ناوهڕۆك
ناساندن
نزار عەبدولقادر محەمەد ڕەییان عەسقەلانی (بە ئینگلیزی: Nizar Rayan، بە عەرەبی: نزار ريان) بانگخوازێکی ئیسلامی، سیاسەتمەدار، سەرکردەی سیاسی و سەربازی لە بزووتنەوەی حەماس، مامۆستای فەرموودەی زانکۆ، و مامۆستای شەریعەت لە فاکەڵتی بنەماکانی ئایین لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە بووە.
ناوی لەدایکبوون | نزار عەبدولقادر محەمەد ڕەییان عەسقەلانی |
---|---|
لەدایک بوون | ٦ی ئازاری ١٩٥٩، غەززە |
مەرگ | ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ (تەمەن ٤٩ ساڵ) - غەززە |
هۆکاری مردن | فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف ١٦ی ئیسرائیلی بە دوو مووشەک ماڵەکەی بۆردومان کرد کە کێشی یەکێکیان تەنێک بوو، هێزی تەقینەوەکە بووە هۆی ئەوەی تەرمەکەی فڕێ بدرێتە دەرەوەی ماڵەکە. |
ڕەگەزنامە | فەلەستینی |
ئایین | ئیسلام |
ژیانی زانستی | |
بڕوانامە | دکتۆرا |
خوێندنگە | زانکۆی ئیسلامی ئیمام محەمەد بن سعوود، زانکۆی ئوردن |
پیشە | موحەدیث، مامۆستای زانکۆی فەرموودە و بانگخواز و سیاسەتمەدار |
حیزب | بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی (حەماس) |
ژیان
نزار ڕەییان لە ١٩٥٩/٣/٦ لە کەمپی جەبالیا لەدایکبووە، و خەڵکی گوندی نەعلیایە کە یەکێکە لە گوندەکانی شاری مەجدلی عەسقەلان. خوێندنی ئەکادیمی لە وڵاتانی سعوودیە و ئوردن و سوودان وەرگرتووە، لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئیلاهیات لە زانکۆی ئیمام محەمەد بن سعوودی ئیسلامی لە ڕیاز لە ساڵی ١٩٨٢ بەدەستهێناوە، پاشان بڕوانامەی ماستەری لە کۆلێژی شەریعەت لە زانکۆی ئوردن لە عەممان بە پلەی نایاب لە ساڵی ١٩٩٠ بەدەستهێناوە. دوای ئەوە بڕوانامەی دکتۆرای لە فەرموودەدا لە زانکۆی قورئان لە سوودان لە ساڵی ١٩٩٤ بەدەستهێناوە.
وەک مامۆستای فەرموودە لە فاکەڵتی بنەماکانی ئایین لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە کاری کردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک زانای ئایینی خوێندوویەتی وەک عەبدوڵڵا عەزام و سەعید حەوا و ئەحمەد یاسین. پێشتر لە ماوەی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا وەک بانگخواز و پێشنوێژی مزگەوتی خەلیفەکانی ڕاشیدوون لە کەمپی جەبالیا کاری کردووە.
ژیانی تایبەت
دکتۆر نزار چوار ژنی هەیە و خاوەنی شەش كوڕ و شەش كچ و دوو نەوەیە، ئیبراهیمی كوڕی دووەمی لە ئۆپەراسیۆنێكی خۆکوژیدا لە كاتی هەڵكوتانە سەر ناوچەی ئێلی سینا لە باكووری كەرتی غەززە لە ساڵی ٢٠٠١ دەکوژرێت و کوڕێکی تریشی لە هەڵمەتێکدا بە سەختی بریندار دەبێت و قاچێکی لەدەست دەدات.
چالاکیییەکانی
لە ساڵانی سەرەتاوە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس تێکەڵ دەبێت و دەڕواتە بەشی سەربازی لە یەکینەکانی قەسام. بۆ ماوەی چەند خولێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بووە تاوەکوو لە ساڵی ٢٠٠٨ بە ویستی خۆی کشاوەتەوە. لە ماوەی ساڵانی دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، سەرکردایەتی هەڵمەتێکی جەماوەری ڕێکخراوی کرد کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە بە ئامانجگرتنی ماڵەکانی فەڵەستین بە مووشەک بە پێکهێنانی قەڵغانی مرۆیی.
بە داڕێژەری پلانە خۆکوژییەکان دانراوە لەلای ئیسرائیل، کە تەنانەت یەکێک لە کوڕەکانی لە بە هێرشێکی خۆکوژی شەش سەربازی ئیسرائیلی دەکوژێت.
تیرۆرکردن
لە ماوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ڕێکەوتی ٢٠٠٩/١/١ لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵەکەی خۆی لە کەمپی جەبالیا تیرۆرکرا، هەریەک لە چوار هاوسەر و نۆ کوڕ و کچی کە تەمەنیان لە نێوان دوو بۆ دوانزە ساڵدا بوو لەگەڵیدا کوژران.
بە پێچەوانەی هەندێک لە سەرکردەکانی دیکەی حەماس کە مەترسی ئەوەیان لەسەر بوو لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج، دوای ئەوەی یەکەم شەڕی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد، ڕەیان هەرگیز نەدەچووە ژێر زەوی و لەگەڵ ماڵەوەیدا کاتەکانی بەسەر دەبرد، لەکاتی تەقینەوەی ماڵەکەیدا هێزی تەقینەوەکە کە یەک تەن بوو جەستەی نزار ڕەییان فڕێ دەداتە دەرەوەی ماڵەوە. ڕەیان پلە باڵاترین ئەندامی حەماس بوو کە لە دوای کوژرانی عەبدولعەزیز ڕەنتیسی لە ساڵی ٢٠٠٤ بە هێرشێکی کۆپتەری ئەپاچی ئیسرائیلی تیرۆرکرا، بۆیە دوابەدوای کوشتنەکەی حەماس ڕایگەیاند کە ئیسرائیل "باجێکی قورس" دەدات بۆ مردنی.