کارۆلینای باکوور

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-06-23:33:00 - کۆدی بابەت: 10937
کارۆلینای باکوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی کارۆلینای باکوور یان نۆرس کارۆلینا (بە ئینگلیزی: North Carolina، بە عەرەبی: كارولاينا الشمالية)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە ٢٨ـەم گەورەترین و ٩ـیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی. نۆرس کارۆلینا لە باکوورەوە لەگەڵ ڤێرجینیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی، لە باشوورەوە لەگەڵ جۆرجیا و کارۆلینای باشوور و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ویلایەتی تێنێسی هاوسنوورە. ژمارەی دانیشووانی ئەم ویلایەتە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٠,٤٣٩,٣٨٨ کەس بوو. هەروەها ڕالی پایتەختی ویلایەتەکەیە و شارلۆت گەورەترین شاریەتی. گەورەناوچەی شارلۆت، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢,٥٩٥,٠٢٧ کەس بوو، قەرەباڵغترین گەورەشاری کارۆلینای باکوورە، ٢١ـەم قەرەباڵغترین گەورەشاری ئەمریکا و لە دوای شاری نیویۆرکەوە گەورەترین ناوەندی بانکی وڵاتە. ئەم ویلایەتە لە ٢١ـی تشرینی دووەمی ١٧٩٨ـدا وەک ١٢ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی کارۆلینای باکووری ١٣٩,٣٩٠ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٢٦,١٦١ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٥,١٣٩ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٩,٥٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٨٤,٨٠ کەس و لە پلەی ١٥ـی وڵاتدا بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کارۆلینای باکووری لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئەمریکا بە ١٠,٤٣٩,٣٨٨ کەس دیاریکرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٢، ٥٨,٥٪ـی دانیشتووانی کارۆلینای باکوور لە خودی ویلایەتەکە لەدایکبوون؛ ٣٣,١٪ـی دانیشتووان لە ویلایەتێکی دیکەی وڵات لەدایکبوون؛ ١٪ـیش لە پۆرتۆ ڕیکۆ لەدایکبوون و ٧,٤٪ـی دانیشتووان لەدایکبووی بیانی بوون.

ڕەگەز و نەتەوە

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکادا، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی کارۆلینای باکوور بریتی بوو لە:

  • سپی پێست: ٦٥,٨٪ (٦٥,٣٪ سپی پێستی نائیسپانی، ٣,٢٪ سپی پێستەکانی تر)
  • ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی: ٢١,٥٪
  • لاتینی و ئیسپانی ئەمریکی : ٨,٤٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٤,٣٪
  • ئەمریکی فرەڕەگەز: ٢,٢٪
  • ئاسیایی ئەمریکی: ٢,٢٪
  • هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: ١٪

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ژمارەی دانیشتووانە سپی پێستە ناهیسپانییەکانی کارۆلینای باکوور وەک زۆربەی بەشەکانی تری ئەمریکا ڕووی لە کەمی کرد و ڕێژەیان بۆ ٦٢,٢٪ دابەزی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەش پێستەکان ٢٠,٥٪ـی دانیشتووان و هیندییە ئەمریکییەکان و خەڵکی ئالاسکا ١,٢٪، ئاسیاییەکان ٣,٣٪، هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن ٠,١٪، ڕەگەزەکانی تر ٥,٩٪ و ئەمریکییە فرەڕەگەزییەکان ٦,٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا.

زمانەکان

زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی کارۆلینای باکوور ئینگلیزییە، لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٨٩,٦٦٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و بەرەو سەرتری ویلایەتەکە (بە ژمارە ٧,٧٥٠,٩٠٤ کەس) لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا ٦,٩٣٪ (٥٩٨,٧٥٦ كەس)ـی دانیشتووان بە زمانی ئیسپانی، ٠,٣٢٪ (٢٧,٣١٠ كەس) فەڕەنسی، ٠,٢٧٪ (٢٣,٢٠٤ كەس) ئەڵمانی و ٠,٢٧٪ (٢٣,٠٧٢ کەس)ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و بەرەو سەرتری ویلایەتەکە زمانی چینی (کە زمانی ماندارینیش لەخۆ دەگرێت)ـیان وەک زمانی سەرەکی خۆیان بەکارهێنا. بەشێوەیەکی گشتی، ١٠,٣٤٪ (٨٩٣,٧٣٥)ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەروتری کارۆلینای باکوور، بە زمانێکی دایکی نائینگلیزی قسەیان دەکرد.

ئایین

ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتی کارۆلینای باکوور لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • پرۆتستانتی ئینجیلی: ٣٥٪
  • بێ ئایین: ٢٠٪
  • پرۆتستانتی کۆنەپارێز: ١٩٪
  • بلاک پرۆتستانت: ١٢٪
  • کاسۆلیکی: ٩٪
  • مۆرمۆن: ١٪
  • ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات: ١٪
  •  گەواهی یهوا: ١٪
  • ئایینەکانی تر: ١٪
  • جوولەکە: ١٪

ئابووری

کارۆلینای باکوور بەهۆی توانای کارۆئاوی، خۆشی کەشوهەوا و جۆراوجۆری خاکەکەی ئابوورییەکی زۆر هەمەچەشنی هەیە. ویلایەتەکە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لەنێو ویلایەتەکانی باشووری ئەتڵەسیدا لە پلەی سێیەمدایە، بەڵام لەڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە پێشەنگی ناوچەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ویلایەتەکە لە بەرهەمهێنانی تووتندا پێشەنگی وڵاتەکەیەتی. هەروەها تێکڕای بەرهەمی گشتی ویلایەتی کارۆلینای باکوور لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ٤٩٦ ملیار دۆلار بوو. بە پشتبەستن بە داتاکانی ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی ٢٠١٠–٢٠١٤، ئەم ویلایەتە بە ڕێژەی ١٧,٦٪ چواردەیەم هەژارترین ویلایەتی وڵاتە و ١٣٪ـی خێزانەکانی لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون.

کەشوهەوا

کەشوهەوای کارۆلینای باکوور لە کەنارەکانی زەریای ئەتڵەسیی ڕۆژهەڵاتەوە تا زنجیرە چیاکانی ئەپالاچیانی ڕۆژاوا دەگۆڕێت. زۆرجار شاخەکان وەک "قەڵغانێک" ڕۆڵ دەگێڕن و بلۆکی پلەی گەرمی نزم و زریانەکان دەکەن کە لە ڕۆژاوای ناوەڕاستەوە دێنە دامێنە دەشتی ویلایەتەکەوە. بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای زۆربەی زۆری ناوچەکانی ویلایەتەکە نیمچە خولگەیی شێدارە، جگە لە بەرزاییە بەرزەکانی زنجیرە چیاکانی ئەپالاچیان کە کەشوهەوایەکی شاخاویی نیمچە خولگەییان هەیە. پلەی گەرمی ساڵانەی ویلایەتەکە لە ناوچەی پێنج ئەی (5a) لە نێوان ٢٨,٨- تا ٢٦- پلەی سەدیی شاخەکان تا ناوچەی هەشت بی (8b) ٦,٦- بۆ ٩,٤- پلەی سەدیی ناچەکانی کەناراوەکان دەگۆڕێت. پلەکانی گەرما لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی ویلایەتەکە، لە مانگی تەممووز و لە کاتەکانی ڕۆژدا نزیکەی ٣٢ پلەی سەدین. لە مانگی کانوونی دووەمدا تێکڕای پلەکانی گەرما نزیکەی ١٠ پلەی سەدین.


سەرچاوەکان



153 بینین