ناوهڕۆك
گۆرباچۆڤ
میخائیل سێرگیڤیچ گۆرباچۆڤ (بە ئینگلیزی: Mikhail Sergeyevich Gorbachev)، سیاسەتمەدارێکی ڕووسی و دواهەمین سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت بوو، گۆرباچۆڤ لە ٢/٣/١٩٣١ لە بریڤۆڵنۆی لە یەکێتی سۆڤیەت لەدایکبووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١ سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت بووە و لە ١٩٨٥ بۆ ١٩٩١ سەرۆکی حیزبی شیوعی سۆڤیەتی بووە و کاری کرد بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ لە ڕووی ئابووری و سیاسەتەوە و پێیدەوترا پێریسترۆیکا کە بە واتای "دووبارە بنیاتنانەوە" دێت، لە کۆتاییهێنانی بە جەنگی سارددا لەگەڵ ڕۆناڵد ڕیگان کاری کرد و لە ساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەرگرت، پلانی پێریسترۆیکا لە ٢٦/١٢/١٩٩١ ئەنجامەکەی دەرکەوت کاتێک یەکێتییەکە هەڵوەشایەوە و بووە دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵی.
ناو | میخائیل سێرگیڤیچ گۆرباچۆڤ |
ناوی بە ڕووسی | Михаил Сергеевич Горбачёв |
لەدایکبوون | ١٩٣١/٣/٢ |
کۆچی دوایی | ٢٠٢٢/٨/٣٠ |
پیشە | سیاسەتمەدار - پارێزەر |
سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت | لە ١٥/٣/١٩٩٠ بۆ ٢٥/١٢/١٩٩١ |
ئەمینداری گشتی لیژنەی ناوەندی حیزبی شیوعی | ١١/٣/١٩٨٥ بۆ ٢٤/٨/١٩٩١ |
سەرۆکی ئەنجوومەنی سۆڤیەتی باڵا | ١٥/٥/١٩٨٩ بۆ ١٥/٣/١٩٩٠ |
هاوسەر | ڕایسا گۆرباچۆڤ |
حیزب | حیزبی شیوعیی سۆڤیەتی |
ژیان
گۆرباچۆڤ لە هەرێمی کرای ستاڤرۆبۆڵ لە خێزانێکی ڕووسی-ئۆکرانی لەدایکبووە، لە هەرزەکاریدا سەرقاڵی کاری دوورینەوەی بەروبووم بووە لە کشتوکاڵی گشتی سۆڤیەتیدا، وەک خۆی دەڵێت منداڵییەکی سەختی هەبووە لە سەردەمی منداڵیدا برسیەتی گوندەکەیانی تەنیووە و زۆرێک لە هاووڵاتیانی گوندەکە و دوو پوور و مامێکی گیانیان لەدەستداوە.
باپیرەی بەهۆی تۆمەتی هەڵەوە لەلایەن حکوومەتەوە دوورخراوەتەوە بۆ سڕبیا، باوکیشی لە جەنگی جیهانی دووەم بەشداری کردووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، دایکیشی لە یەکێک لە کۆلخوزەکاندا کاری کردووە.
گەورەبوون و کاری سیاسی
لە ساڵی ١٩٥٥ بڕوانامەی بەکالریۆسی لە یاسادا هێناوە لە زانکۆی مۆسکۆی حکوومی، هەر لەوێ دەڕواتە ناو حیزبی شیوعی و دواتریش تێکەڵ دەبێت و دەبێتە کەسێکی چالاک، ساڵی ١٩٦٧ بڕوانامەی ماجستێری لە ئابووری کشتوکاڵ بەدەستهێناوە، لە زانکۆ بە هاوسەرەکەی ئاشنا دەبێت و دەیخوازێت و دەبنە خاوەنی منداڵێک بەناوی ئێرینا، هاوژینەکەی لە ساڵی ١٩٩٩ بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات، ساڵی ١٩٧٠ دەکرێتە سکرتێری حیزب لە هەرێمی ستاڤرۆبۆڵ، دواتریش دەبێتە یەکەمین سکرتێری ئەنجوومەنی سۆڤیەتی باڵا لە ١٩٧٤، لە ١٩٧٩ـیش دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لە ماوەی سێ ساڵی دوای مردنی لیۆنید بریجنێف چەندین پلە و پۆستی وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٨٥ دەپاڵێورێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی سۆڤیەت و پلەکە بەدەست دەهێنێت، ساتی کاندیدکردنی لەلایەن ڕۆژئاواوە کەسێکی زۆر پەسەند بوو چونکە لەچاو ئەوانی دیکە گەنجتربوو و کەسایەتییەکی کراوەتری هەبوو لەوان بەرامبەر جیهان.
سیاسەتی گۆرباچۆڤ بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت کە بە ناوەکانی گلاسنۆست و پێریسترۆیکا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ستراتیژییەکانی سۆڤیەت ناسرابوون کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا، دواتریش دەسەڵاتی دەستووری حیزبی بەسەر بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە نەهێشت، بەشێوەیەکی بێ مەبەستیش بووە هۆی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و دابەشبوونی بۆ چەند وڵاتێک، بەهۆی کارەکانیەوە کە هێزی سۆڤیەتی دابەشکرد لای وڵاتانی ڕۆژئاوا کەسێکی دڵخواز بوو، بۆیە لە ساڵی ١٩٨٩ مەدالیای ئۆتۆهانی ئاشتی و لە ١٩٩٠ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، دواتریش لە ١٩٩٢ خەڵاتی هارڤی پێبەخشرا لەگەڵ چەندین دکتۆرای فەخری لە زانکۆکانی جیهان.
کۆچی دوایی
گۆرباچۆڤ لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی ناوەندی کلینیکی مۆسکۆ کۆچی دوایی کرد. ناوبراو دوای "نەخۆشییەکی سەخت و درێژخایەن" گیانی لەدەست دا، بەگوێرەی نەخۆشخانەکە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە لەژێر چاودێری بەردەوامی پزیشکاندا بووە. بەپێی وەسیەتنامەکەی خۆی لە گۆڕستانی نۆڤۆدیڤیچی لە مۆسکۆ لە تەنیشت ڕایسای هاوسەری بەخاک دەسپێردرێت کە لە ساڵی ١٩٩٩ کۆچی دوایی کردووە.
گۆرباچۆڤ تەمەندرێژترین سەرکردەی ڕووسییە بەپێی ئەوەی کۆتا تەمەندرێژترین سەرکردە بەناوەکانی ئەلێکساندەر کێرێنسکی و ڤاسیلی کوزنێتسۆڤی ٨٩ ساڵ ژیاون.
خەڵاتی ئابووری جیهانی | ٢٠١٥ |
نیشانەی قەشە ئەندرۆ | ٢٠١١ |
خەڵاتی ژینگە | ٢٠١٠ |
نیشانەی شەرەف | ٢٠٠١ |
نیشانەی خاچی مەزنی ئەڵمانیای فیدراڵی | ١٩٩٩ |
نیشانەی هونەر و ئەدەب لە پلەی سەرکردە | ١٩٩٧ |
نیشانەی خاچی مەزنی ئازادی | ١٩٩٥ |
خەڵاتی گراویمایەر | ١٩٩٤ |
خەڵاتی هارڤی | ١٩٩٢ |
دکتۆرای فەخری زانکۆی کمبلۆتنسی لە مەدرید | ١٩٩٠ |
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی | ١٩٩٠ |
خەڵاتی ئۆتۆهانی ئاشتی | ١٩٨٩ |
خەڵاتی ئەندێرا گاندی | ١٩٨٧ |
خەڵاتی لینین | ١٩٧١ |
نیشانەی شەرەف | ١٩٦٦ |
نیشانەی ئاڵای سووری حیزبی کرێکاران | ١٩٤٩ |
هاووڵاتی فەخری لە بەرلین |