سەدام حسێن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-21-11:48:00 - کۆدی بابەت: 6653
سەدام حسێن

ناوه‌ڕۆك

ژیان

سەدام حسێن پێنجەم سەرۆک کۆماری عێراق و ئەمینداری حیزبی بەعسی عێراق و سەرۆکی تەواوی هێزە چەکدارەکانی عێراق بووە لە نێوان (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، یەکێکە لە دڵڕەقترین سەرۆکەکانی مێژوو و بە یەکێک لە دیکتاتۆرەکان دادەنرێت کە بە ئاگر و ئاسن حوکمی کردووە دژی گەلەکەی.

ناو سەدام حسێن مەجید
لەدایکبوون ١٩٣٧/٤/٢٨ - عوجە لە سەڵاحەدین
مردن ٢٠٠٦/١٢/٣٠
هۆکاری مردن لەسێدارەدان
هۆکاری لەسێدارەدان کارەساتی دوجەیل
شوێنی نیشتەجێبوون کۆشکی سەلام
نازناو باوکی عودەی
باڵا ١٨٦ سانتیمەتر
ئایین  ئیسلام
هاوسەر ساجیدە خەیروڵا - سەمیرە شابەندەر
منداڵەکان عودەی - قوسەی - ڕەغەد - ڕەنا - حەلا
پیشە سیاسەتوان - فەرماندە
حیزب حیزبی بەعس
تاوانەکان کۆکوژی و دژەنەتەوەیی و پاکسازی نەتەوە
باڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق، پاسەوانی کۆماری عێراق
پلەی سەربازی شکۆدار (موهیب)
واژوو Saddam Hussein Signature.svg

ناساندن

سەدام حسێن مەجید لە ڕۆژی ١٩٣٧/٤/٢٨ لە شارۆچکەی عوجە لە پارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبووە، ناوی تەواوی سەدام حسێن مەجید عەبدولغەفور سولەیمان عەبدولقادر کوڕی عومەری دووەمی ڕەفاعی ئەمیری تکریتە و بە بنەچە دەگەنەوە بە عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب، و لە عەشیرەتی بێجاتە، خێزانەکەی سەرقاڵی کشتوکاڵ و جووتیاری بوون، شەش مانگ پێش لەدایکبوونی باوکی دەمرێت، دوای ماوەیەکیش برا گەورەکەی کە ١٣ ساڵان بووە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە دەمرێت.

بنەماڵەکەیان لە ساڵانی سییەکان بە عەشیرەتێکی دڕندە و شەڕانی ناسراون و حەزیان بە شەڕکردن بووە.

دوای کۆچی باوکی دایکی هاوسەرگیری دەکاتەوە و چەند منداڵێکی دیکەی دەبێت و پێکەوە دەژین، دواتر هەریەک لەو منداڵانە پلەی بەرزیان لە حکومەتدا پێدەدرێت کە بەرزان و سەبعاوی و وەتبانن.

ساڵی ١٩٥٥ خوێندنی سەرەتایی تەواو دەکات و لەگەڵ خاڵی و عەدنان خەیروڵای خاڵۆزایدا دەڕواتە بەغداد بۆ تەواوکردنی خوێندن، بەهۆی گەورەیی تەمەنیەوە لە چاو منداڵەکانی دیکە دەبێتە هۆی گاڵتەجاڕی و ئەویش زۆرجار شەڕیان لەگەڵ دەکات و دژیان دەوەستێتەوە.

لایەنی سەربازی

لە ساڵانی پەنجاکان سەدام حسێن ئەندامێکی دامەزراوەی شەبیبە بوو کە سەر بە حیزبی بەعس بوو و دژی حکومەت و شیوعییەکان کاری دەکرد، لەگەڵ خۆپیشاندان و کاری ئاژاوەنانەوەدا سەدام لە وێستگەی پاسیش کاری دەکرد بۆ دابینکردنی بژێوی، ساڵی ١٩٥٨ حیزبی بەعس ٣٠٠ ئەندامی هەبوو بەڵام هەوڵی بۆ دەسەڵاتی عێراق دەدا و لەدوای شۆڕشی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ـیش چاویان لەسەر دەسەڵاتی نوێی عێراق بوو، بۆیە بیرۆکەی کوشتنی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆک کۆمار هاتبوویە مێشکی گەنجەکان و بەتایبەت سەدام.

ئەکادیمیای سەربازی بەغداد

ئەکادیمیای بەغداد شوێنێکی سەربازی گرنگ بوو بۆ عێراقییەکان کە لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروست کرابوو و لەوێ سەربازی پێگەشتوویان دروست دەکرد، سەدام بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی دواناوەندی هەبوو و سێ کیلۆگرام کەمتر بوو لەوەی پێویست بوو سەرەڕای گەورەیی جەستەی بەڵام وەرنەگیرا.

تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسم

ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەعسی دیکەی هەوڵی تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسمیان دا کە ئەوکات سەرۆکی عێراق و تەواوی هێزە چەکدارەکان بوو، بەهۆی ئەوەی سەدام پێش هەمووان دەست بە تەقەکردن دەکات پاسەوانەکانی قاسم زووتر دێنە دەست و شۆفێر و یەکێک لە ئەندامانی تیرۆرکردنەکە دەکوژن، سەدامیش لە قاچیدا بریندار دەبێت بەڵام دەتوانێت هەڵبێت، دواتر دەڕواتە سوریا و لەوێشەوە دەڕواتە میسڕ لەگەڵ ٥٠٠ گەنجی دیکە کە حیزبی بەعس ناردبوونی بۆ تەواوکردنی خوێندن.

ساڵی ١٩٦٠ دادگای بەغداد حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد بە غیابی بەهۆی هەوڵی تیرۆرکردنەوە، میشێل عەفلەقی سەرۆکی حیزبی بەعسی گشتی سوریا پلەی سەدامی لەنێو حیزبی بەعس بەرزکردەوە بەهۆی کارەکانی و کردیە ئەندامێکی تەواو لە حیزب.

ساڵی ١٩٦٣ خوێندنی کۆلێژی یاسا بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی لە کودەتای دژی عەبدولکەریم قاسم بەشداربێت، لەوکاتەدا ئەحمەد حەسەن بەکر وەک کەسێکی دیار دەردەکەوێت لەو کودەتایە و پلەی پێدەدرێت، بەهۆیەوە سەدام لە دواتردا لە لیژنەی هەواڵگری حیزب دادەنرێت و دەبێتە بەرپرسی لێکۆڵینەوە.

هاوسەرگیری

سەدام لە ساڵی ١٩٦٢ هێشتا لە قاهیرە بوو لەگەڵ هاوڕێ نەفیکراوەکانی دیکەی، هاوسەرگیری لەگەڵ ساجیدە خەیروڵڵاـی خاڵۆزایدا ئەنجامدا کە لە بەغداد بوو، ئاهەنگێکی گەورەی بۆ سازکرد، دایکی ساجیدە سەرەتا ڕازی نەبووە، دواتر کە سەدام بووە بە سەرۆک کۆمار هەمیشە بە گاڵتەوە پێیوتووە " ها حاجی نەتدەویست کچەکەتم پێبدەیت؟"؛ ئەویش لە ترسان وتویەتی: "نا کوڕم بەخوا قبووڵم بوو لە سەرەتاشەوە"، ساجیدە یەکەم هاوسەری سەدام بووە و لەدوای جەنگی داگیرکردنی عێراق و کەوتنی حکوومەتی سەدام لەگەڵ سێ کچەکەی هەڵدێن بۆ ئوردن، پێکەوە خاوەنی دوو کوڕ و سێ کچن بە ناوەکانی (عودەی، قوسەی، ڕەغەد، ڕەنا، حەلا)، ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ سەمیرە شابەندەر بە نهێنی هاوسەرگیری دەکات و ئەمەش دەبێتە جێی مشتومڕ و ناکۆکی نێوان عودەی و باوکی کە وەک سوکایەتی سەیری دەکات، یەکێکیش لەو هۆکارانەی کە لە ساڵی ١٩٨٨ عودەی کامیل حەنای چێشتلێنەری سەدام دەکوژێت ئەوەیە کامیل کچەکەی بە سەدام ناساندووە.

دوای ١٩٦٣

ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک وەزیران کە لە بەعسییەکان بوو کۆبوونەوەی حیزبی ڕێکخست کە بە هێزەکانی حەرەس قەومی چواردەوری گیرابوو، یەکێک لەو کەسانەی هەمیشە لەگەڵی دەردەکەوت سەدام بوو، بەمەش ترسی عەبدوسەلام عارف زۆر بوو و لە ڕۆژی ١٨ـی مانگی یانزە هێرشی کردە سەر باڵی سەربازی بەعس و شاری کۆنتڕۆڵکرد و وەزیرەکانی بەعسی دوورخستەوە و هێزەکەی لە حەرەس قەومی گۆڕی بۆ پاسەوانی کۆماری.

لەو کاتەدا سەدام دەزگایەکی ئاسایشی نهێنی دروست دەکات، بەڵام هێزەکانی حکوومەت بەهۆی کاری پێشووی لە لیژنەی لێکۆڵینەوە شوێنی دەکەون و دوای شەڕێکی زۆر دەستگیر دەکرێت، لە ساڵی ١٩٦٦ کە لە زیندان دەبێت حیزبی بەعس پلەکەی بەرزدەکەنەوە بۆ ئەمینداری نهێنی سەرۆکایەتی حیزبی بەعس، لە ١٩٦٦/٧٢٢ بە پلانێک کە خۆی دایناوە لە زیندان هەڵدێت.

کودەتای بەعس

لە بەرەبەیانی ١٩٦٨/٧/١٧ تانک و هێزەکانی بەعس هێرش دەکەنە سەر دەزگاکانی دەوڵەت و وڵات دەگرنە دەست، لەو کاتەی کە هێرش دەکرێتە سەر کۆشکی کۆماری عەبدولڕەحمان عارفی سێیەمین سەرۆک کۆماری عێراق هێشتا نووستووە کە یەکەمین تانک بە ڕابەرایەتی سەدام بە جلوبەرگێکی سەربازییەوە دەڕواتە سەری، کاتژمێر ٣:٤٠ خولەکی بەرەبەیان کۆشک داگیرکرا و سەرۆک کۆمار نێردرا بۆ لەندەن بۆلای خێزانەکەی.

دوای ئەمە ئەحمەد حەسەن بەکر کرایە سەرۆک کۆماری وڵات و سەدام حسێنیش کە ئەوکات ٣١ ساڵ بوو بووە سەرۆکی دەزگای ئاسایش.

دەسەڵات

دوای ئەوەی کرایە سەرۆکی دەزگای ئاسایش، بووە بەرپرسی کاروباری جووتیارانیش، لەوکاتەدا دەستی کرد بە فێرکردن و پڕوپاگەندە لە ناوچەکانی دەسەڵاتی و بەهۆیەوە لە ئەیلوولی هەمان ساڵ کرایە جێگری سەرۆک کۆمار و بە سەرۆک جێگر ناودەبرا، لە سەردەمی سەدام وەک جێگری سەرۆک خوێندن و ئاستی گوزەرانی خەڵکی عێراقی گەیاندە لوتکەی وڵاتانی عەرەبی، نەوتی عێراقی کردە موڵکی خۆی بەتایبەت لە قەیرانی نەوتی ساڵی ١٩٧٣ کە نرخی نەوت بە ڕێژەی %٣٠٠ بەرزبوویەوە، ساڵی ١٩٧٨ پەیماننامەیەکی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت بۆ ماوەی ١٥ ساڵ واژوو کرد، دەزگایەکی ئاسایشی گەورە و بەهێزی دامەزراند و لە هەموو شوێنێک چاوی هەبوو، دامەزراوەکانی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و خوێندنی خۆڕایی ئیجباری دامەزراند و سەدان هەزار کەسی لە نەخوێندەواری ڕزگارکرد، خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هەمووان دابینکرد بە خۆڕایی و زەوی کشتوکاڵی خۆڕایی بە جووتیاران بەخشی، بەهۆی کارەکانی لە بواری تەندروستی ڕێکخراوی یونسکۆ خەڵاتی سەدام حسێنی کرد.

ڕێککەوتننامەی جەزائیر

ساڵی ١٩٧٤ کوردەکان بەهۆی شۆڕشەوە جەنگیان لەگەڵ عێراق سەری هەڵدایەوە و ئەوەش هەلێکی باشبوو بۆ دەرکەوتنی سەدام، بەهۆی ئەوەی عێراق و ئێران لەسەر ئاوی کەنداوی فارس کێشەیان هەبوو، سەدام حسێن لەگەڵ پادشای ئێران ڕێککەوت لە جەزائیر و لە ساڵی ١٩٧٥ کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاوی کەنداوەکە دابەش بکرێت لە نێوانیان بەو مەرجەی پادشای ئێران یارمەتی کوردەکان نەدات، و عێراقیش خومەینی لە نەجەف دەربکات.

سەرۆک کۆمار

هەتاوەکوو ساڵی ١٩٧٠ سەدام توانی کەسە نزیکەکانی خۆی لە پلەی وەزیر و شوێنە ئاسایشییەکان دابنێت و بەوەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بووە دەسەڵاتداری وڵات، ساڵی ١٩٧٩ ئەحمەد حەسەن بەکری ناچارکرد بکشێتەوە و پێگەکەی درایە سەدام و بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی گشتی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و سەرۆکی تەواوی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی لە هۆڵی خولد کۆبوونەوەیەکی کرد و زۆرێک لە هاوڕێکانی لەوێ بە تاوانبار ناساند و سزای دان کە بە کارەساتی هۆڵی خولد ناسراوە.

ساڵی ١٩٧٢ دەیان هەزار شارەزا و چەکی تایبەتی لە یەکێتی سۆڤیەت کڕی، ساڵی ١٩٧٦ لە فەڕەنسا نزیک بوویەوە و ساڵی هەشتاکان بە هاوکاری فەڕەنسا پڕۆژەی دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی دامەزراند.

جەنگی ئێران و عێراق

جەنگی ئێران و عێراق

ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ڕوویدا و پەیوەندی نێوان دوو وڵاتەکە تێکچوو، سەدام هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی جەزائیری بە یەکلایەنە ڕاگەیاند و وتی هەموو ئاو و خاکی عێراق هی خۆیەتی، هەر بۆیە شەڕی بچووک و گوند و سنووری لە نێوانیان دروست دەبوو بۆ چەند مانگێک تا ئەوەی لە ٢٢/٩/١٩٨٠ نزیک شاری تاران بۆمباران کرا و هێزە عێراقییەکان پارێزگای خوزستانیان داگیرکرد، دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٨٢ باڵانسی هێز گۆڕا و ساڵی ١٩٨٨ جەنگ کۆتایی هات بەبێ ئەوەی هیچ لایەک سەرکەوتوو بن، وڵاتەکان گۆڕان بۆ وێرانە و ئەوەی عێراق کردبووی زۆربەی هەڵوەشایەوە و کەوتە ژێر قەرزەوە، لەگەڵیشیدا حکومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەدام لەو ماوەیەدا هێرشی کردە سەر گەلی کورد و شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و ناوچەکانی گەرمیانی خستە بەر شاڵاوی ئەنفال و کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی ئێستاشی خستە بەر هەڵمەتی بەعەرەبکردن.

تاوانەکانی سەدام

ساڵی ١٩٨٨ سەرۆکایەتی هێرشکردنە سەر کوردەکان و شاڵاوی ئەنفالی دایە دەستی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای کە بە عەلی کیمیایی ناسراوە، لەوێدا ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس شەهیدکران، دواتریش تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و هێرشکردنە سەری بە گازی سیانید و شەهیدکردنی زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس، لەگەڵ ئەوەی سەدام ڕەتی کردۆتەوە بڕیاری کیمیابارانکردنی شارەکەی دابێت و وتویەتی کە لە نزار خەزرەجی تووڕەبووە دەربارەی ئەو کارە، بەڵام هەموو شتێک دەکات بۆ وەرگرتنەوەی خاکەکەی و لەکاتی ئەو قسەیشیدا هیچ پەشیمانییەک لە ناوچاوی دەرنەکەوتووە بۆ شاری هەڵەبجە، یەکێکی دیکە لەو ڕووداوانەی درانە پاڵ سەدام و بەسەریدا شکانەوە کارەساتی دوجەیل بوو، کە تەنیا لەبەرئەوە لەسێدارەدرا، کاتێک لە ١٩٨٢ لە دوجەیل هێرش دەکرێتە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی لەلایەن حیزبی دەعوەی ئیسلامی و ئەویش بڕیاردەدات بە لەسێدارەدانی دەیان کەسی گوندەکە و ڕاماڵینی ١٠٠٠ کیلۆمەتری دووجا لە ناوچەکە، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ٣٩٣ پیاو و ٣٩٤ ژن و منداڵ ڕاپێچکران بۆ زیندانی ئەبوغرێب و تووشی کوشتن و سزادان بوونەوە.

داگیرکردنی عێراق

داگیرکردنی عێراق

ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی کارەکانی سەدام و بیانووەکانی ئەمریکا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر عێراق و دەوڵەتەکەی سەدام حسێنیان ڕووخاند، دواتر لە ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانی سووردا توانییان سەدام دەستگیر بکەن لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣، لە بەهاری ٢٠٠٣ زۆرێک لە هاوڕێ و نزیکەکانی دەستگیرکران و خێزانەکەی ڕایانکرد بۆ ئوردن، بەڵام کوڕەکانی و کوڕەزاکەی لە عێراق مانەوە و لە شاری مووسڵ لە ٢٠٠٣/٧/٢٣ لەدوای ڕووبەڕووبونەوەیەکی زۆر لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان کوژران.

دادگایی

لە ٣٠/٦/٢٠٠٤، سەدام و یانزە کەس لە گەورەکانی بەعس درانە دەست حکوومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و دادگایی، سەدام حسێن بە تۆمەتی کوشتنی ١٤٨ کەس لە ساڵی ١٩٨٢ لە ڕووداوی دوجەیل سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، لەو ماوەیەدا چەندین دادوەر و پارێزەر گۆڕان و هەندێکیان هەوڵی تیرۆرکردنیان درا، لە ڕۆژی ٢٠٠٦/١١/٥ سەدام حسێن سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

مردن

لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە بەرواری ٢٠٠٦/١٢/٣٠ سەدام حسێن لە کەمپی داد لە کازمیە لە بەغداد لەسێدارەدرا، دووجار شەهادەی خوێندووە و لە نیوەی دووەمیاندا لەسێدارەدراوە و تەواوی نەکردووە، لە ڕۆژی دواتریش لە تکریت نێژرا، لەگەڵ هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٥ گۆڕی سەدام ڕووخێنرا و تەقێنرایەوە. 


سەرچاوەکان



4080 بینین