ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی میشیگان (بە ئینگلیزی: Michigan، بە عەرەبی: ميشيغان)، ویلایەتێکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم ویلایەتە بە چوار دەریاچە دەور دراوە، ئەوانیش دەریاچەکانی میشیگان، هورۆن، ئێری و سوپەریەرن. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە نزیکەی ١٠٫١٢ ملیۆن کەسە، بەمەش دەبێتە دەیەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی. هەروەها ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٥٠ هەزار کیلۆمەتر دووجایە و لەڕووی ڕووبەرەوە ١١ـەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە. سەرەڕای ئەوەش، لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین ویلایەتی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری میسیسیپیە. پایتەختی ویلایەتەکە لانسینگ و گەورەترین شاری دیترۆیت. ناوی ویلایەتەکە لە وشەی ئۆجیبوێ ᒥᓯᑲᒥ (mishigami) وەرگیراوە، کە بە واتای "دەریاچەی گەورە" دێت.
لەڕووی جوگرافییەوە
میشیگان لە دوو نیمچەدوورگە پێکهاتووە، ئەوانیش نیمچە دوورگەی خوارەوە و نیمچەدورگەی سەرەوە، یەکەمیان لە شێوەی دەستکێشی یەک قامکەدایە و زۆرینەی ڕووبەری زەوی ویلایەتەکە پێکدەهێنێت. لە کاتێکدا دووەمیان (زۆرجار پێی دەوترێت "U.P") بە دەربەندی ماکیناک لە نیمچەدوورگەی خوارەوە جیاکراوەتەوە، کە جۆگەیەکی هەشت کیلۆمەترییە و دەریاچەی هورۆن بە دەریاچەی میشیگانەوە دەبەستێتەوە. پردی ماکیناک نیمچەدوورگەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ویلایەتی میشیگان لە دوای ئالاسکاوە دووەم زۆرترین ئاوی تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکای هەیە. میشیگان لە ٢٦ـی کانوونی دووەمی ١٨٣٧ کرا بە ٢٦ـەم ویلایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
نوسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی میشیگانی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا بە ١٠٫٠٨٤٫٤٤٢ کەس کرد، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکەی بە ٩٫٨٨٣٫٦٣٥ کەس خەمڵاندبوو ٢٫٠٣٪ زیادیکردووە. ژمارەی دانیشتووانی میشیگان لەساڵی ٢٠٢٢ـدا گەشتە ١٠٫١١٦٫٠٦٩ کەس. تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی میشیگان ٣٩٫٥ ساڵییە. مێیەکان ٥٠٫٨٪ـی دانیشتووان و نێرەکان ٤٩٫٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن.
بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:
- سپی پێست: ٧٧٫٥٦٪
- ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ١٣٫٦٤٪
- ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٣٫٧٧٪
- ئاسیایی: ٣٫١٨٪
- ڕەگەزەکانی تر: ١٫٣٢٪
- ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٥٠٪
- هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٠٣٪
مێژووی دانیشتووانی میشیگان
ژمارەی دانیشتووانی میشیگان لە ساڵی ١٨٠٠ـدا بە ٣٫٧٥٧ کەس ڕاگەیەندرا و لە ماوەی ٢٥ ساڵی دواتردا ژمارەی دانیشتووان بەڕێژەیەکی خاو بەڵام جێگیر گەشەی کرد. بەڵام لە ساڵی ١٨٢٥ـدا و بەهۆی دروستکردنی نۆکەندی ئێرییەوە لێشاوێکی جووتیاران، بازرگانان و دانیشتووانی تری ناوچەکانی تر ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد و ژمارەی دانیشتووانی میشیگان گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە ساڵی ١٨٣٠ـدا ژمارەی دانیشتووان بۆ ٢٨٫٠٠٤ کەس بەرزبوویەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەراورد بە ئامارەکانی سەرژمێری ساڵی ١٨٢٠ ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەڕێژەی زیاتر لە ٢٧٥٪ زیادیکردووە. دە ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٨٤٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی میشیگان گەشتە لووتکە و ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی ٦٥٨٪ زیادی کرد و گەشتە ٢١٢٫٢٦٧ کەس. پاشان لە سەرژمێری ساڵی ١٩٠٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی میشیگان بە ٢٫٤٢٠٫٩٨٢ کەس تۆمارکرا. گەشەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەدرێژایی سەدەی بیستەم بەردەوامبوو، بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستدا دەستی بە خاوبوونەوە کرد و لە دوایین سەرژمێریدا یەکەم کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە مێژووی میشیگاندا تۆمارکرا.
شوێنی لەدایکبوون
٩٥٫٢٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی میشیگان لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٧٨٫٠١٪ـیان لە میشیگان لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٣٫٢٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایکنەبوون خەڵکی ئاسیان. بەپێی ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ سەرژمێری ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی لەدایکبووی بیانی لە ویلایەتەکەدا ٥٩٢٫٢١٢ کەس بوو، کە دەکاتە ٦٫٠٪ـی کۆی دانیشتووانی ویلایەتەکە. میشیگان خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی هۆڵەندی، فێلەندی و مەقدۆنییە لە ئەمریکا.
ڕەگەزی دانیشتووان
زۆربەی دانیشتووانی میشیگان سپی پێستن، ئەمریکییە ئەورووپییەکان (بەتایبەتی ئەوانەی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی، بەریتانی، ئێرلەندی، پۆڵەندی و بەلجیکین) لە هەموو شوێنێکی میشیگان و بەزۆری لە گەورەشاری دیترۆیت دەژین. بەڵام دانیشتووی بە ڕەچەڵەک سکاندیناڤیایی و فێلەندی ئامادەیییەکی بەرچاویان لە نیمچەدوورگەی سەرەوەدا هەیە. ڕۆژئاوای میشیگان بە هۆڵەندییەکان ئاوەدانە و بەرزترین ڕێژەی لە هەر ویلایەتێکی ئەمریکادا هەیە. لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی میشیگان بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون. هەروەها دیربۆرن خاوەنی کۆمەڵگەیەکی گەورەی عەرەبی لەگەڵ زۆرێک لە ئاشوورییەکان/کلدانییەکان/سوریاییەکان و لوبنانییەکانە کە لە ساڵانی ١٩٢٠ـدا بۆ کار لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا کۆچیان کردووە بۆ ئەم ویلایەتە، ئەمە جگە لەو یەمەنی و عێراقییانەی کە لەم دواییەدا ڕوویان لە ناوچەکە کردووە. سەرەڕای ئەوەش لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا نزیکەی ٨ هەزار هاوڵاتی همانگی لە ویلایەتی میشیگان دەژیان و زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دیترۆیت بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی همانگەکان لە سنووری شاری دیترۆیت بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد.
زمانەکان
زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی میشیگان ئینگلیزییە، لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٩١٫١١٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و بەرەو سەرتری ویلایەتەکە (بە ژمارە ٨٫٥٠٧٫٩٤٧ کەس) لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا ٢٫٩٣٪ (٢٧٣٫٩٨١ كەس)ـی دانیشتووان بە زمانی ئیسپانی، ١٫٠٤٪ (٩٧٫٥٥٩ كەس) عەرەبی، ٠٫٤٤٪ (٤١٫١٨٩ كەس) ئەڵمانی، ٠٫٣٦٪ (٣٣٫٦٤٨) زمانی چینی (کە زمانی ماندارینیش لەخۆ دەگرێت)، ٠٫٣١٪ (٢٨٫٨٩١ كەس) فەڕەنسی، ٠٫٢٩٪ (٢٧٫٠١٩ كەس)ـی دانیشتووان بە پۆڵەندی قسەیان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا، زمانە سریانییەکان وەک زمانێکی سەرەکی لەلایەن ٠٫٢٥٪ (٢٣٫٤٢٠ كەس)ـی دانیشتووانی تەمەن سەروو پێنج ساڵەوە قسەی پێدەکرا. بەگشتی، ٨٫٨٩٪ (٨٣٠٫٢٨١ كەس)ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە بە زمانێکی دایکی جگە لە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد.
ئایین
ئایینی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی میشیگان مەسیحییە و لەلایەن ٧٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەوە پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا ٥٪ـی دانیشتووان پەیڕەوەرانی ئایینەکانی ترن و ٢٤٪ـیشیان هیچ ئایینێک پەیڕەو ناکەن. بەپێی ڕاپرسییەکەی (ARDA) لە ساڵی ٢٠١٠، لەڕووی ژمارەی لایەنگرانەوە کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی سەرەکیترین ئایینی دانیشتووانی ویلایەتەکەیە و ١٫٧١٧٫٢٩٦ لایەنگری هەیە. ئایینی ئیسلام لەلایەن کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە سەدەی بیستەمدا هاتووتە ناوچەکە و ویلایەتەکە گەورەترین مزگەوتی ئەمریکای باکووری تێدایە کە ناوەندی ئیسلامی ئەمریکایە لە شاری دیربۆرن.
ئابووری ویلایەتەکە
سەرەڕای ئەوەی ویلایەتی میشیگان پەرەی بە ئابوورییەکی هەمەچەشن داوە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک ناوەندی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئەمریکا ناسرا، کە وەکوو هێزێکی ئابووری نیشتیمانی سەرەکی گەشەسەند. لەگەڵ ئەوەشدا، شوێنی سێ کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمبێلی وڵاتەکەیەتی و بارەگا سەرەکییەکانیان لە گەورەشاری دیترۆیتدایە. سەردەمانێک سود لە داربڕی یان بڕینەوەی دارەکان و کانسازی وەردەگیران، بەڵام لە ئێستادا نیمچەدوورگەی سەرەوە کە دانیشتوویەکی کەم و پچڕپچڕی لێیە بەهۆی زۆری سەرچاوە سروشتییەکانەوە گرنگە بۆ گەشتیاری. بەڵام نیمچەدوورگەی خوارەوە ناوەندێکی بەرهەمهێنان، دارستانەوانی، کشتوکاڵ، خزمەتگوزارییەکان و پیشەسازی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو.
کەشوهەوا
میشیگان کەشوهەوایەکی کیشوەری هەیە، بەڵام دوو ناوچەی جیاوازی هەیە. بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، بەشەکانی باشوور و ناوەڕاستی نیمچەدوورگەی خوارەوە کەشوهەوایەکی گەرمتریان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرم و زستانی ساردە. بەشی باکووری نیمچەدوورگەی خوارەوە و تەواوی نیمچەدوورگەی سەرەوە کەشوهەوایەکی سەختتریان هەیە، بەڵام هاوینیان گەرم و کورتتر و زستانیان درێژتر و سارد تا زۆر ساردە. تێکڕای پلەی گەرمی بەرز لە هەندێک ناوچەی ویلایەتەکەدا لە خوار پلەی بەستنەوەیە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا شوبات، و لە بەشە دوورەکانی باکوور تا سەرەتای مانگی ئازار. ساڵانە بە تێکڕایی ٧٦ بۆ ١٠٢ سانتیمەتر بەفر لە ویلایەتەکەدا دەبارێت؛ بەڵام لە هەندێک ناوچەی باکووری نیمچەدوورگەی خوارەوە و نیمچەدوورگەی سەرەوە ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی ٤٫١٠٠ مللیمەتر بەفر دەبارێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٤ پلەی سەدی بوو کە لە ١٣ـی تەممووزی ١٩٣٦ و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦- پلەی سەدی بوو کە لە ٩ـی شوباتی ١٩٣٤ـدا تۆمارکرا.