ناوهڕۆك
ناساندن
عومەری خاوەر (بە عەرەبی: عمر خاور، بە ئینگلیزی: Omari Khawar)، دانیشتوویەکی شاری ھەڵەبجەی شەهید بوو کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ـدا لەگەڵ منداڵەکەی باوەشی بوون بەقوربانیی چەکی کیمیایی، وێنەی ساتی شەهیدبوونەکەیان وەکوو ھێمای کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە دەناسرێت.
ژیان و کەسایەتی
لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٤ـی شارۆچکەی باوەنووری سەر بە ناوچەی گەرمیانە، بەرەو هەڵەبجەی شەهید هاتوون و لەوێ ماونەتەوە، عومەری خاوەر بەناوی دایکییەوە بانگکراوە و لە ژیانیدا دووجار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە.
خاوەنی حەوت کچ و سێ کوڕ بووە بە ناوەکانی (گەرمیان، کوێستان، تارا، شیلان، ژیان، جوانە، بەیان، حەمەشوان، ئەحمەد، محەمەد). حەمەشوان لە تەمەنی سێ ساڵیدا بەنەخۆشی گیان لە دەستدەدات، بەڵام ئەو منداڵەی کە لەکاتی کیمیابارانەکەدا لە باوەشیدایە ڕوون نییە کە محەمەدە یاخود ئەحمەد.
بەیانیان کاری نانەوایی کردووە دوای نیوەڕوان پاسەوانی (باخچەی ساوایانی ھەڵەبجە) بووە، ماوەیەک لە ئۆردووگای سەرپێڵی زەهاو کاری ئێشکگری کردووە. کەسایەتییەکی بەناوبانگی هەڵەبجە بووە و بەژداریی شانۆییەکانی ئەو کاتەی هەڵەبجەی کردووە و کەسێکی کۆمەڵایەتیی بووە.
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
هێرشێکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیلی شاری هەڵەبجە بوو لە کۆتا ڕۆژەکانی جەنگی ئێران و عێراق لە ڕێکەوتی ١٩٨٨/٣/١٦. هێرشەکە لە گازی خەردەل و کۆمەڵێک گازی تری تێکدەری مێشک و دەمار پێکهاتبوو. هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٥,٠٠٠ کەس و برینداربوونی ١٠,٠٠٠ کەسی تر و ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان. بەرپرسی هێرشەکە عەلی حەسەن مەجید، سەرداری یەکەمی سوپای عێراق و حیزبی بەعس بوو کە لەو ساتەدا بەرپرسی هێرشەکانی شاڵاوی ئەنفال بوو. دواتر بەهۆی کارەکانییەوە لە ساڵی ٢٠١٠ لەسێدارە درا.
وێنەکەی عومەری خاوەر
لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، خەڵکی هەڵەبجە ویستیان بەرەو دەرەوەی شارەکە بڕۆن لەترسی بۆمبارانکردنەکە بەڵام لەم نێوەندەدا بەهۆی گازەکەوە نەیانتوانی بچنە دەرەوەی شارەکە و هەر یەکەو لە جێگەیەکدا گیانی سپارد.
دوای دوو ڕۆژ لە کیمیابارانی ھەڵەبجە، ڕەمەزان ئۆزتورک کە ڕۆژنامەنووس و وێنەگرێکی کوردی باکووری کوردستانە هاتووەتە هەڵەبجە و ڕووماڵی کیمیابارانەکەی کردووە و وێنەی عومەری خاوەری گرتووە کە منداڵێک لە باوەشیدایە، ئەم وێنەیە بووە سیمبوولی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.