ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی مینەسۆتا (بە ئینگلیزی: Minnesota، بە عەرەبی: مينيسوتا)، ویلایەتێکە لە ناوچەی سەرەوەی ناوەڕاستی ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەڕووی ڕووبەرەوە ١٢ـیەم گەورەترین ویلایەت و ٢٢ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٥٫٧٥ ملیۆن کەسە. نزیکەی یەک لەسەر سێی ویلایەتەکە لە دارستانەکان پێکهاتووە و بە "زەوی ١٠ هەزار دەریاچە" ناسراوە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ١٤ هەزار تەنی ئاوی شیرینی تێدایە کە لانیکەم دە ئەیکەر دەبێت. زیاتر لە ٦٠٪ـی خەڵکی مینەسۆتا لە گەورەناوچەی مینیاپۆلیس-سەینت پاوڵ دەژین، کە بە "شارە دووانەکان" ناسراوە و ناوەندی سەرەکی سیاسی، ئابووری و کولتووری ویلایەتەکەیە. ژمارەی دانیشتووانی شارە دووانەکان نزیکەی ٣٫٧ ملیۆن کەسە و ١٦هەم گەورەترین گەورەناوچەی ئەمریکایە. مینەسۆتا لە ١١ـی ئایاری ١٨٥٨ـدا بوو بە ٣٢ـەم ویلایەتی ئەمریکا.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری ویلایەتی مینەسۆتا ٢٢٥٫١٦٣ کیلۆمەتر دووجایە، لەم ژمارەیەش ٢٠٦٫٢٣٢ کیلۆمەتر دووجای وشکانییە و ١٨٫٩٣٠ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٨٫٤٠٪ـی تەواوی ڕووبەرەکەی ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٢٦٫٦ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی مینەسۆتا لە ساڵی ١٨٥٠ـدا کەمتر لە ٦٫١٢٠ کەسبوو، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە تا ساڵی ١٩٠٠ بۆ زیاتر لە ١٫٧ ملیۆن کەس و لە ساڵی ١٩٦٠ـدا گەشتە ٣٫٤ ملیۆن کەس. پاشان و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی مینەسۆتا بۆ ٤٫٩ ملیۆن کەس بەرزبوویەوە.
لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکەوتووە کە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٥٫٧٠٩٫٧٥٢ کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا بە ڕێژەی ٧٫٦٥٪ زیادی کردووە. ڕێژەی گۆڕانی دانیشتووان، کە مەبەست لێی دابەشبوونی تەمەن و ڕەگەزە، نزیکەی تێکڕای نیشتیمانییە.
لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی مینەسۆتا ٥٫٣٠٣٫٩٢٥ کەس بوو. پێکهاتەی ڕەگەزی ویلایەتەکە ٤٩٫٦٪ـی دانیشتووان لە ڕەگەزی نێر و ٥٠٫٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ڕەگەزی مێ بوو. هەروەها ٢٤٫٢٪ـی دانیشتووان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵی؛ ٩٫٥٪ لە نێوان ١٨ بۆ ٢٤ ساڵی؛ ٢٦٫٣٪ لە ٢٥ بۆ ٤٤ ساڵی؛ ٢٧٫١٪ لە ٤٥ بۆ ٦٤ ساڵی و ١٢٫٩٪ـی دانیشتووانی مینەسۆتا ٦٥ ساڵی یان زیاتر بوو. ویلایەتی مینەسۆتا وەک بەشێکی زۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دانیشتووانێکی تاڕادەیەک بەتەمەنتری هەیە و تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٣٧٫٧ ساڵیە.
بەپێی ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٧ـدا، ٥٫١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی مینەسۆتا بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون: لەو ڕێژەیەش مەکسیکی ٣٫٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا، لە کاتێکدا پۆرتۆ ڕیکۆی ٠٫٢٪ـی دانیشتووان، کوبایی ٠٫١٪ـی دانیشتووان و ڕەگەزەکانی تری هیسپانی یان لاتینی ١٫٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا. ئەو گرووپە ڕەچەڵەکییانەی کە زیاتر لە ٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا بریتی بوون لە ئەڵمانی ٣٣٫٨٪ـی دانیشتووان، نەرویجی ١٥٫٣٪، ئێرلەندی ١٠٫٥٪، سویدی ٨٫١٪ و ئینگلیزی ٥٫٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بوون. هەروەها لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا شەپۆلێکی پەنابەرانی فێلەندی ڕوویان لە مینەسۆتا، ویلایەتی ویسکۆنسێن و میشیگان کرد. لەنێو تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکادا، ویلایەتی مینەسۆتا خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووی فێلەندی-ئەمریکییە، کە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ١٠٠٫٥٤٥ کەس بوو. جگە لەوەش، ویلایەتەکە زۆرترین ژمارەی دانیشتووی سۆماڵی لە وڵاتەکەدا هەیە، کە بە ٥٧٫٠٠٠ مەزەندەکرا.
ئایین
زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتی مینەسۆتا پرۆتستانتن، لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٠ هاتووە کە ٣٢٪ـی خەڵکی ویلایەتەکە پەیڕەوەرانی پرۆتستانتی کۆنەپارێز، ٢١٪ پرۆتستانتی ئینجیلی، ٢٨٪ کاسۆلیکی ڕۆمانی، ١٪ـی دانیشتووانی مینەسۆتا جوولەکە، مسوڵمان، بوودی و بلاک پرۆتستانتن، هەروەها ١٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هیچ ئایینێک ناپەرستن. سەرەڕای ئەوەش، ویلایەتەکە زیاتر لە ٣٠ مزگەوتی تێدایە و زۆربەیان لە گەورەناوچەی شارە دوانەکانن.
شوێنی لەدایکبوون
٩٣٫٦٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی مینەسۆتا لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٦٩٫٠٨٪ـیان لە مینەسۆتا لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٣٫٩٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون خەڵکی ئاسیان.
زمان
٨٨٫١٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ١١٫٨٥٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن ٣٫٨٨٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردەهێنرێن.
لەڕووی ئابوورییەوە
لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، کڕۆکی ئابووری ویلایەتی مینەسۆتا هەمەچەشن بووە، لە پیشەسازییە تەقلیدییەکانی وەک کشتوکاڵ و دەرهێنانی سەرچاوەکانەوە بۆ خزمەتگوزاری، دارایی و چاودێری تەندروستی گۆڕاوە؛ هەروەها لەڕووی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) و داهاتی تاکەکانییەوە یەکێکە لە دەوڵەمەندترینەکانی وڵاتەکەی. سەرەڕای ئەوەش، ویلایەتەکە لە ستانداردە پێوانەییەکانی وەک دامەزراندن، داهاتی ناوەندی، سەلامەتی و حکوومڕانیدا لە ڕیزبەندی باشترین ویلایەتەکانی وڵاتەکەیدایە.
کەشوهەوای ویلایەتەکە
کەشوهەوای ویلایەتی ویلایەتی مینەسۆتا تایبەتمەندی کەشوهەوای کیشوەری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی سارد و هاوینی گەرمە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٥١- پلەی سەدی بوو کە لە ٢ـی شوباتی ١٩٩٦ تۆمارکرا و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦ پلەی سەدی بوو کە لە ٦ـی تەممووزی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا. تێکڕای پلەی گەرمی لە نێوان ١٤ پلەی سەدی لە باشوور تا نزیکەی ٩ پلەی سەدی لە باکوور دایە. ساڵانە بە تێکڕای ٤٨ بۆ ٨٩ سانتیمەتر باران دەبارێت و وشکەساڵی لە هەر ١٠ بۆ ٥٠ ساڵ جارێک ڕوودەدات.