەڵکێکی زۆری لێ دەبینرێت. دوو لە بەرپرسانی پەخشی بێتەل لەسەر پشتی کەشتییەکە دەبن، چەندان پەیامی فریاگوزاریی دەنێرن، تیمەکانی فریاگوزاری ئاگادار دەکەنەوە، یەک لەوان بە ناوی (ھارولد برید) ڕزگاری دەبێت، ئوەی دیکە (جاک فیلیبس) نووقمی دەریا دەبێت و دەخنکێت.
زۆر لەو کەسانەی باسی ئەو گەشتییە دەکەن، لە سوودی ئەو داھێنراوەی مارکۆنیی بێدەنگن!
بە کورتی
• خەڵکی ئیتاڵیایە و بە ئەسڵ ئیرلەندییە.
• لەدایک و باوکێکی سەرمایەدار لە دایک بووە.
• لە بواری داھێنانەکانی، خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.