ناوهڕۆك
ناساندن
باراک حوسێن ئۆباما (بە ئینگلیزی: Barack Obama، بە عەرەبی: باراك أوباما) کەسایەتییەکی سیاسی و چل و چوارەمین سەرۆکی ئەمریکایە، و لە ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٧ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بووە، ئەندامی حیزبی دیموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە و خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەرگرتووە، هەروەها یەکەمین سەرۆکی ڕەشپێست بووە لە مێژووی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
ژیاننامە
خێزانی ئۆباما
ئۆباما لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٦١ لە ویلایەتی هاوای لە باوکێکی کینی و دایکێکی ئەمریکی لەدایکبووە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا باوکی جێی هێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی کینیا و لای دایکی ماوەتەوە و دایکی بەتەنیا پەروەردەی کردووە، دواتر دایکی ئۆباما بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ قوتابییەکی ئەندەنووسی کردووە و هەموو خێزانەکەی لە جاکارتا نیشتەجێ دەبن و پاشان مایای خوشکی لە دایک دەبێت، لە ساڵی ١٩٩٥ دایکی ئۆباما بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات، نووسەری ناودار سکوتتۆرۆ دەڵێت ئۆباما بۆ ماوەی دوو ساڵ لە قوتابخانەیەکی ئیسلامی خوێندوویەتی بەڵام دواتر ئایینی خۆی گۆڕیوە بۆ ئایینی مەسیحی، ئۆباما لە ساڵی ١٩٨٩ میشێل ڕۆبنسن لە شاری شیکاگۆ دەناسێت و دەیکات بە ڕاوێژکاری خۆی، دواتر پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت لە ساڵی ١٩٩٢ هاوسەرگیری دەکەن، میشێل بۆ ئەوەی منداڵ بخاتەوە پەنا دەباتە بەر منداڵی بلووری، لە ساڵی ١٩٩٨ کچەکەیان دێتە دونیاوە و ناوی دەنێن مالیا ئان دواتر لە ٢٠٠١ دووەم کچیان ناتاشا لە دایک دەبێت.
خوێندن و کار
خوێندنی باڵای لە ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی کۆڵۆمبیا تەواو کردووە و بڕوانامەی لە زانستە سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە، دواتر بەشی یاسای لە زانکۆی هارڤارد تەواو کردووە پاشان لە ساڵی ١٩٩٢-٢٠٠٤ بووە بە وانەبێژ لە زانکۆی شیکاگۆ و وانەی دەربارەی یاسای دەستووری فێری خوێندکارەکان کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکا کاندید کرد و توانی سەربکەوێت، لە دوای دامەزراندنی وەک سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنێتەوە و هێرشەکان لە عێراق بوەستێنێت هەروەها بیانگوازێتەوە بۆ ئەفغانستان و ناوچەی کەنداو.
سەرۆکایەتی ئۆباما و دەستکەوتەکانی
ئۆباما لە ماوەی سەرۆکایەتیدا توانی ئاماژە بە قەیرانی دارایی جیهانی بکات هەروەها ببێتە هاندەرێک بۆ نەهێشتنی قەیران و لابردنی باج کە جۆرج بۆشی سەرۆکی پێشوو داینابوو، چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی و پەروەردە و و یاسای دارایی، کشانەوەی سەربازەکان لە عێراق و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی یاخیبوون دژ بە ئەمریکا کە بە هۆی جۆرج بۆشەوە دروست بووبوو، لە ساڵی ٢٠١١ توانی ئوسامە بن لادن بکوژێت کە سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە بوو هەروەها لای ئەمریکییەکان بە تیرۆریستێکی جیهانی دادەنرا، ئۆباما لە ماوەی سەرۆکایەتیدا گەرمبوونی جیهانی بە گەورەترین هەڕەشەی درێژخایەن وەسف کرد کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە، پاشان لەدوای هەوڵێکی زۆر چەند هەنگاوێک دەنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی جیهان، هەرچەندە نەیتوانی بەتەواوی بەسەر گەرمبوونی جیهان زاڵ ببێت و نەیهێڵێت بەڵام توانی تیشکدانەوە و بەکارهێنانی ئاوێتە ئەندامییەکان کەم بکاتەوە کە هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی جیهانن، لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕی ٥٤ ملیار دۆلاری تەرخان کرد بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی وزەی ناوخۆییی و کاراکردنی بینای فیدراڵی و باشترکردنی تۆڕی کارەبا و چاککردنەوەی خانووی گشتی، هەروەها بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرز کردەوە و ٤٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ فرۆشراون، پاڵپشتی لە کۆچبەرەکان دەکرد و هەوڵی بەهاوڵاتیکردنی پەنابەرە نایاسایییەکان دەدا کە نیشتەجێی ئەمریکا بوون، ئۆباما چەندەها ملیار دۆلاری بۆ ڕێکخراوی ناسا دابین کرد و پرۆژەی هەوڵدان بۆ نیشتەجێکردنی مرۆڤی لەسەر هەسارەی مەریخ پێشنیار کرد پەرەی پێدا و بڕیاری دا بۆ ساڵی ٢٠٣٠ مرۆڤ بتوانێت لەسەر مەریخ بژیێت.
ئۆباما دوای سەرۆکایەتی
سەرۆکایەتی ئۆباما لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ کۆتای پێ هات، پاشان دۆناڵد ترەمپ دەست بەکار بوو وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئۆباما لە دوای خانەنشین بوونی خانوویەک لە واشنتن بۆ خۆی و خێزانەکەی بە کرێ دەگرێت، کۆتا دەرکەوتنی ئۆباما لە ساڵی لە زانکۆی شیکاگۆ بوو لە کاتی پێشکەشکردنی سیمینارێک دەربارەی هاندانی گەنجان بۆ چوونە ناو سیاسەت.