ناوهڕۆك
ناساندن
تەیسیر مەحموود محەمەد جەعبەری یان ئەبوو مەحموود (بە ئینگلیزی: Tayseer Jabari، بە عەرەبی: تيسير الجعبري) فەرماندەیەکی سەربازی فەڵەستینییە، بە دووەم سەرکردەی سەربازیی سەرایا قودس ناسراوە، بەو پێیەی لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تاوەکوو تیرۆرکردنی، پۆستی فەرماندەیی ناوچەی غەززە و باکووری کەرتی غەززەی لە سەرایا قودسدا هەبووە. ئەمەش دوای بەها ئەبوو عەتا، کە لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆرکرا.
ژیان
تەیسیر مەحموود محەمەد جەعبەری، لەدایکبووی ١٩٧٢/١/١٨ شاری غەززە و دانیشتووی گەڕەکی شوجاعییەی شاری غەززە بووە. جەعبەری پێشتر سەرۆکی لقی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرایا قودس بووە، دواتر لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بووە بە فەرماندەی غەززە و بەرەی باکوور، لە شەڕی غەززەی ٢٠١٢ و ٢٠١٤دا دووجار لە هەوڵی تیرۆرکردنی ڕزگاری بووە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
تیرۆرکردن
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٥ی ئابی ٢٠٢٢، پەخشی کەناڵی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەناکاو و بەرفراوان لە شاری غەززە، جەعبەرییان تیرۆر کردووە، دواتریش لەلایەن وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییەوە پشتڕاستکرایەوە.