ناوهڕۆك
ناساندن
ناوچەی پشدەر (بە ئینگلیزی: Pshdar، بە عەرەبی: بشدر) یەکێکە لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینەوە کە دەکەوێتە بەشی باکووری خۆرھەڵاتی پارێزگای سلێمانی و لە باشووری کوردستان و نزیک لە دەریاچەی دوکان، هەروەها نزیکە لە سنووری ئێران، لە شەش ناحییە پێکھاتووە (قەڵادزێ، ژاراوە، ئیسێوێ، سەنگەسەر، ھەڵشۆ و ھێرۆ) کە ناوەندەکەی قەڵادزێیە کە ئاوەدانترین قەزای ناوچەکەیە.
ھەڵکەوتەی جوگرافیا
دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی ٣٦ پلە لە باکوور، هێڵی درێژی ٤٥ پلە لە ڕۆژهەڵات. ڕووبەری ناوچەی پشدەر ٩ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە ٨٨٢ مەترە. دەکەوێتە نێوان سنووری ڕۆژاوای ئێران لە بەشی ڕۆژھەڵاتیەوە و ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی ڕانیە لە بەشی ڕۆژاوایەوە و قەزای چۆمان و ڕەواندز لە بەشی باکووریەوەی سنووری قەزاکە پێکدێنن، دەکەوێتە بەشی باکووری پارێزگای سلێمانی لە سنووری ڕوژھەڵاتی باشووری کوردستان. ناوچەی پشدەر وەک ھەموو ناوچەکانی تری کوردستان بەپیت و بەرەکەتە، بە چەند زنجیرە چیایەک دەورە دراوە لەوانە لە ڕۆژھەڵاتەوە بە چیای مامەندەوە لە لای ڕۆژاواوە بە کێوەڕەش و لە باکوورەوە بە چیای قەندیل کە یەکێکە لە هەرە چیا بەرزەکان و پڕبەفرترین چیاکانی کوردستان بەرزییەکەی ٣٥٧٨ مەترە.
ژمارەی دانیشتوان
کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانەکەی بە پێی ئاماری ساڵی (٢٠١٠) ١٤٠٫٧٣١ کەس بووە. هەروەها ناوچەی پشدەر بە پێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (٢٠١٨) لە ١٣١٫٣٨٢ کەس پێک هاتووە.
ناوی پشدەر
دەربارەی ناوی پشدەر و ڕەگ و ڕیشەکەی چەندین بیروڕای جیاواز ھەیە، لە سەردەمی کۆنەوە تا ئەمڕۆ چەند جارێک گۆڕانکاری بە سەر ناوی پشدەردا ھاتووە، لە کۆندا بە پشدەر وتراوە "نامری" ناوھێنای پشدەر بە نامری لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە سەردەمانێکی کۆندا ناوچەکە بەو ناوە ناسراوە، ئەگەر ئاماژە بە سەردەمی نوێتر بکەین بە پشدەر وتراوە "شیدەر" "پشتدەر"، "شیدەر" لە زمانی پەھلەویدا بە واتای نوور و ڕۆشنای ھاتووە، ھەروەھا گوتراویشە کە ناوی پشدەر بە "بشتیر" ھاتووە کە ئەمەش گوندێکە و ناوی گوندەکەش "پشت دەربەندە".
مێژووی پشدەر
مێژووی بنیادنانی پشدەر دەگەڕێتەوە بۆ ٨٣٤ ساڵی پێش زایینی بە درێژایی مێژوو شوێنێکی ئاوەدان بووە، لە ھەمان کاتیشدا لە ڕووی سەربازی و بازرگانیەوە وەک شوێنێکی گرنگ و ستراتیجی دانراوە، ھەر بۆیە لە سەدەکانی پێش زایینیدا بە بەردەوامی ڕێگەی سوپا و کاروانە سەربازیەکان بووە.
کشتوکاڵ لە ناوچەی پشدەر
خاوەنی خاکێکی بەپیت و بەرەکەتە، توانای بەرھەم ھێنانی کشتوکاڵی زۆرە و جوتیاران سوودی لێ دەبینن بە ھاوینان بۆ بەرھەم ھێنانی (توتن، گوڵەبەڕۆژە، تەماتە، پیاز، شووتی و پەموو) و چەندان بەرھەمی تر. هاوکات زەوییەکان بەکار دەھێنن بۆ بەرھەم ھێنانی (گەنم، جۆ، نۆک، نیسک و کاڵەک). لە ناوچە فێنکەکانیش وەک دەشت و گوندەکانی پشت قەڵادزێ میوەهاتێکی زۆری لێ بەرھەم دێت وەک (ھەنار، سێو، گوێز، ھەرمێ و ترێ)، بەرھەمە سروشتییەکانیش زۆرن وەک (ڕێواس، کنگر، تۆڵەکە، ھێرۆ، کیسوێ، کارگ، بنێشتی کوردی، قەزوان، مێوژ و کرۆسک).
ژمارەی گوند و ناحیەکانی ناوچەی پشدەر
ناحیەی قەڵادزێ ناوەندی قەزاکەیە کە خاوەنی ٤٣ گوندە
ناحیەی ئیسێوێ خاوەندی ٣٨ گوندە
ناحیەی ژاراوە خاوەنی ٤٣ گوندە
ناحیەی سەنگەسەر خاوەنی ٦٤ گوندە
ناحیەی هەڵشۆ خاوەنی ٥٧ گوندە
ناحیەی هێرۆ خاوەنی ١٩ گوندە