ناوهڕۆك
پێشەکی
ناوی تەواوی (ئیلۆن رییڤ مەسک)ـە، بازرگانێکی کەنەدی ئەمریکییە، دامەزرێنەر و بەڕێوبەر و ئەندازیاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX)ـە، بەڕێوبەر و ئەندازیاری بەرهەمەکانی کۆمپانیای تێسلا (Tesla)ـیە، هەروەها دامەزرێنەری کۆمپانیای (کۆمپانیا بێتامەکە - The Boring Company)ـیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوسەرۆکی کۆمپانیاکانی نیورال لینک (Neuralink) و ئۆپن ئەی ئایە (OpenAI)، ئیلۆن مەسک یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکانی جیهان.
دایکی ئیلۆن مەسک کەنەدییە و باوکی خەڵکی ئەفریقای باشورە، ئیلۆن لە شاری پرێتۆریا (pretoria) لە ئەفریقای باشور گەورە بووە، ئیلۆن بۆ ماوەیەکی کاتی لە زانکۆی پرێتۆریا خوێندویەتی پاشان ڕۆشتووە بۆ کەنەدا و لە زانکۆی کوینز (Queen's University) خوێندوویەتی پاش دوو سآڵ لە خوێندن چووە بۆ زانکۆی پێنسلڤێینیا، کە لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگڕتووە لە بواری فیزیا و دارایی، پاشان لە ساڵی 1995 ڕۆشتووە بۆ کەنەدا بۆ ئەوەی لە زانکۆی ستانفۆرد بخوێنێت بەڵام دواتر بڕیار دەدات کە نەخوێنێت و دەست بکات بە کاری بازرگانی، یەکەم کاری بریتی بوو لە دامەزراندی کۆمپانیای زیپ2 (Zip2) لەگەڵ براکەی بە ناوی کیمباڵ مەسک (Kimbal Musk) کە دواتر لەلایەن کۆمپانیای کۆمپاک (compaq)ـەوە کڕدرا بەبڕی 307 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 1999، پاشان لە هەمان ساڵدا کۆمپانیای ئێکس کۆم (X.com) دامەزرێنرا کە ئیلۆن یەکێک بو لە هاوسەرۆکەکانی، کۆمپانیاکە بانکی ئۆنلاین بوو کە لە ساڵی 2002 لەگەڵ کۆمپانیای کۆنفینیتی (Confinity) یەکیان گرت و کۆمپانیای پەیپاڵ (PayPal)ـیان پێکهێنا، کە دواتر کۆمپانیای پەیپاڵ لە ساڵی 2002 فرۆشرا بە کۆمپانیای ئی بەی (eBay) بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار.
لە ساڵی 2002 ئیلۆن مەسک کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX)ـی دامەزراند، کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی بۆشایی ئاسمانە، کە ئیلۆن مەسک بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوبەری تەکنەلۆژی کۆمپانیاکەیە، لە ساڵی 2004 ئیلۆن پەیوەندی کرد بە کۆمپانیای تێسلا مۆتۆرز (Tesla Motors)ـەوە لە ئێستادا ناوەکەی بریتییە لە تێسلا (Tesla) کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە، ئیلۆن لە ساڵی 2008 دەبێتە بەڕێوبەری گشتی ئەم کۆمپانیایە، هەروەها لە ساڵی 2006 یارمەتی دامەزراندی کۆمپانیای سۆلار سیتی (SolarCity) دەدات، کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی وزەی خۆرە، ئەم کۆمپانیایە دواتر لەلایەن کۆمپانیای تێسلاوە دەکڕدرێت و ناوەکەی دەبێت بە تێسلا ئینێرجی (Tesla Energy)، ئیلۆن دواتر لە ساڵی 2015 لەگەڵ چەند کەسێکی تردا کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) دادەمەزرێنێت، کە کۆمپانیایەکی قازانج نەویستە و توێژینەوە و داهێنان دەکات لە بواری زیرەکی دەستکرددا، لە ساڵی 2016 کۆمپانیای نیورال لینک (Neuralink) دامەزرا کە ئیلۆن یەکێک بوو لە دامەزرێنەرەکانی، کۆمپانیای نیورال لینک لە بواری تەکنەلۆژیای دەماریدا کاردەکات، کە هەوڵدەدەن کۆمپیوتەر دروستبکەن کە بە مێشک کاردەکات، ئیلۆن کۆمپانیای (کۆمپانیا بێتامەکە - The Boring Company)ـی دامەزراندووە لەگەڵ کۆمپانیایەکی دروستکردنی تونێل، هەروەها بیرۆکەی هایپەرلووپ (Hyperloop)ـی پێشکەش کردووە کە بریتییە لە شەمەندەفەرێکی گواستنەوە، کە ئەو ڕێگەیەی کە پێیدا دەوات هیچ لێکخشانێکی تێدا نییە (بە ئینگلیزی: vacuum tube train).
ناوی تەواوی | ئیلۆن رییڤ مەسک |
لەدایکبوون | 28ـی حوزەیرانی 1971 |
کارەکانی |
دامەزرێنەر و بەڕێوبەر و ئەندازیاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX) بەڕێوبەر و ئەندازیاری بەرهەمەکانی کۆمپانیای تێسلا (Tesla) دامەزرێنەری کۆمپانیای (کۆمپانیا بێتامەکە - The Boring Company) و ئێکس کۆم (X.com) هاوسەرۆکی کۆمپانیاکانی نیورال لینک (Neuralink) و ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) و زیپ2 (Zip2) |
داهاتی گشتی | 172 ملیار دۆلار (لە بەرواری 1 حوزەیرانی 2021) |
خێزان و تەمەنی منداڵی
ئیلۆن رییڤ مەسک لە 28ـی حوزەیرانی 1971 لە شاری پرێتۆریا لە باشوری ئەفریقا لەدایک بووە، دایکی ناوی (مەی مەسک - Maye Musk)ـە، نمایشکار و شارەزای بواری خۆراکە و لە سسکاچوان (saskatchewan) لە کەنەدا لەدایک بووە بەڵام لە ئەفریقا بەخێوکراوە، باوکی ناوی ئیرۆڵ مەسکە و خەڵکی باشوری ئەفریقایە، پیشەی باوکی ئیلۆن بریتی بوون لە ئەندازیاری کارۆمیکانیکی، فڕۆکەوان، دەریاوان، ڕاوێژکار و پەرەپێدەری موڵک، ئیلۆن برایەکی بچووکی هەیە بە ناوی کیمباڵ مەسک (Kimbal Musk)، هەروەها خوشکێکی بچووکیشی هەیە بە ناوی تۆسکا مەسک (Tosca Musk).
پاش جیابونەوەی دایک و باوکی لە ساڵی 1980 ئیلۆن زیاتر لەگەڵ باوکیدا دەژیا لە شاری پرێتۆریا کە دواتر زۆر لەم بڕیارەی پەشمان دەبوویەوە، ئیلۆن زۆر رقی لە باوکی بوو، وەک خۆی دەگێڕێتەوە "باوکم مرۆڤێکی زۆر خراپ بوو، هەر شتێکی خراپ کە کە دەتوانیت بیری لێبکەیتەوە ئەو ئەنجامیدابوو".
لە نزیک تەمەنی 10 ساڵیدا ئیلۆن حەزی لە بواری کۆمپیوتەر و یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکرد، ئیلۆن خۆی فێری پڕۆگرامکردنی کۆمپیوتەر کرد تەنها لە ڕێگەی بەکارهێنانی کتێب و کەتەلۆگەوە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا کۆدی یارییەکی فرۆشت کە بە زمانی (BASIC) نوسرابوو بە ناوی (Blastar) بە کۆمپانیایەک بە ناوی (PC and Office Technology magazine) بە بڕی 500 دۆلار.
ئیلۆن بە منداڵی زۆر گاڵتەی پێدەکرا، کە جارێک دەبرێتە نەخۆشخانە بەبۆنەی ئەوەی کە کۆمەڵە منداڵێک لە قادرمەوە هەڵیدەدەنە خوارەوە.
خوێندن
ئیلۆن مەسک بۆ ماوەی 5 مانگ لە زانکۆی پرێتۆریا لە ئەفریقا خوێندوویەتی، کە ئەمە یارمەتی دا کە نەڕواتە ناو خزمەتکردنی سەربازییەوە، لە ساڵی 1989 دەڕواتە کەنەدا و بۆ ماوەی ساڵێ لەگەڵ ئامۆزاکەیدا دەمێنێتەوە و کاری هەمەجۆر دەکات، وەک جوتیاری و دارتاشی، لە ساڵی 1990 ئیلۆن دەڕواتە زانکۆی کوینز لە کینگستۆن، ئۆنتاریۆ، پاش دوو ساڵ دەڕواتە زانکۆی پێنسلڤینیا، لە ساڵی 1997 زانکۆ تەواو دەکات و دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرێت لە بوارەکانی فیزیا و دارایی، لە ساڵی 1995 بۆ خوێندنی دکتۆرا لە بواری زانستی ماددە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا وەردەگیردرێت، ئیلۆن هەوڵ دەدات کارێک وەربگرێت لە کۆمپانیای نێت سکەیپ (Netscape)، بەڵام وەڵام نەدرایەوە، بۆیە پاش دوو ڕۆژ واز لە زانکۆ دەهێنێت.
کارەکانی
زیپ2 – Zip2
لە ساڵی 1995 ئیلۆن و برا بچووکەکەی بە ناوی کیمباڵ کۆمپانیایەکی نەرمەکاڵای وێبیان دامەزراند بە ناوی زیپ2، کۆمپانیاکە ئامانجی بەبازاڕکردن و درروستکردنی ڕێبەر بوو بۆ ڕۆژنامە ناوخۆییەکان، پاشان ئەم دوو برایە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای نیۆرک تایمز (The New York Times) و شیکاگۆ تریبیون (chicago tribune) بەست، مەسک هەوڵی دەدا کە ببێتە بەڕێوبەری کۆمپانیاکە بەڵام لەلایەن بۆردی بەڕێوەبردنەوە نەدەهێڵدرا، کۆمپانیاکە لە شوباتی ساڵی 1999 لەلایەن کۆمپانیای کۆمپاکەوە کڕدرا بە بڕی 307 ملیۆن دۆلار، پشکی ئیلۆن لە کۆمپانیاکەدا ٪7 بوو بۆیە بڕی 22 ملیۆن دۆلاری وەرگرت.
ئێکس کۆم (X.com) و پەیپاڵ (PayPal)
لە ساڵی 1999 کۆمپانیای ئێکس کۆم دامەزرا کە یەکێک لە سەرۆکەکانی ئیلۆن مەسک بوو، ئێکس کۆم بریتیبوو لە خزمەتگوزاری دارایی و پارەدان لەڕێگەی ئیمەیڵەوە، لەسەرەتای کارکردنی کۆمپانیاکەدا زیاتر لە 200 هەزار بەشداریکەری هەبوو، بەبۆنەی نەشارەزایی ئیلۆنەوە لە پەی بەڕێوبەری لابرا و بیڵ هاریس کرایە شوێنەکەی، لە ساڵی داهاتودا کۆمپانیای ئێکس کۆم لەگەڵ کۆمپانیای کۆنفینیتی یەکیان گرت، کۆمپانیای کۆنفینیتی خزمەتگوزاری حەواڵەکردنی تابەت بەخۆی هەبوو بە ناوی پەی پاڵ، بۆیە زیاتر گرنگی بەم خزمەتگوزارییە درا و لە ساڵی 2001 ناوی کۆمپانیاکە گۆڕدرا بۆ پەی پاڵ (PayPal)، لە ساڵی 2002 کۆمپانیای پەیپاڵ لەلایەن ئی بەی (eBay)ـەوە کڕدرا بەبڕی 1.5 ملیار دۆلار، ئیلۆن مەسک خاوەنی زۆرترین پشک بوو لە کۆمپانیاکەدا کە بریتیبو لە ٪11.7، بۆیە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری وەرگرت.
لە ساڵی 2017 ئیلۆن دۆمەینی ئێکس کۆم (X.com)ـی کڕییەوە لە پەی پاڵ بەبێ ئەوەی نرخەکەی ئاشکرا بکرێت.
سپەیس ئێکس – SpaceX
لە ساڵی 2002 ئیلۆن تێکەڵبوو لەگەڵ کۆمەڵگەی مەریخ، هەروەها سەرسام بوو بەوەی کە لەسەر مەریخ بتوانێت خانوویەکی شوشەیی دروستبکات کە بتوانرێت ڕووەکی تێدا بچێنرێت، بۆیە بیری لەوە دەکردەوە کە خۆی پێویستی دارایی بۆ پرۆژەکە دابین بکات، لە ساڵی 2001 گەشتی کرد بۆ مۆسکۆ بە مەبەستی کڕینی موشەکی نوێکراوە بە ناوی (Intercontinental ballistic missile - ICBM) کە دەیتوانی ئەو خانووە شووشەییەی کە ئیلۆن دەیویست بگەیەنێت بە بۆشایی ئاسمان، بەڵام کاتێک لەگەڵ کۆمپانیاکانی لاڤۆچکن (Lavochkin) و کۆسمۆتراس (ISC Kosmotras) کۆبوویەوە وەک نەزانێک سەیردەکرا و تەنانەت لەلایەن یەکیک لە بەڕێوبەری ئەندازیاری ڕوسییەکانەوە تفی لێدەکرێت، بۆیە بە دەستبەتاڵی دەگەڕێنەوە، لە شوباتی ساڵی 2002 دوبارە دەگەڕێنەوە بۆ ڕوسیا بۆ دوبارە گەڕان بە دوای مووشەکی (ICBM) بۆیە دوبارە کۆبونەوەیان کرد لەگەڵ کۆسمۆتراس و بڕیاردرا کە موشەکێکیان پێ بفرۆشن بە نرخی 8 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئیلۆن ڕازی نەبوو بە کڕینی لەبەر نرخەکەی، دواتر ئیلۆن بڕیاری دا کە خۆی کۆمپانیایەک دروستبکات بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک بە نرخێکی گونجاو، بۆیە کۆمپانیایەکی دامەزراند لە ساڵی 2002 بە ناوی (Space Exploration Technologies Corp) یاخود سپەیس ئێکس (SpaceX)، تا ئێتسا (واتا ساڵی 2021) ئیلۆن مەسک بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوبەری ئەندازیاری کۆمپانیاکەیە.
پاش سێ شکستهێنان کۆمپانیای سپەیس ئێکس توانی مووشەکی فاڵکۆن 1 بە سەرکەوتوویی هەڵبدات لە ساڵی 2008، کە یەکەمین مووشەکی کەرتی تایبەت بوو کە بتوانێت بگاتە خولگەی هەسارەی زەوی، هەروەها لە ساڵی 2012 کەشتی دراگۆن یەکەمین کەشتی کەرتی تایبەت بوو کە لەگەڵ وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ISS) لەنگەری گرت.
هەروەها پلان دانراوە کە گەشتی دیەرموون (dearMoon project) لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە ئەنجام بدرێت، کە بریتییە لە گەشتێک بە دەوری مانگدا کە لە ساڵی 2023 ئەنجامدەدرێت.
تێسلا – Tesla
کۆمپانیای تێسلا لە ساڵی 2003 لەلایەن مارتن ئێبێرهارد (Martin Eberhard) و مارک تارپێنین (Marc Tarpenning) دامەزرێنرا، کۆمپانیای تێسلا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هات کاتێک ئیلۆن مەسک لە ساڵی 2004 دەڕواتە ناو کۆمپانیاکە و دەبێت بە سەرۆکی بۆردی بەرێوەبردن، لەساڵی 2008 ئیلۆن دەبێت بە بەڕێوبەر و ئەندازیاری بەرهەمەکانی کۆمپانیای تێسلا.
کۆمپانیای تێسلا بۆ یەکەمین جار ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستکرد بە ناوی ڕۆدستەر (Roadster) لە ساڵی 2008 کە نزیکەی 2500 دانەی لێفرۆشرا.