ناوهڕۆك
ناساندن
یوتا (بە ئینگلیزی: Utah، بە عەرەبی: یوتا)، ویلایەتێکە لە ڕۆژاوای ئەمریکا و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە لە پلەی ١٣هەمینی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە، ٣٠ـیەم قەرەباڵغترین ویلایەتە و چڕی دانیشتووانەکەشی لەنێو کەمچڕترین ویلایەتەکاندایە و لە پلەی ١١ـدایە. پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکە ساڵت لەیک سیتییە و نزیکەی ٨٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی یوتا لە دەوروبەری ئەم شارە دەژین. یوتا لە چواری کانوونی دووەمی ١٨٩٦ بوو بە ٤٥ـەم ویلایەتی ئەمریکا.
لەڕووی جوگرافییەوە
یوتا ویلایەتێکی بە زەوی دەورەدراوی ئەمریکایە و لە ڕۆژهەڵاتیەوە لەگەڵ کۆلۆرادۆ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ وایۆمینگ، لە باکووری لەگەڵ ئایداهۆ، لە باشووری لەگەڵ ئەریزۆنا و لە ڕۆژاوای لەگەڵ نیڤادادا هاوسنوورە. ڕووبەری ویلایەتەکە ٢١٩٫٨٨٧ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٢١٢٫٧٦١ کیلۆمەتری وشکانی و ٧٫١٣٦ کیلۆمەتری ئاوییە، بەمەش دەبێتە ١٣ـەیەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەی. چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٤٫١٢ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
ئابووری یوتا
ویلایەتی یوتا ئابوورییەکی زۆر هەمەچەشنی هەیە، کەرتە سەرەکییەکانی بریتین لە گواستنەوە، پەروەردە، تەکنەلۆجیای زانیاری و توێژینەوە، خزمەتگوزارییە حکوومییەکان، کانسازی و گەشتیاری. ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە یەکێکە لە خێراگەشەسەندوترین ویلایەتەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە گەشەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە خێراترینی وڵاتەکەی بووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٥، سەینت جۆرج خێراگەشەسەندووترین گەورە ناوچەی ئەمریکا بوو. یوتا لە ستانداردە پێوانەییەکانی وەک چاودێری تەندروستی، حکوومڕانی، پەروەردە و ژێرخانی ئابوورییەوە لە ڕیزبەندی باشترین ویلایەتەکاندایە. خاوەنی بەرزترین ئاستی داهاتی ناوەندییە و لە پلەی ١٤ـیەمدایە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین نایەکسانی داهاتی لە هەر ویلایەتێکی ئەمریکادا هەیە. ویلایەتەکە لەژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوادایە و وشکەساڵی زیادیکردووە و فشارێکی زیاتری خستۆتە سەر پاراستنی ئاوی یوتا و کاریگەری لەسەر ئابووری ویلایەتەکە هەیە. بەپێی نووسینگەی شیکاری ئابووری، تێکڕای بەرهەمی ویلایەتی یوتا لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ١٣٠٫٥ ملیار دۆلاری ئەمریکی و داهاتی تاکەکانیشی ٤٥٫٧٠٠ دۆلار بوو.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی یوتا ٣٫٢٧١٫٦١٦ کەسبوو. نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەی لە یەکی تەممووزی ٢٠١٩ـدا بە ٣٫٢٠٥٫٩٥٨ کەس مەزەندەکرد. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە دوای سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە ڕێژەی ١٦٫٠٪ زیادی کردووە. لە ئێستادا گەورەناوچەی سەینت جۆرج لە دوای گەورەناوچەی لاس ڤێگاس، دووەم خێرا گەشەسەندوترین ناوچەی وڵاتە. لە ئێستادا ویلایەتی یوتا چوارەم خێراگەشەسەندوترین ویلایەتی ئەمریکایە و ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەکەی ١٫٦٤٪ـە. تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتی یوتا نزیکەی ٣٠٫٣ ساڵییە، هەروەها مێینەکان ٤٩٫٧٪ و نێرەکان ٥٠٫٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. تێکڕای تەمەنی چاوڕوانکراوی دانیشتووانی ویلایەتەکەش ٧٩٫٣ ساڵییە.
بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی ویلایەتەکە بریتین لە:
- سپی پێست: ٨٥٫١٤٪
- ڕەگەزەکانی تر: ٥٫١٠٪
- ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٤٫٢٤٪
- ئاسیایی: ٢٫٣٢٪
- ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ١٫٢١٪
- ئەمریکی ڕەسەن: ١٫٠٥٪
- هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٩٣٪
مێژووی دانیشتووانی یوتا
لە ساڵی ١٨٥٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی یوتا بە ١١٫٣٨٠ کەس تۆمارکرا، دوای تەنها دە ساڵ و لە سەرژمێری ساڵی ١٨٦٠ ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی زیاتر لە ٢٥٠٪ زیادی کرد و گەشتە ٤٠٫٢٧٣ کەس. گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەردەوامبوو لە بەرزبوونەوە و لە کۆتایی سەدەدا ژمارەی دانیشتووانی یوتا بۆ ٢٧٦٫٧٤٩ کەس بەرزبوویەوە. لە ساڵی ١٩٧٠ـدا بۆ یەکەمجار ژمارەی دانیشتووان یەک ملیۆنی تێپەڕاند و لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی یوتا بەرەو سێ ملیۆن بەرز دەبێتەوە.
گەشەی دانیشتووانی یوتا
سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە ژمارەی دانیشتووانی یوتا تاڕادەیەک کەم بێت، بەڵام بەخێرایی گەشە دەکات. لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ژمارەی دانیشتووان سێ ملیۆن تێدەپەڕێنێت. لە ئێستادا شاری سەینت جۆرجی ویلایەتی یوتا یەکێکە لە گەورەناوچەکانی وڵات کە خێراگەشەسەندوترین ناوچەی وڵاتە و لە پلەی چوارەمدایە. بەپێی نووسینگەی سەرژمێری، دانیشتووانە کەمینەکانی یوتا بە بەراورد بە دانیشتووانی سپی پێست خێراتر گەشە دەکەن.
بەپێی خەمڵاندنەکان، پێشبینی دەکرێت گەشەی خێرای ویلایەتی یوتا لە چەند دەیەی داهاتوودا بەردەوام بێت و ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٦٠ـدا بگاتە ٦٫٨٤ ملیۆن کەس. پێشبینیکەران لەو بڕوایەدان کە هۆکاری گەشەسەندنی خێرای ویلایەتەکە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کوالێتی ژیان و ئابووری بەهێز، چونکە ویلایەتەکە و زۆرێک لە شارەکانی زۆرجار وەکوو هەندێک لە باشترین شوێنەکانی ژیان لە هەموو ئەمریکادا هەڵسەنگێندراون.
یوتا یەکێکە لەو ویلایەتە کەمانەی ئەمریکا کە ڕێژەی دانیشتووانی سپی پێست بەشێوەیەکی بەرچاو زیاترە و بەڕێژە ٩٠٪ـی دانیشتووانەکەیی تێپەڕاندووە. لە خەمڵاندنی ئێستادا ٩١٫٢٪ـی دانیشتووانی یوتا سپی پێستن، لە کاتێکدا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا ٨٦٫١٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو. زۆربەی ئەو کەسانەی لەم ویلایەتەدا نیشتەجێن بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەورووپای باکوورن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەی ئەمریکییە ئایسلەندییەکان و ئەمریکییە ئیتاڵییەکانیش لە ویلایەتەکەدا هەن.
ویلایەتی یوتا یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە کەمترین ڕێژەی دانیشتووانی ئەفریقی ئەمریکی لێیە لە ئەمریکا و لە پلەی ٤٣ـی ٥٠ ویلایەتەکەی وڵاتەکەیدایە. سەرەڕای ئەوە، یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە خاوەنی بەرزترین ڕێژەی دانیشتووانی هیسپانییە و لە پلەی ١٢ـی ٥٠ ویلایەتەکەدایە. بەهەمان شێوە ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکی مەکسیکی بەرزە و لە پلەی ١٠ـی سەرجەم ویلایەتەکانی وڵاتەکەیدایە.
گرووپە سەرەکییەکانی دانیشتووانی یوتا بریتین لە:
- ئینگلیزی: ٢٦٪
- ئەڵمانی: ١١٫٩٪
- سکاندیناڤی: ١١٫٨٪
- مەکسیکی: ٩٪
- ئەمریکی: ٦٫٦٪
- ئێرلەندی: ٦٫٢٪
شوێنی لەدایکبوون
٩٣٫٠٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی یوتا لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٦٢٫٧٤٪ـیان لە یوتا لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٤٫٩٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، لەنێو ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون ڕێژەیەکی زۆریان خەڵکی ئەمریکای لاتینن.
ئایین
سەرەڕای ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی شوێنکەوتەی مۆرمۆنەکان کەمبووەتەوە بەڵام مۆرمۆنەکان گەورەترین گرووپی ئایینین لە ویلایەتی یوتا. لە ساڵی ٢٠١٧ـدا، ٦٢٫٨٪ـی دانیشتووانی یوتا ئەندامی کڵێسای قەشەی هاوچەرخ (LDS) بوون. ئەم ڕێژەیە لە ساڵی دواتردا بۆ ٦١٫٢٪ دابەزی و لە ساڵی ٢٠١٩ـشدا بۆ ٦٠٫٧٪ دابەزیوە. ئەندامانی کڵێسای LDS لە ئێستادا لە نێوان ٣٤٪ بۆ ٤١٪ـی دانیشتووانی ساڵت لەیک سیتی پێکدەهێنن. بەڵام زۆرێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی دیکەی دانیشتووان وەک پرۆڤۆ، لۆگان، توێڵا و سەینت جۆرج لەگەڵ زۆرێک لە ناوچەکانی دەرەوەی شار و ناوچە گوندنشینەکان زۆرینەیان ئەندامی کڵێسای LDSـن. لە ئێستادا، ٧٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، ٤٪ـی دانیشتووان مەسیحی نین و پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی ترن و ١٨٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن.
زمان
زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی یوتا ئینگلیزییە. ئەو زمانە ئینگلیزییەی کە لەم ویلایەتەدا قسەی پێ دەکرێت ئینگلیزیی یوتاییە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە یەکگرتنی زاراوە ناوچەییەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئەمریکا پێکهاتووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا، ٨٧٫٥٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەروو پێنج ساڵی ویلایەتەکە لە ماڵەوە تەنیا بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٠ کە ٩٢٫٢٪ بوو کەمیکردووە. لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٨٤٫٧٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ١٥٫٢٨٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن ١٠٫٢٦٪ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهێنرێن.
چەند ڕاستییەک دەربارەی ویلایەتی یوتا
- ویلایەتی یوتا خاوەنی گەنجترین دانیشتووانە لە تەواوی ئەمریکا و یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە بەرزترین ڕێژەی لەدایکبوونی تێدا تۆمار دەکرێت.
- ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی یوتا بە تەندروستترین دانیشتووانی تەواوی وڵات دادەنرێت.
- ویلایەتەکە بەرزترین ڕێژەی خوێندەواری هەیە و خاوەنی زۆرترین ژمارەی دەرچووانی ئامادەیی و دەرچووانی کۆلێجە.
- لە زنجیره شاخەکانی نزیک شاری ساڵت لەیک سیتی ساڵانە بە تێکڕایی ١٫٢٧٠ سانتیمەتر بەفر دەبارێت.
- هیندییەکانی گاسیوت، پایووتی، شۆشۆن و یوت لە بنەڕەتدا لەو ناوچەیەدا نیشتەجێبوون کە ئێستا ویلایەتی یوتایە و ناوی ویلایەتەکە لە هیندییەکانی یوتەوە وەرگیراوە.
- بە بەراورد بە هەموو شارەکانی تری ئەمریکا، شاری ساڵت لەیک سیتی خاوەنی دووەم زۆرترین پزیشکی نەشتەرگەری جوانکارییە.
- ژمارەیەکی زیاتری دانیشتووانی ئەم ویلایەتە بە بەراورد بە هەموو ویلایەتەکانی تر هاوسەرگیریان کردووە.
کەشوهەوا
ویلایەتی یوتا کەشوهەوایەکی وشک، نیمچە وشک تا بیابانی هەیە و یەکێکە لە وشکترین و کەمشێدارترین ویلایەتەکانی وڵات. تێکڕای بەرزترین ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی یەکەمدا ٧٤٫٣٪ و تێکڕای نزمترین ڕێژەی شێ لە مانگی تەممووزدا ٣٥٫٩٪ـیە. هەر لەبەر ئەمەشە خەڵک دەڵێن "گەرمای ئەم ویلایەتە وشکە". بەشی باشووری ڕۆژاوای ویلایەتەکە کەشوهەوایەکی گەرم، نزیکەی وشک و نیمچە خولگەیی هەیە، وەرزی زستانی لە باشووری بانی کۆلۆرادۆ فێنک و وشکە و وەرزی هاوینی باراناوییە و ڕەشەبای بروسکاوی لەگەڵدایە. باکووری یوتا کاریگەری بارستە هەوای باکووری زەریای هێمن و بای جەمسەری کیشوەری لەسەرە.
ویلایەتەکە چوار وەرزی جیاوازی هەیە. زۆربەی کات لە نێوان کۆتایی نیسان بۆ ناوەڕاستی حوزەیران و کۆتایی ئاب بۆ ناوەڕاست تشرینی یەکەم کەشی ویلایەتەکە زۆر خۆشە. تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی تەممووزدا نزیکەی ٢١ پلەی سەدیە. لە وەرزی زستاندا تێکڕای پلەی گەرمی کەمێک لە خوار پلەی بەستنەوەیە جگە لە باشووری ڕۆژاوای ویلایەتەکە. پلەی گەرمی ڕۆژانە زۆر جیاوازە، بەرزترین پلەی گەرمی لە ساڵت لەیک سیتی و لە تەممووزدا ٣٢ پلەی سەدی یان زیاترە، بەڵام بە شەودا ئەم پلەیە بۆ نزیکەی ١٣ بۆ ١٨ پلەی سەدی دادەبەزێت. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی ٢٨٠ مللیمەتر باران دەبارێت، ئەم ژمارەیە بەپێی ناوچەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە بیابانی گەورەی ساڵت لەیکدا کەمتر لە ٢٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت بەڵام لە زنجیرە چیاکانی واساچـدا ١٫٢٨٠ مللیمەتر باران دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش، تێکڕای بەفربارینی ساڵانە نزیکەی ١٫٥ مەترە.
لە ساڵی ١٩٨٥ـدا، نزمترین و بەرزترین پلەی گەرمی لە ویلایەتی یوتا تۆمارکرا، لە مانگی شوباتدا پلەی گەرمی ویلایەتەکە بۆ ٥٦- پلەی سەدی دابەزی و دوای شەش مانگ و لە مانگی تەممووزدا گەرمترین پلەی گەرمی تۆمارکرا کە ٤٧ پلەی سەدی بوو.