ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
دوکتۆر موستەفامەحموود (بە عەرەبی: مصطفی محمود) نووسەر و ئەدیبی میسڕی ناودار لە ساڵی 1921 لە شاری "منووفیە" لە میسڕ لەدایکبووە، لە خێزانێکی ئاست مامناوەندی موسوڵمان پەروەردە کراوە، لە منداڵییەوە بەهۆی ئەوەی جەستەیەکی لاوازی هەبووە، هەمیشە نەخۆش و لاواز و ماندوو بووە، لە قۆناغەکانی خوێندن بەهۆی نەخۆشییەوە ماوەتەوە و دابڕاوە و لە هاوڕێکانی جیاوازتر بووە، بۆیە هەر لە منداڵییەوە کەسێکی زانستخواز و زیرەک و ژیر بووە هەمیشە گرنگی بە زانست داوە، لە قۆناغی لاوییەوە ئارەزووی لە زانستی توێکاری هەبووە، لە کۆلێجی پزیشکی وەرگیراوە لە قاهیرە و پسپۆڕی لە نشتەرگەری مێشک و دەمار وەرگرتووە، بەهۆی نەخۆشییەوە دوو ساڵ لە خوێندنی پزیشکی دابڕاوە، ئەو دوو ساڵەی بە خوێندنەوە و نووسین بەسەر بردووە، لە پاش تەواوکردنی کۆلێج، لە "گۆڤاری ڕۆز یوسف" کورتەچیرۆک و وتاری کورتی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی 1960 لە سەردەمی جەمال عەبدولناسڕ کاتێک بڕیارێک دەرچوو کە نابێت دوو پیشە لە یەک کاتدا ئەنجام بدەیت، موستەفامەحموود ئەو کاتە ئەندام بوو لە سەندیکای پزیشکانی میسڕ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، لەبەر خۆشەویستی بۆ نووسین، دەستی لە کاری پزیشکی هەڵگرتووە، کاری نووسەری و ڕۆژنامەنووسی لەلا پەسەندتر بووە.
چەند وێستگەیەک لە ژیانی موستەفامەحمود
ـ ناوەڕۆک و کڕۆکی بەرهەمەکانی بریتییە لە گێڕانەوە و خستنەڕووی ئەزموون و قۆناغەکانی ژیانی تایبەتی خۆی، کە چۆن قۆناغی ماددەگەرایی و عەلمانییەتی تێپەڕاندووە بەرەو قۆناغی جیهان و زاستی ئاینەکان و پاشان بەرەو بیروهزری سۆفیگەریی جێگیر بووە، شێوازی نووسینی بەهێز و قوڵ و سەرەنجڕاکێشن.
ـ زیاتر لە 89 بەرهەمی نووسینی هەیە، کە پێکهاتوون لە کتێبی زانستی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی و کورتەچیرۆک و ڕۆمان، هەروەها حەوت دەقی شانۆییشی نووسیوە.
ـ لە ساڵی 1971، نزیکەی 400 ئەڵقەی لە زنجیرە پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی بەناوی (العلم و الایمان/ زانست و باوەڕ) پێشکەش کردووە، ئەم پڕۆگرامە بابەتە زانستیە هەمەجۆرەکانی پەیوەست کردووە بە بنەماکانی ئاین و باوەڕەوە، ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە، بەڵام بەهۆی فشارێکی زۆری وەزیری ڕاگەیاندنی ئەو کاتەی وڵاتی میسڕ پڕۆگرامەکە دوای 28 ساڵ لە پێشکەشکردن ڕاگیرا.
ـ موستەفامەحموود دژایەتییەکی سەختی جەمال عەبدوولناسڕ بووە، هیچ کات سیستمی دەسەڵاتی ئەوی پێ گونجاو نەبووە، هەمیشە لە وتار و نووسینەکانی بەرهەڵستی و دژایەتی خۆی بۆ جەمال عەبدوولناسڕ دووپاتکردووەتەوە، وتەیەکی ناوداری هەیە لەبارەیەوە کە دەڵێت "هەڵەکانی عەبدوولناسڕ زۆرترن لە دەستکەوت و چاکەکانی، بنیاتنانی بەنداو و کارگە چی سوود و قازانجێکی هەیە ئەگەر تۆ کەسایەتی مرۆڤی میسری لەناوبەریت؟" بۆیە بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە لە سەردەمی جەمال عەبدوولناسڕ بۆ ماوەیەک ڕێگری لێکرا لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی و نووسینی لێ قەدەغەکرا.
ـ دوکتۆر موستەفامەحموود کۆمەڵێک بنکەی زانستی و خێرخوازی گرنگی لە میسڕ کردەوە، گرنگترینیان: نەخۆشخانەی مەحموود، سەنتەر و ناوەندی پزیشکی پسپۆڕە جیاجیا هەمەجۆرەکان، چەندین مزگەوت و کتێبخانە و مۆزەحانەی جیۆلۆجی و مۆزەخانەی زیندەوەرە ئاوییەکان و ناوەندێکی فەلەکناسیشی کردووەتەوە.
گرنگترین بەرهەمەکانی
- کتێبی "گەشتەکەم لە گومانەوە بۆ باوەڕ"
- کتێبی "گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ بێباوەڕەکەم"
- کتێبی "خودا و مرۆڤ"
- کتێبی "نهێنی مردن"
- کتێبی "ئەنیشتاین و ڕێژەیی"
- کتێبی "قورئان هەوڵێکە بۆ تێگەیشتنی مۆدێرنانە"
- ڕۆمانی "پیاوێک لەژێری سفرەوە".
- ڕۆمانی "جاڵجاڵۆکە"
- شانۆگەری "هاوشێوەی مرۆڤ"
- شانۆگەری "جەهەنەمی بچووک"
- شانۆگەری "سەرۆک"
- شانۆگەری "مرۆڤ و سێبەر"
باری خێزانی
موستەفامەحموود دووجار هاوسەرگیری کردووە، لە ساڵی 1961 هاوسەرگیری لەگەڵ شاجوانی میسڕ کردووە بە ناوی سامییە، بوونە خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەدهەم و ئەمەل، هاوسەرگیرییەکەیان تاکوو ساڵی 1983 بەردەوامی هەبووە و جیابوونەتەوە، لە پاش دە ساڵ بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری کردووەتەوە لەگەڵ "زەینەب حەمدی" بەڵام هاوسەرگیرییەکەیان زۆری نەخایاندووە لە ساڵی 1987 جیابووەنەتەوە.
کۆچی دوایی
دوکتۆر موستەفامەحموود لە 31ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2009 لە تەمەنی 88 ساڵید کۆچی دوایی کردووە، پێش کۆچی دوایی بە شەش ساڵ لە جیهان دوورکەوتووەتەوە و دەستی لە نووسین هەڵگرتووە.