ئیلینۆی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-06-22:19:00 - کۆدی بابەت: 10934
ئیلینۆی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئیلینۆی یان ئیلینووا (بە ئینگلیزی: Illinois، بە عەرەبی: إلينوي)، ویلایەتێکە لە ناوەڕاستی رۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٢٥ـەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە شەشەم قەرەباڵغترین ویلایەتی وڵاتە. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٢,٨ ملیۆن کەس بوو. هەروەها پایتەختی ئیلینۆی شاری سپرینگفیڵدە و گەورترین شاری ولایەتەکە شیکاگۆیە. سەرەڕای ئەوەش، ئیلینۆی خاوەنی پێنجەم گەورەترین تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) وڵاتە. ناوی ئیلینۆی (Illinois) لە ناوی هۆزێکی ئەمریکی ڕەسەنەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ناوچەکەدا ژیاون.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی ئیلینۆی ١٤٩,٩٩٧ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٤٣,٩٦٩ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٥,٩٨١ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٣,٩٩٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٨٩,٤ کەس و لە پلەی ١٢ـی وڵاتدا بوو.

لەڕووی جوگرافییەوە

ئیلینۆی دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژاوای ناوەڕاستی ئەمریکا و یەکێکە لە هەشت ویلایەتەکانی ناوچەی دەریاچە گەورەکانی ئەمریکای باکوور. ئەم ویلایەتە لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی ویسکۆنسن، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ دەریاچەی میشیگان، ئیندیانا و کینتاکی، لە باشوورەوە لەگەڵ کینتاکی و میزۆری و لە رۆژاواوە لەگەڵ میزۆری و ئایۆوا هاوسنوورە. دەتوانرێت ویلایەتەکە بەسەر سێ ناوچەدا دابەش بکرێت، ئەوانیش دەشتە ناوەندییەکان، گردەکانی شاونی و دەشتی کەناری کەنداون. درێژی ویلایەتەکە ٦٢٨ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٣٣٨ کیلۆمەترە.

مێژوو

شوێنەوارناسان بەتەواوی لەوە دڵنیا نین کە یەکەم کەس کێ بووە کە گەیشتووەتە ئەو شوێنەی کە ئێستا ئیلینۆیە. بەڵام بەپێی ئەو ئامڕازانەی کە شوێنەوارناسان لە ناوچەکەدا دۆزیویانەتەوە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە مرۆڤەکان لانیکەم دە هەزار ساڵ لەمەوبەر لێرە ژیاون. میامی و ئیلینی سەرەتاییترین هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمریکان کە لە ویلایەتەکەدا ژیاون بە ئیلینۆی ناسراون. فەڕەنسییەکان سەرەتاییترین ئەورووپی بوون کە گەیشتە ناوچەکە و لە سەدەی ١٧ـدا لە نزیک ڕووباری میسیسیپی نیشتەجێ بوون. لە ساڵی ١٧١٧ ئیلینۆی بوو بە بەشێک لە خاکی لویزیانا، بەڵام لە ساڵی ١٧٦٣ لە کۆتایی جەنگی فەڕ‌ەنسا و هیندستاندا، فەڕەنسییەکان دەستبەرداری ناوچەکە بوون بۆ بەریتانیا، پاشان دوای شۆڕشی ئەمریکا ئیلینۆی بوو بە خاکی ئەمریکا و لە ساڵی ١٨١٨ـدا بوو بە ٢١ـەم ویلایەتی ئەمریکا.‌ بەهۆی نۆکەندی ئێرییەوە چالاکییە بازرگانییەکان لە دەریاچە گەورەکاندا زیادیان کرد‌ و جێگیرگە بچووکەکەی شیکاگۆ بوو بە یەکێک لە خێرا گەشەسەندوترین شارەکانی جیهان، کە سوودی لە پێگە جوگرافییەکەی خۆی وەک یەکێک لە بەندەرە سروشتییە کەمەکانی باشووری رۆژاوای دەریاچەی میشیگان وەرگرت.

لە ساڵی ١٩٠٠ گەشەی پیشەسازی لە شارەکانی باکوور و کانسازی خەڵووز لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، کۆچبەرانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئەورووپا بۆ خۆی ڕاکێشا. ئیلینۆی بوو بە یەکێک لە ویلایەتە پیشەسازییەکانی ئەمریکا و وەک ناوەندێکی سەرەکی بەرهەمهێنان دەمێنێتەوە. کۆچە گەورەکەی باشوور کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئەمریکییە ئەفریقییەکانی لە ویلایەتەکەدا دامەزراند، بەتایبەتی لە شاری شیکاگۆ. شیکاگۆ بوو بە ناوەندێکی پێشەنگی کولتووری و ئابووری و دانیشتووان، لە ئێستاشدا یەکێکە لە ناوەندە بازرگانییە سەرەکییەکانی جیهان؛ گەورەناوچەی شیکاگۆ کە بەشێوەیەکی نافەرمی بە شیکاگۆلاند ناودەبرێت ١٢,٨ ملیۆن دانیشتووی تێدایە و نزیکەی ٦٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لەخۆ دەگرێت.

ئەم ویلایەتی شوێنی نیشتەجێبوونی سێ سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەوانیش ئەبراهام لینکۆڵن، ئولیسس ئێس گرانت و باراک ئۆباما؛ جگە لەوەش ڕۆناڵد ڕیگان لە ویلایەتەکەدا لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورە بووە. کتێبخانە و مۆزەخانەی سەرۆکایەتی ئەبراهام لینکۆڵن و سەنتەری سەرۆکایەتی باراک ئۆباما لەم ویلایەتەن کە یەکەمیان لە شاری سپرینگفیڵدە و‌ دووەمیان لە شاری شیکاگۆیە. هەریەک لە هیلاری کلینتن و میشێل ئۆباما دوو کەسی تری ناوداری ویلایەتەکەن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئیلینۆی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا ١٢,٨١٢,٥٠٨ کەس بوو، لە پێنجەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکاوە بوو بە شەشەم گەورەترین ویلایەتی وڵات. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە بەراورد بە سەرژمێری لە ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا کەمێک کەمیکرد و زیاتر لە ١٨,٠٠٠ دانیشتووی لەدەستدا.

ئیلینۆی گەورەترین ویلایەتی ناوچەی رۆژاوای ناوەڕاستە و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکە شیکاگۆیە، کە سێیەم قەرەباڵغترین شارە لە ئەمریکا و ناوەندی گەورەناوچەی شیکاگۆ یان شیکاگۆلاندە. سەرەڕای ئەوەی گەورەناوچەی شیکاگۆ تەنها ٩٪ـی کۆی ڕووبەری ویلایەتەکە پێکدەهێنێت، بەڵام ٦٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لەخۆ دەگرێت.

ڕەگەز و نەتەوە

بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٩ـی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ٧١,٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئیلینۆی سپی پێست بوون (٦٠,٧٪ سپی پێستی نائیسپانی)، ٥,٦٪ ئاسیایی، ٠,٢٪ هەندێک ڕەگەزی تر، ١٣,٩٪ ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی، ئەمریکی ڕەسەن و ئالاسکای ڕەسەن ٠,١٪، دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن ٠,١٪ و ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە ٢٪. سپی پێستە ناهیسپانییەکان کە گەورەترین ڕەگەزی دانیشتووانی ویلایەتەکەن، لە ساڵی ١٩٧٠ـدا ٨٣,٥٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بۆ ٦٠٫٩٪ دابەزی.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠٠٧، ٢١,١٪ـی دانیشتووان بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی، ١٣,٣٪ بە ڕەچەڵەک ئێرلەندی، ٨٪ بەریتانی، ٧,٩٪ پۆڵەندی، ٦,٤٪ ئیتاڵی، ٤,٦٪ـی دانیشتووان خۆیان بە ئەمریکی ناساند، بە هەمان شێوە ٢,٤٪ـی دانیشتووان بە ڕەچەڵەک سویدی، ٢,٢٪ فەڕەنسی، ١,٦٪ هۆڵەندی و ١,٤٪ نەرویجی بوون. هەروەها ئیلینۆی ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی ئەمریکی ئەفریقی و لاتینی هەیە کە زۆربەی زۆریان خەڵکی مەکسیک و پۆرتۆ ڕیکۆن.

شوێنی لەدایکبوون و تەمەن

لە خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ـی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکادا ١,٧٦٨,٥١٨ دانیشتوو یان ١٣,٨٪ـی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لەدایکبووی بیانی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ٤٨,٤٪ـی دانیشتووان لە ئەمریکای لاتین لەدایکبوون، هەروەها ٢٤,٦٪ـی دانیشتووان لە ئاسیا، ٢٢,٨٪ لە ئەورووپا، ٢,٩٪ لە ئەفریقا، ١,٢٪ لە کەنەدا و ٠,٢٪ـی دانیشتووان لە ئۆقیانوسیا لەدایکبوون. لەنیو ئەوانەشی کە لەدایکبووی بیانین، ٤٣,٧٪ـیان هاوڵاتی ئەمریکی بوون و ٥٦,٣٪ هاوڵاتی ئەمریکی نەبوون. جگە لەوەش، لە هەمان ساڵی ٢٠٠٧ـدا، تەمەنی ٦,٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە خوار تەمەنی پێنج ساڵی، تەمەنی ٢٤,٩٪ـی دانیشتووان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵی و ١٢,١٪ـی دانیشتووان تەمەنیان ٦٥ ساڵ و سەرووتر بوو. سەرەڕای ئەوەش، مێینەکان نزیکەی ٥٠,٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا.

زمان

زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی ئیلینۆی ئینگلیزییە و نزیکەی ٨٠٪ـی خەڵکی ویلایەتەکە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا دێت کە زیاتر لە ٢٠٪ـی دانیشتووان بە زمانێکی تری نائینگلیزی قسە دەکەن، زمانی ئیسپانی باوترین زمانی نائینگلیزی دانیشتووانەوە و لەلایەن زیاتر لە ١٢٪ـی تەواوی دانیشتووانەوە بەکاردێت. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی قسەکەرانی زمانی پۆڵەندی لە گەورەناوچەی شیکاگۆ دەژین.

ئایین

کاسۆلیکی ڕۆمانی تاکە گەورەترین گرووپی ئایینییە لە ویلایەتی ئیلینۆی، بەزۆری لە شیکاگۆ و دەوروبەریدا چڕبوونەتەوە و نزیکەی ٣٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، لایەنگرانی پرۆتستانتی بە بەراورد بە کاسۆلیکەکان ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی ئایینە ئیبراهیمییەکان لە ویلایەتەکەدان و بەشێوەیەکی بەرچاو لە گەورەناوچەی شیکاگۆدا چڕبوونەتەوە. بەدوای ئاوانیشدا، پەیڕەوکەرانی ئیسلام و بەهایی و جوولەکە دێن، مسوڵمانان گەورەترین گرووپی نامەسیحییان پێکهێناوە و خاوەنی ٣٥٩,٢٦٤ لایەنگرن. ویلایەتی ئیلینۆی خاوەنی بەرزترین ڕێژەی دانیشتووی مسوڵمانە لە ئەمریکا و لە هەر ١٠٠,٠٠٠ کەسێکدا ٢,٨٠٠ـیان مسوڵمانن. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی تری دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتین لە هیندۆسی، سیخی، جاینی و بوودی.

ئابووری

ویلایەتی ئیلینۆی خاوەنی ئابوورییەکی زۆر هەمەچەشنە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شاری جیهانی شیکاگۆ لە باکووری ڕۆژهەڵات، ناوەندە پیشەسازی و کشتوکاڵییە سەرەکییەکانی باکوور و ناوەڕاستی ویلایەتەکە و سەرچاوە سروشتییەکانی وەک خەڵووز، تەختە و نەوت لە باشووری ویلایەتەکە. هەروەها بەهۆی شوێنە ناوەندی و جوگرافیا لەبارەکەیەوە، ویلایەتەکە ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوەیە. سەرەڕای ئەوەش، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئۆهیری لە شیکاگۆ دەیان ساڵە لەنێو دە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهاندایە. ئیلینۆی لە مێژە بە جیهانێکی چکۆلەی ئەمریکا و ڕێبەرێک لە کولتووری ئەمریکا دادەنرێت.

تێکڕای بەرهەمی ویلایەتی ئیلینۆی لە ساڵی ٢٠١٩ـدا بە ٩٠٩ ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندە کرا و تێکڕای بەرهەمی تاکەکانیشی نزیکەی ٧٢ هەزار دۆلار بوو. لە مانگی شوباتی ٢٠١٩، ڕێژەی بێکاری لە ویلایەتەکەدا ٤,٢٪ بوو. بەرهەمە سەرەکییە کشتوکاڵییەکانی ویلایەتی ئیلینۆی بریتین لە گەنمەشامی، پاقلەی سۆیا، بەراز، ڕەشەوڵاغ، بەرهەمی شیرەمەنی و گەنم. ئیلینۆی لەڕووی بەرهەمهێنانەوە یەکێکە لە ویلایەتە پێشەنگەکانی ئەمریکا و لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا زیاتر لە ١٠٧ ملیار دۆلار داهاتی هەبووە. ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١١ـدا لە دوای ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، تەکساس و ئۆهایۆوە چوارەم بەرهەمدارترین ویلایەتی وڵات بوو. هەندێک لە پیشەسازییە پێشەنگەکانی بەرهەمهێنان لەم ویلایەتەدا بریتین لە، بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان، بەرهەمهێنانی ئامێرەکان، بەرهەمهێنانی خۆراک، ئامێری گواستنەوە، پلاستیک و بەرهەمی لاستیک و بەرهەمی کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنی. سەرەڕای هەموو ئەوانەش کەرتەکانی خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان، وزە و باج بەشداری لە ئابووری ویلایەتەکەدا دەکەن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتر ئیلینۆی بەدرێژایی ساڵ زۆر جیاوازە. بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای زۆربەی زۆری ناوچەکانی ویلایەتەکە کیشوەری شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرم و شێدارە و زستانی ساردە. بەڵام کەشوهەوای بەشی باشووری ویلایەتەکە نیمچە خولگەیی شێدارە و زستانی مامناوەندترە. تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە نێوان زیاتر لە ١,٢١٩ مللیمەتر لە بەشی باشوور بۆ نزیکەی ٨٨٩ مللیمەتر لە بەشی باکووری ویلایەتەکەدا دەگۆڕێت. هەروەها ساڵانە زیاتر لە ٩٦٥ مللیمەتر بەفر لە شیکاگۆ دەبارێت، بەڵام لە بەشی باشووری ویلایەتەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کەمتر لە ٣٥٦ لە مللیمەتر. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٧ پلەی سەدی بوو کە لە ١٤ـی تەممووزی ١٩٥٤ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٩- پلەی سەدی بوو کە لە ٣١ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ـدا تۆمارکرا.

جگە لەوەش، ساڵانە لە ویلایەتی ئیلینۆیدا بە تێکڕایی نزیکەی ٥١ ڕۆژ ڕەشەبا بروسکاوی هەڵدەکات و تا ڕادەیەک لە سەرووی ئاستی ناوەندی وڵاتەوە پلەبەند دەکرێت. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی ٣٥ گەردەلوول ڕوودەدات، سەرەڕای ئەوەی گەردەلوولەکانی ئیلینۆی بە بەراورد بە گەردەلوولەکانی ویلایەتەکانی تری وڵات بەهێزتر نین، بەڵام چەند گەردەلوولێکی کوشندە لە ویلایەتەکەدا ڕوویانداوە. لەوانە، گەردەلوولی سێ ویلایەتی (Tri-State) کە لە ساڵی ١٩٢٥ـدا سێ ویلایەتی گرتەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٦٩٥ کەس و ٦١٣ـەیان لە ویلایەتی ئیلینۆی بوون.


سەرچاوەکان



165 بینین