ناوهڕۆك
سەرەتا
پارێزگای ئەنبار (بە عەرەبی: الأنبار، بە ئینگلیزی: AL Anbar) سێیەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و سێیەکی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، دەکەوێتە ڕۆژئاوای عێراقەوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 138٫500 کیلۆمەتر دووجایە، شاری ڕوومادی ناوەندی پارێزگاکەیە، پارێزگاکە دابەشبووەتە سەر هەشت ناوچەی کارگێڕی بەڕێوەبردن.
شوێنی جوگرافی
بەهۆی بەرفراوانی ڕووبەرەکەی شوێنی جوگرافییەکەی ستراتیجییە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی فراوانە، 112 کیلۆمەتر لە شاری بەغدادەوە دوورە، لە باکوورەوە هەردوو شاری مووسڵ و تکریت دەوریان داوە، وڵاتی سوریا دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاواویەوە و وڵاتی ئوردن دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەم شارەوە، وڵاتی سعودیە دەکەوێتە باشوورییەوە، شاری بەغدادیش دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتیەوە، هەریەک لە پارێزگای کەربەلا و نەجەف دەکەونە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە، چەند دەریاچەیەکی ناوداری تێدا هەڵقوڵاوە نموونەی دەریاچەی حەببانییە.
کەشوهەوای ئەنبار
کەشوهەوای ناوچەکە گەرم و بیابانییە، ڕێژەی باران بارینی کەمە و ساڵانە ڕێژەکەی دەگاتە 115ملیم، پلەکانی گەرمی لە نێوان کاتەکانی شەو و ڕۆژدا زۆر جیاوازە، ڕادەی شێی نزمە، بەرزترین پلەی خێرایی با 21 مەترە لە چرکەیەکدا.
مێژووی پارێزگای ئەنبار
ـ تاکوو ساڵی 1961 پارێزگاکە بە ناوی لیوا دلێم ناسراو بوو بەهۆی فەرمانڕەوایی عەشیرەتی دلێم لەو سەردەمەدا، ئەنبار وشەیەکی فارسییە بە واتای کۆگا یاخوود عەنبارکردن دێت، بەو ناوەوە ناونراوە چوونکە شوێنێکی گونجاو بووە بۆ کۆگاکردنی چەک و تەقەمەنی، هەروەها شوێنێکی لەبار بووە بۆ هەڵگرتن و بە کۆگاکردنی گەنم و جۆ و تووتن.
ـ لە سەردەمی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ساسانییەکان پێگەیەکی گرنگی هەبووە و لەم شاردا بەرپەرچی هێز و شەڕەکانی ڕوومەکان بوونەتەوە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان خەلیفە ئەبوو عەباس محەمەدی عەباسی لە ساڵی 134ی کۆچی لە دوای شاری کوفە، ئەبار بە دووەم پایتەختی عەباسییەکان هەڵبژاردووە، لەو سەردەمەدا چەندان کۆشک و تەلاری گەورەی تێدا بنیاتنراوە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە ساڵی 1705 ئەنبار وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ دیاری کرابوو، شێخ عەیسەی زیاب فەرمانڕەوایی ناوچەکەی دەکرد و بۆ ماوەی دوو سەدە هۆزی دلێم فەرمانڕەوا بوون، لەو سەردەمەدا شارەکە پێگەیەکی ئابووری و بازرگانی باڵای هەبووە چوونکە کورتترین ڕێگە بووە بۆ جمووجۆڵە بازرگانییەکانی نێوان شاری مووسڵ و حەلەب و دیاربەکر.
ـ لە 31ی تەمموزی ساڵی 1921 مەلیک فەیسەڵی یەکەم سەردانی شارەکەی کرد و ژمارەیەک لە شێخ و سەرۆک هۆزە ناودارەکانی ئەنبار پێشوازییان لێکرد و ڕازیبوون و پشتگیری خۆیان بۆ مەلیکی عێراق دووپاتکردەوە.
ـ لە ساڵی 2003 دوای ڕووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق، دانیشتوانی پارێزگای ئەنبار بەرهەڵستی هێزەکانی ئەمریکایان کرد و ڕووبەڕوویان بوونەوە، بە تایبەتی شاری فەلوجە کە نزیکەی ساڵێک بەرگری کرد، بە دوو قۆناغ شارەکەیان داگیر کرا، قۆناغی یەکەم بریتی بوو لە هێرشی یەکەمی ئەمریکا کە لەلایەن دانشتوانی فەلوجەوە بە قورسترین شێوە بەرپەرچدرایەوە و هێزی ئەمریکا زیانی زۆری بەرکەوت، لە دووەم قۆناغدا ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی و چەکی قورس ڕووبەڕووی هاونیشتمانیان بووەوە، و هەندێک بەڵگە دەرخەری بەکارهێنانی چەک و بۆمبی کیمیایی بوون لەو شارە، بۆیە بەشێک لە دامودەزگاکانی دووچاری خاپوورکردن و تاڵانکردن بوونەوە.
ـ لە ساڵی 2012 ناڕەزایی و خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی نوری مالیکی سەروەزیرانی ئەو کاتەی عێراق دروستبوو.
ـ لە ساڵی 2014 لەکاتی سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکان، هاوشێوەی داگیرکردنی شاری مووسڵ و شاری تکریت داعش هەموو ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکەی داگیر کرد جگە لە ناوچەی حەدیسە کە بەرگرییەکی توندیان کرد و خۆیان بەدەستەوە نەدا، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی ئاوارەی ناوچەکانی تری عێراق بوون.
ـ بە یارمەتی هێزە چەکدارە ناوخۆییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، لە مانگی مایسی ساڵی 2015 حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی ئەو کاتەی عێراق بە فەرمی ڕزگارکردنی شاری ئەنباری لەژێر داگیرکاری داعش ڕاگەیاند.
دانیشتوان
بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئاینی ئیسلامن، و لەسەر ڕێبازی سوننە مەزهەبن، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێری ساڵی 2013 ژمارەی دانیشتوانکەی نزیکەی ملیۆنێک و نۆسەد هەزار کەسن، بەشێکی زۆری شێخ و عەشیرەت و هۆزە ناودارەکانی عێراق نیشتەجێی ئەو شارەن، دانیشتوانەکەی زۆر میواندۆست و بە ئەمەکن، تەنانەت بەهۆی میواندۆستی خەڵکەکەی زۆرێک لە ناوچەکانی شارەکە هیچ ئوتێل و میوانخانەیەکی تێدا نییە.
سەرچاوە سروشتییەکان و کشتوکاڵ لە ناوچەکە
ـ گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەم ناوچەیە بریتین لە گەنم و جۆ و پەتاتە و گەنمەشامی و ئاڵفی ئاژەڵی، بڕیکی زۆر لە بێستان و ڕەز و باخی تێدایە، نزیکەی 2.5 ملیۆن داری خورمای هایە، بۆ سەرچاوەی ئاودێری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان جوتیاران بەهۆی کەمی باران بارین بەگشتی پشت بە بیر و چاوگ و ئاودانی دێمی دەبەستن.
ـ شاری ئەنبار بڕی 5.3 ترلیۆن فیتی سێجا گازی سروشتی لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە چەندین سەرچاوەی کانزایی وەکوو ئاڵتوون و فۆسفات و ئاسن و یۆرانیۆم و گۆگرد و زیو، هەروەها چەندان بیری نەوتی گرنگی تێدایە.
گەشتیاریی
ئەنبار چەندین شوێنی گەشتیاری هەیە بەناوبانگترینیان دەریاچەی حەببانیە و دەریاچەی سەرسار و دەریاچەی قادسیە و دەریاچەی ڕەزازە، هەروەها کانی گۆگرد و قوڕاوی سروشتی تێدایە نموونەی وادی حەجلان کە بۆ چارەسەریی نەۆشییەکان بەکاردێت، چەندین شوێنەواری دێرین و مێژوویی تیدایە نموونەی قەڵای هیت و ناعووڕی مێژوویی و مزگەوتی مەزن کە لە سەردەمی عوسمانییەکان بنیاتنراوە، شاری ئەنبار ڕووبەر و پانتاییەکی فراوانی لە بیایانەکان هەیە، سروشت و تایبەتمەندی زۆر ناوازەی هەیە.
شار و شارۆچکەکانی پارێزگای ئەنبار
- ڕوومادی
- فەلوجە
- قائم
- هیت
- حەببانییە
- حەدیسە
- ڕوتبە
- عەکاشات
- سەقڵاوییە
- جەزیرە
- ڕووماننە
- کیسرە
- عامڕییە
- پەروانە
- کوبەیسە