ناوهڕۆك
ناساندن
لێستەر (بە ئینگلیزی: Leicester، بە عەرەبی: لیستر)شارێکە لە ناوەندی ئینگلتەرا، لە ئێست میدلەند. لێستەر درێژدەبێتەوە بۆ سەر ڕووباری سۆ (Soar) و نزیکە لە کۆتایی ڕۆژهەڵاتی دارستانی نیشتمانی. ئەم شارە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی بێرمینگهام و کۆڤێنتری و باشووری نۆتینگهام و ڕۆژئاوای پیتەربۆرۆ. لە ناوەڕاستی ساڵی 2016ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە 348,300 کەس خەمڵێندرا. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە 73.3 کیلۆمەتر دووجایە.
مێژوو
لێستەر تەنها یەکێک لە گەورەترین شارەکانی ئینگلتەرا نییە، بەڵکوو یەکێکە لە کۆنترین شارەکانیش. مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی پێش زایین. پێدەچێت مێژووی لێستەر بە نشینگەی سێلتیکەکان دەست پێ بکات، ڕۆمانەکان لە ساڵی 43ـی زایینیدا هێرشیان کردە سەر بەریتانیا و لە ساڵی 47ـی زایینیدا لێستەر شایەریان داگیرکرد. لە ساڵی 48ـی زایینیدا ڕۆمەکان قەڵایەکیان دروست کرد و بازاڕێکیان بۆ فرۆشتنی ئەو شتومەکانە دروست کرد کە لە ناوچەکەدا دروست دەکرا. پاشان وردەوردە ناوچەکە گەشەی کرد و دانیشتووان خانووەکانیان لە بەرد دروست کرد. لێستەری ڕۆمانی لە سەدەی سێیەمدا گەشەی کرد و لە سەدەی چواردا گەشتە لووتکە، پاشان شارستانییەتی ڕۆمانی وردەوردە لەناوچوو و لە ساڵی 407ـدا سەربازە ڕۆمانییەکان بەریتانیان جێهێشت و شارۆچکە ڕۆمانییەکان وێران بوون، شارۆچکەکە چۆڵکرا بەڵام پێدەچێت هەندێک خەڵک لە تەنیشت دیوارەکان مابنەوە و خەریکی کشتوکاڵ بووبێتن. لە سەدەی حەوت بەدواوە لێستەر وەکوو شارۆچکەیەکی سەر بە ئینگلتەرا دەستی بە گەشەسەندن کردەوە و لە ئێستادا یەکێکە لە شارە گەورە و گرنگەکانی وڵاتەکەی.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی لێستەر لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا 329,939 کەس بوو، ئەم ژمارەیە ئەوە دەردەخات کە بەراورد بە ساڵی 2001 دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی 11.8% زیادی کردووە. هەروەها چڕی دانیشتووانی لێستەر 4,494 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
پێکهاتە نەتەوەییەکانی شاری لێستەر بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011 بریتیبوون لە:
- سپی پێست 50.6%
- باشووری ئاسیایی 5.1%
- ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە 1.4%
- ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی 1.7%
- خۆرهەڵات ئاسیا و نەتەوەکانی تر 1.3%
ئایین
لە ئێستادا، مەسیحی ئایینی سەرەکی شارەکەیە و 32.4%ـی دانیشتووانی شارەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین. دووەم ئایینی لێستەر، ئایینی ئیسلامە و موسڵمانان 18.6%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. ڕێژەی هیندۆسەکان نزیکه لە ڕێژەی موسڵمانان و 15.2%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. هەروەها ئایینەکانی دیکەی شاری لێستەر کە نوێنەرایەتی ڕێژەیەکی کەمتر لە خەڵکی دەکەن بریتین لە سیخەکان بە ڕێژەی 4.4%، ئایینی بوداییزم بە ڕێژەی 4% و جوولەکەکان بە ڕێژەی1%. ئایینەکانی دیکە 6%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و، لە 22.8%ـی دانیشتووانیش خۆیانیان بەبێ ئایین داوە لە قەڵەم.
کەشوهەوا
کەشوهەوای شاری لێستەر کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسییە، مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە، و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەند و بە شێوەیەکی ڕێژەیی باراناوییە.
زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە سادترین شەوەکانی ساڵدا بەزۆری پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ 6- و 7- پلەی سەدی، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1982ـدا 17- پلەی سەدی بوو.
پلەکانی گەرما لە ورزی هاویندا مامناوەندن و بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی 2019ـدا گەشتە 35 پلەی سەدی.
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، بەگشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، پلەکانی گەرما لەم کاتەدا بەگشتی خۆشن.
ڕێژەی دابارینی ساڵانە لەم شارەدا 620 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگدا کە مانگی شوباتە 40 مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگەکانی ساڵدا کە حوزەیران و تشرینی یەکەمە 60 مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی 1455 کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.
هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە
- پێشەنگای نیگارکێشی و مۆزەخانەی لێستەر
- کڵێسای لێستەر
- دامودەزگای شارەوانی لێستەر
- ناوەندی بۆشایی نیشتیمانی
- شانۆی کێرڤ
- پارکی ئابی
- وێستگەی بەنزینی ئابی
- یاریگای کینگ پاوەر