ناوهڕۆك
سەرەتا
جۆن فیتزگیرالد کەنەدی (بە ئینگلیزی: John F.Kennedy، بە عەرەبی: جون كينيدي) هەروەها ناسراوە بە (JFK.Jack) لە ٢٩/٥/١٩١٧ لە برۆکلاین لەدایکبووە، یەکێکە لە نۆ منداڵەکەی ڕۆس و جۆسیف پاتریک کەنەدی، خێزانێکی بەناوبانگی سیاسی ئەمریکی بوون کە بنچینەیان شاری بۆستۆنە. هەر لە منداڵییەوە چەندەها کێشەی تەندروستی هەبووە لە تەمەنی سێ ساڵیدا توشی تاسوورە بووە.
ژیانی جۆن کەنەدی
دوای دەرچوونی لە زانکۆی هارڤارد چووەتە ناو هێزی دەریای و لە باشووری پەسیفیک لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بە جێدار دەستنیشان کرا، دوای کۆتایی هاتنی جەنگ ڕایکرد بۆ یازدەهەمین ناوچەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی. بە درێژای ژیانی دیموکرات خوازبووە، سێ دەور خزمەتی کردووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پاشان لە ساڵی ١٩٥٢ بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا. لە تەمەنی ٣٦ ساڵی هاوسەرگیری لەگەڵ جاکلین بوڤیەی کرد کە نوسەرێکی ٢٤ ساڵ بوو.
جۆن دوای هاوسەرگیری کردنی دوو نەشتەرگەری سەختی پشتی ئەنجامدا، لە ساڵی ١٩٥٧ لە ماوەی چاکبوونەوەیدا کتێبی "دیمەنەکان لە بوێریدا"ـی نووسی و بووە براوەی خەڵاتی پولیتزەر، لە هەمان ساڵدا یەکەم منداڵی لەدایکبوو. لە ساڵی ١٩٦٠ وەک کاندیدی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی دەستنیشان کرا.
جۆن کەنەدی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لە ١٨/١١/١٩٦٠ سەرکەوت بەسەر ڕیچارد نیکسۆن ـدا، لە ٤٣ ساڵی بوە ٣٥ـەمین و گەنجترین سەرۆکی ئەمریکا و یەکەم کاسۆلیک، لە هەمان ساڵدا دووەم منداڵی لەدایکبوو. جۆن کەنەدی لە کاتێکی هەستیار و دژواردا لە ماوەی جەنگی سارددا سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتە دەست و خاوەنی هەڵوێستی بەهێز بوو لە بەرامبەر یەکێتیی سۆڤیەتدا لە هەموو ڕویەکەوە هەر ئەمەش وای کردووە لە هەموو سەرۆکەکانی تری ئەمریکا گرنگتر بێت و لەلایەن خەڵکەوە خۆشویستراو بێت.
لەسەرەتای بوون بە سەرۆکی چەندین دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێنا، سوپای ئاشتی دروستکرد بۆ یارمەتیدانی خەڵکی، ئەمریکای فراوانکرد. پڕۆژەی بۆشای ئاسمانی دانا ساڵی ١٩٦١ ئالان شیپارد بووە یەکەم ئەمریکی کە چووە بۆشای ئاسمان.
چاکسازیەکانی جۆن کەنەدی توانی ئەمریکا لە قەیران دەربهێنێت هەروەها دانوستانی لەگەڵ نیکیتا خروشچێڤی سەرۆکی سۆڤیەت کرد بۆ کۆتای هێنان بە موشەک بارانکردنی کوبا. بەرنامەی سنووری نوێی کەنەدی ڕێگەی بۆ چاکسازی گرنگ خۆشکرد وەک کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، یاسادانانی دژە هەژاری، یارمەتیدانی جوتیاران و کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوونی ئاو، هەروەها پشتگیری مافی مرۆڤی کرد و یارمەتی نەمانی ڕەگەزپەرستی کە بەشێک بوون لە یاسای مافی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٦.
تیرۆرکردنی
لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٣ جۆن کەنەدی، هاوسەرەکەی، سەرۆک ڤیس و لیندۆن جانسۆن گەشتیان کرد بۆ تێکساس لە چەند ناوچەیەک وەستان و پاشان لە ٢٢ـی ١١ لەلایەن جەماوەرەوە بەخێرهاتنیان کرا. بەرنامەیان دانابوو لەگەڵ پارێزگاری تێکساس, هاوسەرەکەی و سەرۆک ڤیس بڕۆن بوو دامەزراوەیەکی بازرگانی و وتارێک پێشکەش بکات کە بە درێژای ١٦ کیلۆمەتر نزیکەی ٢٠٠٫٠٠٠ کەس ئامادەبوون، لە کاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەکان لە کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆ دەنگی تەقە بیسترا لەبینایەکی نزیکەوە و یەکێکیان بە ملی سەرۆکدا تێپەڕی و دووەم تەقە پشتی سەری پێکا، پارێزگاری تێکساسیش بریندار بوو بەڵام ڕزگاری بوو. جۆن کەنەدی گەیەندرایە نەخۆشخانە بەڵام دکتۆرەکان نەیانتوانی چارەسەری بکەن، ٧٠ خولەک دوای ڕوداوەکە گومانلێکراوێک لە لایەن پۆلیسی داڵاسەوە دەستگیرکرا بە ناوی هارڤی ئۆسواڵد بەپێی یاسای ویلایەتی تێکساس تاوانبارکرا بە کوشتنی کەنەدی لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفیزیۆنەوە بردرایە بەندینخانەی شارەکە. دوای نیو کاتژمێر مردنەکەی ڕاگەیەندرا، لە کاتژمێر ٢:٣٨ خولەکی نیوەڕۆ جۆنسۆن بە سەرۆک دانرا.
پاش مردنی
تەرمی کەنەدی برا بۆ کەنیسە و ٢٥٠٫٠٠٠ کەس ئامادەبوون، پرسەکەی لە ٢٥ـی ١١ بەڕێوەچوو لە گۆڕستانی نەتەوەی ئارلینگتۆن نێژرا.
سەرۆک جۆنسۆن بڕوای وابوو کوشتنەکەی پیلانگێڕیەکە بەڵام نەیدەویست کێشە لەگەڵ کوبا یان یەکێتیی سۆڤیەت دروست بکات. کۆمسیۆنی سەرۆک کە بە نافەرمی ناسراوە بە کۆمسیۆنی وارن دانرا بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی ڕاپۆرتی کوشتنەکەی دەستنیشان کرا، ڕاپۆرتی کۆتای کە ٨٨٨ لاپەڕەبوو پێشکەش بە سەرۆک جۆنسۆن کرا، شایەتحاڵەکان ئامادەبوون و بەڵگەکان خرانەڕوو گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی جۆن لەلایەن هارڤی ئۆسواڵدەوە کوژراوە و بکوژەکەش پاش دوو ڕۆژ لەلایەن جاک ڕوبی کوژرا.
لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ١٩٧٩ دا لیژنەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆیان دەرکەوت کە سێ تەقە لە تفەنگەکەی ئۆسواڵد بووە هۆی بریندارکردنی کۆناڵی پارێزگاری تێکساس و کوژرانی کەنەدی.
دوای شیکردنەوەی تۆماری دەنگی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە کەنەدی لە ئەنجامی پیلانگێڕیەک تیرۆرکراوە، لیژنەکە نەیانتوانی دووەم چەکدار یان گروپێک دیاریبکەن کە بەژداربێت لەم پیلانگێڕیە، هەرچەندە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئاماژەیان بە هەبوونی فیشەکێکی زیادە کردووە کە بە ئەگەری زۆرەوە دوو چەکدار تەقەیان لە کەنەدی کردووە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەکی قایلکەر نییە بۆ دیاریکردنی پیلانگێڕیەکە. هەرچۆنێک بێت تیرۆرکردنی کەنەدی هێشتا بابەتی مشتومڕی بەربڵاوی زاری خەڵکە، ڕاپرسیەکان کە لە ساڵی ١٩٦٦- ٢٠٠٤ ئەنجامدراوە بۆیان دەرکەوە کە لە ٪٨٠ ـی خەڵکی ئەمریکا پێیان وایە پیلانگێڕانێک هەبوبێت و پەردەپۆش کرابێت.