عودەی سەدام حسێن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-08-22:22:00 - کۆدی بابەت: 10590
عودەی سەدام حسێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

عودەی سەدام حسێن (به عەرەبی: عدي صدام حسين، بە ئینگلیزی: Uday Saddam Hussein) کوڕە گەورەی سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و یەکەمین منداڵی بوو، کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩ سەدام حسێن بوو بە پێنجەم سەرکۆماری عێراق، لە ساڵانی دواتر عودەی وەکوو جێگرەوەی باوکی دەبینرا و بە سەرۆکی داهاتوو ناوزەد دەکرا.

دوای ڕووداوی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بە سەختی بریندار بوو و شوێنەواری ئەو ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی ئەو خەونەی لە گۆڕنا و قوسەی دووەمین کوڕی سەدام و برا بچووکەکەی کە بەنزیکی لە باوکییەوە ناسراو بوو وەکوو جێگرەوەی سەدام حسێن دەبینرا.

لە زۆرێک لە بڕیارەکان لایەنگیری دایکی و خاڵوانی بووە دژی باوکی بووە، خودی سەدام حسێن دژایەتی عودەی کردووە و ناکۆکییان لەسەر ڕەفتارە هەڵەشەکانی هەبووە. عودەی بەهۆی ڕەفتارە هەڵەشە و نامۆکانی ناسراو بووە، تاوانبار بووە بە کوشتنی بە ئەنقەست و لەسێدارەدان، هەروەها ئەشکەنجەدانی کەسایەتییە ناودارەکانی سەدەی ڕابردووی عێراق نموونەی وەرزشوانانی یانەی عێراق و هونەرمەدەکان، هاوکات تاوانبارە بە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی و ڕفاندنی کچانی بەغداد.

زانیاریی گشتی
ناو   عودەی سەدام حسێن
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٦٤، بەغداد
نەتەوە عەرەبی عێراقی
ئایین ئیسلامی پەیڕەوی ڕێباری سوننە
نازناو ئەبووحاتەم
پیشە سیاسی، ڕۆژنامەوان، ئەفسەری سەربازی
کۆچی دوایی ٢٢ تەممووزی ٢٠٠٣، مووسڵ

ژیاننامەی

عودەی سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٦٤ لە بەغداد لەدایکبوو، کوڕی گەورەی سەدام و یەکەم منداڵی بووە، دایکی ژنی یەکەمی سەدام بووە و ناوی ساجیدە تەڵفاحە و قوسەی تاکە برای عودەی بووە، ڕەنا و ڕەغەد و حەلا سێ خوشکی بوونە لە هەمان دایک. عودەی منداڵی خۆشەویستی باوکی نەبووە، بەڵکوو سەدام هەر لە مناڵییەوە جیاکاری لەنێوان هەردوو کوڕەکەی کردووە و قوسەی کوڕە بچووکی لەلا پەسەندتر بووە.

تاکوو ساڵی ١٩٧٩ وەکوو گەنجێکی هەرزەکاری ئاسایی تەمەن ١٥ ساڵ ژیاوە و لە خوێندنگەی نموونەیی قوتابخانەی تەواو کردووە، دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار لەلایەن سەدام حسێنەوە، عودەی بووە کوڕە گەورەی سەرۆک کۆماری عێراق. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە زانکۆی بەغداد بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری بەدەستهێناوە، هاوکات بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان هەبووە و هەر لە ڕێگەی ئەو بڕوانامەیەوە توانی بچێتە نێو پەرلەمانی عێراق و بڕیارەکانی لە پەرلەماندا بسەپێنێت.

پلە و پۆستەکانی

- سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بووە لە ساڵی ١٩٨٦ بۆ ٢٠٠٣.
- خاوەن تەلەڤزیۆنی شەباب و ڕۆژنامەی بابل بووە.
- سەرکردایەتیکردنی میلیشیای "فیدائییەکانی سەدام" کە لە ساڵی ١٩٩٥ دایمەزراندبوو و دژی هەر بەرهەڵستکارییەک بوو کە دژی سەدام ئەنجام بدرایە.
- سەربازی کردووە و بەشداری جەنگی عێراق و کوێتی کردووە.

کەسایەتی عودەی و ڕەفتارەکانی

بەپێی سەرچاوەکان عودەی خاوەن کەسایەتییەکی ئاڵۆز و نامۆ و سادی بووە و بە کوڕە هەڵەشەکەی سەدام ناسراوە، هەر لە تەمەنی هەرزەکاری کاتێک خۆی و قوسەی برا بچووکی تەمەنی ١٥ ساڵییان تێنەپەڕاندبوو، لەلایەن باوکییەوە و بە فرمانی باوکی عودەی و قوسەی هاندران کە چەند ئەندامێکی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی سزا بدەن، سەدام لە ڕێگەی دوو کوڕە لاوەکەیەوە چەند ئەندامێکی ئۆپۆزسیۆنی گوللـە باران کرد. هەر لە تەمنێکی کەمەوە ناچار کرا کە چەک هەڵبگرێت.

عودەی بە ئەشکەنجەدان و ئازاردان ناسراو بووە و چێژی لێ بینیووە، عودەی نەیارەکانی دەکوشت و لەسێدارەی دەدان، هاوکات چێژی بینیوە لە ئەشکەنجەدانی زیندانییان و ئەو کەسانەی کە سەرپێچی بڕیارەکانیان دەکرد، نموونەی یاریزانانی یانەی هەڵبژاردەی عێراق لە سەردەمی ڕابردوو، ئەو یاریزانانە ئەگەر لە یارییە گرنگەکان شکستیان بهێنایە لەلایەن عودەیەوە دووچاری سزای قورس و نامۆ دەبوونەوە.

عودەی رێگای خۆی هەبووە بۆ سزادان و ئەشکەنجەدان، نموونەی سزاکانی بریتی بوونە لە گوێ بڕین، زمان بڕین، هێشتنەوەی قوربانییەکان لە بەر تیشکی بە تینی خۆر، ئازاردانیان لە ڕێگەی ئاژەڵی دڕندەوە، بەکارهێنانی کارەبا و ئامێری تیژ بۆ ئەشکەنجەدانیان، دەستدرێژی سێکسی و ڕفاندنی کچانی بەغداد و ژنانی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت بەتایبەتی لە ساڵانی نەوەدەکان، چەندان جۆری تر لە سزادانی جەستەیی و دەروونی.

عودەی ناسراو بووە بە سازدانی ئاهەنگی شەوانە، زۆرێک لە هونەرمەندەکانی ئەو کاتەی عێراقی ناچار کردووە گۆرانی بڵێن و سوکایەتی پێکردوون، هەندێک لە سەرچاوکان پشتڕاستیان کردووەتەوە که ئالوودەی مەی و ماددەی هۆشبەر بووە. خاوەن کۆشکی تایبەتی خۆی بووە لە بەغداد کە باخچەیەکی ئاژەڵانی تایبەت بە شێر و پڵنگی دەگمەنی تێدا بووە. هاوکات عودەی حەزێکی زۆری هەبووە بۆ ئۆتۆمبێلی ناودار و گرانبەها، چەندان جۆر ئۆتۆمبێلی دەگمەن و گرانبەهای هەبووە، تەنانەت لەژێر زەوی کۆشکەکەی گەراجێکی تایبەتی بە ئۆتۆمبێلە گرانبەها و دەگمەنەکانی هەبووە.

سەدام حسێن بۆچی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عودەی دەرکرد؟

بەهۆی ڕەفتارە نامۆ و هەڵەشەکانی عودەی تا دەهات زیادەڕەوی لە دەسەڵاتەکانی دەکرد، لە ساڵی ١٩٨٨ لە ئاهەنگی ڕێزلێنانێک لە سووزان موبارەکی هاوسەری حوسنی موبارەک، عودەی ئامادەبووە و لەو ئاهەنگەدا پاسەوانێکی مەسیحی پلە باڵای سەدام بە ناوی کامل حەننا لەگەڵیان ئاهەنگی گێراوە، بەڵام بەهۆی سەرخۆشییەوە تەقەی هەڵەشەی بە ئاسماندا کردووە، عودەی داوای لێ کردووە کە تەقەکردن ڕابگرێت، بەڵام بۆ جاری دووەم کە داواکەی دووبارە کردووەتەوە کاملی داوەتە بەردەستڕێژی گوللـە و هەر لەوێ کوشتوویەتی، سەدامی باوکی بەم ڕووداوە زۆرتوڕە دەبێت، ڕاستەوخۆ وەزیری دادی ئەو کاتەی عێراقی ڕاسپاردووە و سزای لەسێدارەدانی بۆ کوڕەکەی دەرکردووە.

بەڵام بەهۆی هەوڵەکانی ساجیدەی دایکی عودەی توانرا سەدام لە بڕیارەکەی پاشگەز بکاتەوە، ساجیدە بانگهێشتی شای ئوردن شا حسێنی کوڕی تەڵاڵی کرد و بە فڕۆکی تایبەتی خۆی گەیشتە بەغداد و بووە نێوەندگیری نێوان کوڕ و باوک، دواتر بڕیارەکە بۆ سێ ساڵ زیندانی کەم کرایەوە، کەسوکاری ئەفسەرە کوژراوەکە لە عودەی خۆشبوون و بۆیە عودەی هیچ سزایەکی وەرنەگرت.

هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی

بەهۆی ڕەفتارەکانییەوە دوژمنی زۆری هەبووە و حەوت جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە. دیارترینیان هەوڵی تیرۆرکردنی بوو لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٦ لە بەغداد و گەڕەکی مەنسوور، لەلایەن دوو چەکدارەوە بە کڵاشینکۆف ٥٠ گوللـە ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلە بۆرشە ئاڵتوونییەکەی کرا و ١٧ گوللـەی بەر جەستەی کەوت، پێشبینی مردنی کرا و دواتر گومانی ئەوە کرا کە دووچاری ئیفلیجی هەمیشەیی ببێتەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت چاک بووەوە، هاوکات شوێنەوار و کاریگەری ئەم ڕووداوەی پێوە دیار بوو، دوای ڕووداوەکە ڕۆیشتن و ڕێکردنی ناتەواوی پێوە دیار بووە. دوای ڕووداوەکە بە ماوەی ١٨ مانگ ئەنجامدەرانی کارەکە دەستگیر کران و چەند گرووپێکی شیعەی ئەو سەردەمە خۆیان بە ئەنجامدەرانی کارەکە ڕاگەیاند و ئێران بە تۆمەتباری ڕووداوەکە دانرا.

باری سۆزداری

بەپێی چەند سەرچاوەیەک عودەی لە تەمەنی لاوییدا ئەوینداری کچێکی بەغدادی دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لە ئاستی خێزانەکەی نەبوو و لە هەمان عەشیرەتی ئەوان نەبووە، سەدام حسێنی باوکی ئەو بابەتەی ڕەتکردووەتەوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە ساڵی ١٩٨٢ عودەی هاوسەرگیری لەگەڵ سافیم توروونە کردووە، کە کچێکی بە ڕەچەڵەک توورک بووە بەڵام هاوسەرگیرییەکەیان هەشت مانگی خایاندووە و ژنەکەی دوای جیابوونەوە هەڵدێت بۆ تورکیا. چەند سەرچاوەیەک دەیخەنە ڕوو کە عودەی لەو هاسەرگیرییە بووەتە خاوەن کوڕێک بەناوی مەسعوود و لە ئێستادا ئەو کوڕە لەگەڵ دایکی دەژێت، بەڵام خێزانی سەدام حسێن و ڕەغەدی کچە گەورەی سەدام حسێن هەموو ئەو بابەتە بە ناڕاست دادەنێت و ڕایگەیاندووە کە عودەی برای خاوەنی هیچ منداڵێک نەبووە.

کۆچی دوایی

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و کەوتنی ڕژێمی سەدام حسێن، عودەی و قوسەی برای بوونە دوو داواکراوی سەرەکی و تاوانبار بوون. عودەی و موستەفای کوڕی قوسەی و قوسەی بەرەو سنووری سووریا هەڵاتن و هانایان بۆ عەشیرەتی نەواف برد و بۆ ماوەیەکی کەم شاردرانەوە. بەڵام ئەوان گەڕانەوە شاری مووسڵ و لە بەرەبەیانی ٢٢ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٣ دوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی شەش کاتژمێری لە هێرشێکی سەربازی لە نێو ماڵەکەیان لە گەڕەکی بەرید لە مووسڵ عودەی و قوسەی برای کوژران.


سەرچاوەکان



377 بینین