ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی نیوجێرسی (بە ئینگلیزی: New Jersey، بە عەرەبی: نیو جيرسي)، ویلایەتێکە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەتڵەسی و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی نیویۆرک، لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات و باشوورەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ڕووباری دێلاوێر و پێنسیلڤانیا و لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ کەنداوی دێلاوێر و ویلایەتی دێلاوێردا هاوسنوورە. نیوجێرسی لەڕووی ڕووبەرەوە پێنجەم بچوکترین ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە یازدەیەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتە. پایتەختی ویلایەتەکە ترێنتۆنە و قەرەباڵغترین شاری نیوارکە. لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٧٨٧ـدا نیوجێرسی وەکوو سێیەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری ویلایەتی نیوجێرسی ٢٢,٥٩١.٣٨ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٩,٠٤٧.٣٤ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٣,٥٤٤.٠٤ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ١٥.٧% کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٤٨٨ کەس و لە پلەی یەکـەمی وڵاتدا بوو.
مێژوو
ئەمریکییە ڕەسەنەکان بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٢,٨٠٠ ساڵ لە نیوجێرسی نیشتەجێ بوون و ئەورووپییەکانیش لە سەرەتای سەدەی ١٧ـدا گەیشتنە ناوچەکە. کۆلۆنیالیستە هۆڵەندی و سویدییەکان یەکەم جێگیرگەی ئەورووپییان لە ویلایەتەکەدا دامەزراند. دواتر بەریتانییەکان دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت و پارێزگای نیوجێرسییان دامەزراند، کە بە ناوی دوورگەی جێرسی (Jersey)ـیەوە ناونراوە. بەهۆی زەوییە بەپیتەکانی کۆڵۆنییەکە و لێبوردەیی ئایینییەوە دانیشتووانێکی زۆر و هەمەچەشن ڕوویان لە ناوچەکە کرد. نیوجێرسی لەنێو ئەو سیازدە کۆلۆنیە بوو کە پشتگیریان لە شۆڕشی ئەمریکا کرد و لە کاتی شەڕی ناوخۆیی ئەمریکادا لە یەکێتیدا مایەوە و پشتگیری کردن.
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆ، ویلایەتەکە وەک ناوەندێکی سەرەکی نیشتیمانی بەرهەمهێنان و کۆچبەری دەرکەوت، یارمەتی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازییدا. لەکاتی دامەزراندنی نیوجێرسییەوە زۆرێک لە دانیشتووانە دیارەکانی وەک هێزێکی سەرەکی ئابووری و سیاسی جیهانی بەشدارییان لە دەرکەوتنی وڵاتدا کردووە، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بوارەکانی وەک ئەکادیمی، چالاکیی، هونەر، بازرگانی، کات بەسەربردن، حکوومەت و سیاسەت، سەربازی، مۆسیقا، ئایین، زانست و بوارەکانی تردا هەبووە. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، شوێنی ناوەندی ویلایەتی نیوجێرسی لە کۆریدۆری بۆستن-واشنتن یارمەتی گەشەسەندنی ویلایەتەکەیدا. لە سەدەی بیست و یەکدا ئابووریی ویلایەتەکە هەمەچەشنتر بوو و کەرتە سەرەکییەکانی ویلایەتەکە زیندە تەکنەلۆجیا، دەرمانسازی، کشتوکاڵی تایبەتمەند و تەکنەلۆجیای زانیارییان لەخۆ دەگرت. نیوجێرسی هێشتا شوێنێکی سەرەکیی کۆچبەرانە و یەکێک لە فرەکولتوورترین ویلایەتەکانی ئەمریکا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی نیوجێرسی بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا ٩,٢٨٨,٩٩٤ کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ کە ٨,٧٩١,٨٩٤ کەس بوو بە ڕێژەی ٥.٧% زیادیکردووە. زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری نیویۆرک و فیلادێلفیا نیشتەجێن، بەڵام بەدرێژایی کەناری جێرسی ڕۆژهەڵات؛ ناوچەکانی ئەوپەڕی باشوور و باکووری ڕۆژاوا بەگشتی دانیشتوویەکی کەمتریان لێ نیشتەجێیە.
لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، بەگوێرەی داهاتی ناوەندی خێزانەکان ویلایەتی نیوجێرسی لە دوای ویلایەتەکانی میریلاند و ماسەشوستسەوە سێیەم دەوڵەمەندترین ویلایەتی ئەمریکا بوو، داهاتی ناوەندی خێزانەکانی ئەم ویلایەتە زیاتر لە ٨٥,٠٠٠ دۆلار بوو بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە نزیکەی ٦٥,٠٠٠ دۆلار بوو. بە پێچەوانەوە، ڕێژەی هەژاریی نیوجێرسی ٩.٤% بوو و کەمێک کەمتر بوو لە تێکڕای نیشتیمانی کە ١١.٤% بوو، ئەمەش شەشەم نزمترین ڕێژەی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکا، واشنتن دی سی و پۆرتۆ ڕیکۆ بوو. بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆربەی ویلایەتی نیوجێرسی لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری نیویۆرک و فیلادێلفیا پێکدێت کە دوو ناوەندی سەرەکیی ئابووری و دارایین. هۆکارەکانی تر بریتین لە بوونی زۆرترین ژمارەی ملیۆنێرەکانی وڵات لە ناوچەکەدا و میوانداریکردنی زانا و ئەندازیارانی زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان. هەروەها نووسینگەی شیکاری ئابووری ئەمریکا تێکڕای بەرهەمی ویلایەتی نیوجێرسی لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بە ٦٣٩.٨ ملیار دۆلار مەزەندەکرد.
ڕەگەز و نەتەوە
پێکهاتە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بریتی بوون لە:
- ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی (ناهیسپانی): ٣٨.٣%
- سپی پێست (ناهیسپانی): ٣٤.٣%
- هیسپانی یان لاتینی (لە هەر ڕەگەزێکدا): ١٤.٩%
- ئاسیایی: ٨.٣%
- دوورگەنشینیەکانی زەریای هێمن: ٠.١%
- ئەمریکی ڕەسەن: ٠.٤%
- ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: ٦.٩%
لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان نیوجێرسی نزیکەی ٥٥٠,٠٠٠ کەس بوو کە دەکاتە ٦.٢%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە و پێنجەم بەرزترین ڕێژەی هەر ویلایەتێکی ئەمریکایە. نیوجێرسی لەڕووی نەژادی و ئایینییەوە یەکێکە لە ویلایەتە هەمەچەشنەکانی ئەمریکا. نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ویلایەتەکە کە بە ڕێژە ٢٢.٧%ـی کۆی دانیشتووانە لەدایکبووی بیانیین بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ١٣.٥%. لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٥٦.٤%ـی منداڵانی خوار یەک ساڵی نیوجێرسی لانیکەم دایک یان باوکیان سپی پێستی ناهیسپانی نەبوو.
بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠، بەرزترین ڕێژەی مسوڵمانان لە ویلایەتی نیوجێرسی نیشتەجێن و لە دوای ویلایەتی نیویۆرکەوە دووەم بەرزترین ڕێژەی جوولەکەکانی لێ نیشتەجێیە. لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی پیرۆ، زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کوبا لە دەرەوەی فلۆریدا؛ سێیەم بەرزترین ڕێژەی دانیشتووی ئاسیایی و دووەم بەرزترین ڕێژەی دانیشتووانی ئیتاڵیایە. هەروەها بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا، ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییە ئەفریقییەکان و هیسپانیەکان (پورتۆ ڕیکۆییەکان و دۆمینیکانەکان)، هیندییەکانی ڕۆژاوا، عەرەب و ئەمریکییە بەڕازیلی و پورتوگالیەکانی لێیە. بەگشتی، نیوجێرسی سێیەم زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کۆریا، چوارەم زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی فلیپینی و چوارەم زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی چینی لێ نیشتەجێیە.
زمانەکان
زمانی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی نیوجێرسی ئینگلیزییە و لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ٧١.٣١٪ـی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووری دانیشتووانی ویلایەتەکە (٥,٨٣٠,٨١٢ کەس) لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا ٢٨.٦٩٪ (٢,٣٤٥,٦٤٤ كەس)ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە بە زمانێکی دایکی جگە لە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد. زمانە نائینگلیزییەکانی دانیشتووانی نیوجێرسی بریتی بوون لە:
- ئیسپانی: ١٤.٥٩%
- چینی (بە کانتۆنی و ماندارینەوە): ١.٢٣%
- ئیتاڵی: ١.٠٦%
- پورتوگالی: ١.٠٦%
- فلیپینی: ٠.٩٦%
- کۆری: ٠.٨٩%
- گوجەراتی: ٠.٨٣%
- پۆڵەندی: ٠.٧٩%
- هیندی: ٠.٧١%
- عەرەبی: ٠.٦٢%
- ڕووسی: ٠.٥٦%
ئایین
گەورەترین گرووپە ئاینییەکانی ویلایەتی نیوجێرسی لە ساڵی ٢٠١٠ و بەپێی ژمارەی لایەنگران کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی بوو کە خاوەنی ٣,٢٣٥,٢٩٠ شوێنکەوتە بوو، بە دوای ئەویشدا ئایینی ئیسلام بە پلەی دووەم هات کە ١٦٠,٦٦٦ لایەنگری هەبوو و پاشانیش کڵێسای یونایتد میتۆدیست بە ١٣٨,٠٥٢ شوێنکەوتەوە لە پلەی سێیەمدا بوو. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە و ڕێژەیان لە کۆی دانیشتووان و ساڵی ٢٠١٤ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
- کاسۆلیکی: ٣٤%
- پرۆتستانت: ٣١%
- بێ ئایین: ١٨%
- جوولەکە: ٦%
- هیندۆس: ٣%
- مسوڵمان: ٣%
- مۆرمۆن: ١%
- ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات: ١%
- گەواهی یهوا: ١%
- ئایینەکانی تر: ٢%
- نازانمباوەڕی: ١%
کەشوهەوا
دوو کەشوهەوای جیاواز لە نیوجێرسیدا هەستی پێ دەکرێت. ناوچەکانی باشوور، ناوەڕاست و باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداریان هەیە، لە کاتێکدا باکووری ڕۆژاوای ویلایەتەکە کەشوهەوایەکی کیشوەری شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بەرزی ناوچەکەوە کەش زۆر فێنکترە. ساڵانە لە نێوان ٢,٤٠٠ بۆ ٢,٨٠٠ کاتژمێر خۆر بەسەر ویلایەتی نیوجێرسیدا دەدرەوشێتەوە. گۆڕانی کەشوهەوا خێراتر لە زۆربەی بەشەکانی تری ئەمریکا کاریگەری لەسەر نیوجێرسی هەیە. بەپێی توێژینەوەکانی کەشزانی ئەمریکا، پلەی گەرمی هەوای ئەم ویلایەتە خێراتر لە ویلایەتەکانی تر وڵات گەرم دەبێت.
پلەی گەرمی
مانگەکانی وەرزی هاوین بە شێوەیەکی گشتی گەرم و شێدارن، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی بەرز لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا لە نێوان ٢٨ بۆ ٣١ پلەی سەدیدایە و تێکڕای پلەی گەرمی نزم لە نێوان ١٦ بۆ ٢١ پلەی سەدیدایە، سەرەڕای ئەوەش پلەکانی گەرما بەتێکڕایی ٢٥ ڕۆژ لە هەر هاوینێکدا ٣٢ پلەی سەدی تێدەپەڕێنن، لە هەندێک ساڵیشدا بۆ زیاتر لە ٣٨ پلەی سەدی بەرز دەبنەوە. مانگەکانی وەرزی زستان بەزۆری ساردن، تێکڕای پلەی گەرمی بەرز لە تەواوی ویلایەتەکەدا ١ بۆ ٦ پلەی سەدییە و تێکڕای پلەی گەرمی نزم ٩- بۆ ٢- پلەی سەدییە.
زۆربەی دۆخەکە. بەڵام دەشێت پلەی گەرمی بۆ خوار ١٢- پلەی سەدی دابەزێت و هەندێک جاریش بۆ سەرووی ١٠ پلەی سەدی بەرزبێتەوە. بەشەکانی باکووری ڕۆژاوای ویلایەتەکە زستانێکی ساردتریان هەیە بە بەراورد بە بەشەکانی تری ویلایەتەکە. لەوانەیە پلەکانی گەرما لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا زۆر جیاواز بن و ڕێژەی شێشیان نزمتر بێت لە وەرزی هاوین. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە نیوجێرسیدا ٤٣ پلەی سەدییە کە لە ١٠ـی تەممووزی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٧- پلەی سەدییە کە لە ٥ـی کانوونی دووەمی ١٩٠٤ـدا تۆمارکرا.
دابارین
تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لەم ویلایەتەدا لە نێوان ١,١٠٠ بۆ ١,٣٠٠ مللیمەتردایە، بەڵام تێکڕای بەفربارین لە هەر وەرزێکی زستاندا لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٨ سانتیمەتر لە بەشی باشوور و نزیک دەریا، ٣٨ بۆ ٧٦ سانتیمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵات و ناوەندی ویلایەتەکە و نزیکەی ١.٠ بۆ ١.٣ مەتر لە بەرزاییەکانی باکووری ڕۆژاوا، بەڵام ڕێژەی دابارین زۆرجار بەپێی ساڵ دەگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا ٢٥ بۆ ٣٠ ڕەشەبای بروسکاوی لە ساڵێکدا هەڵدەکەن بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا.