ناوهڕۆك
شەهیدی گومناو
فازڵ ڕه‌سووڵ كوڕی مه‌لا مه‌حموودی كوڕی حاجی مه‌لا ڕه‌سووڵی دێلێژه‌ییه و به فازیل ڕه‌سوڵ ناسراوه، ساڵی ١٩٤٨ له‌دایكبووه (عیزەددین موستەفا ڕەسول دەڵێت کە ١٩٤٧ لەدایکبووە)، ئامۆزای دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ و فارووقی مه‌لا مسته‌فایه، نووسه‌ر و سیاسییه‌كی دیاری كوردبووە و له قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندیدا ده‌ستی كردووه به چالاكی سیاسی و تا ساڵانی حه‌فتاكان له ڕیزی ڕێكخراوی قوتابیانی سه‌ر به پارتی دیموكراتی كوردستان درێژه‌ی به چالاكی داوه، ساڵانی حەفتاکان بە ناوی فازیلی مەلا مەحموودەوە وتاری ئەدەبی و ڕەخنەیی بڵاوکردۆتەوە، هەر لە حەفتاکان له زانكۆی به‌غدا، له به‌شی سیاسه‌ت بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس به‌ده‌ست دێنێت، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گرووپی ڕوانگە لە ساڵانی حەفتاکان و یەکێک بووە لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لەوکاتەدا چه‌پێكی ماركسی- ماوی بووە، زۆر نابات واز لە کۆمەڵە دەهێنێت و دەڕواتە باڵی قیادەی مەرکەزی حیزبی شیوعی.
گەڕانەوە بۆ بیری ئیسلامی
پاش نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول ده‌چێته دەرەوەی وڵات ڕوودەکاتە لوبنان و لەوێ بە تەواوی دەگۆڕێت و بە یەکجاری واز لە بیری چەپ و مارکسی دەهێنێت و دەبێتە کەسێکی ئیسلامی.
له‌وێ له بنكه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه كار ده‌كات و ده‌بێته هاوڕێی چەند بیرمه‌ند و نوسه‌رێكی عه‌ره‌ب، و كتێبێك ده‌رباره‌ی عه‌لی شه‌ریعه‌تی ده‌نووسێت "هكذا تكلم علي شريعتى" و دوو كتێبیش له فارسییه‌وه بۆ عه‌ره‌بی وەردەگێڕێت، یه‌كێكیان كتێبه‌كه‌ی ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی سه‌دره "ايران غربة السياسة و الثورة"، ئه‌ویتریشیان كتێبێكی مه‌هدی بازرگانه "الحد الفاصل بين السياسة و الدين"، فازڵ ڕەسوول بە پاراوی فەڕەنسی و فارسی و عەرەبی و ئەڵمانی زانیووە.
لە دوای ئەوانەوە ڕوودەکاتە نەمسا و لەوێ هاوسەرگیری دەکات.
له ساڵانى هه‌شتاكاندا ده‌بێته هاوه‌ڵی ئیسلامییه میانڕه‌وه‌كان و ژماره‌یه‌ك له ڕۆشنبیرانی میانه‌ڕه‌و، وه‌ك: (ئەحمەدی بن بیلـلای سەرۆکی جەزائیر و محەمەد سەلیم ئەلعەوا و فەهمی هوەیدی و محەمەد عەمارە و ڕەزوان سەید و وەجیھ کەوسەرانی) و لەگەڵ ئەم کەسانەدا بیری دەگۆڕێت بۆ کەسایەتی میانڕەو.
ساڵی ١٩٨٥ له به‌رلینى ئه‌ڵمانیا بڕوانامه‌ی دكتۆرا له سیاسه‌تدا له سه‌ر كێشه‌ی كورد له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بەدەست دەهێنێت و نامەی دكتۆراكەی بەناونیشانی "كوردستان و یەكێتی سۆڤیەت: نمونەیەك لەسیاسەتی زلهێزەكان بەرامبەر بە بزوتنەوە نیشتیمانییە ئازادیخوازەكان" دەبێت، كە دواتر بەزمانی ئەڵمانی بڵاودەكرێتەوە.
دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ زۆرێك له سیاسییه‌كانی جیهاندا هه‌بووه، وه‌ك (بن بێلای سه‌رۆكی جه‌زائیر و به‌نی سه‌دری سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران و عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ركرده‌ی عێراق و دۆستێکی نزیکی دکتۆر قاسملووی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە).
دوای نووسینی چه‌ندان كتێب و وتار و لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ئیسلام، ده‌بێته سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (منبر الحوار).
فازیل له ئاستی دونیای ئیسلام و عه‌ره‌ب به یه‌كه‌م كه‌س ده‌ژمێردرێت كه بۆ یه‌كه‌مجار توانیویه‌تی عه‌لمانی و ناسیۆنالی و ئیسلامییه‌كان له سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆبكاته‌وه، له قاهیره، وێڕای وتار و لێكۆڵینه‌وه له (منبر الحوار)، فازیل كتێبێكی به ئه‌ڵمانی له سه‌ر جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران بڵاو كرده‌وه و خۆشی وەرگێڕانی بۆ کردووە بۆ زمانی عه‌ره‌بی.
دواتریش کتێبی "الاکراد في الاسلام" نووسیوە و بڕیار وابووە لە ١٩٨٩ لە قاهیرە چاپ بکرێت، بەڵام بەهۆی تیرۆرکردنیەوە کەس نازانێت ئێستا دەستنووسی کتێبەکە لەکوێیە.
لە ساڵی ١٩٧٧ـەوە كه‌سێكی بێ لایه‌ن بووه له ئاستی حیزبایه‌تی و پێیوابووه ئه‌زموونی حیزبایه‌تی وه‌كو ئه‌زموونی ناسیۆنالیزم په‌رته‌وازكه‌ر و ڕووخێنه‌ره، بۆیه تا تیرۆریش كرا هه‌ر وه‌ك كه‌سێكی ناحیزبی ماوەتەوە.
پەیوەندی لەگەڵ ئێران
عه‌لی سیرینی ده‌ڵێت: "فازیل په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران باش نه‌بوو، كاتێك له هه‌شتاكان كۆنگره ئیسلامیه‌كان له تاران به‌ڕێوه ده‌چوون، فازیل بانگهێشتی هیچ كامێك له‌م كۆنگرانه نه‌ده‌كرا، ته‌نانه‌ت ئێران ڤیزای نه‌داوه به فازیل بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له ئێران دایكی خۆی ببینێت، هه‌روه‌ها فازیل بیریارێکی گه‌وره‌ى سوننی بوو، هەروەها کورد بوو و دژی شیعەی سەفەوی بووە و لە کتێبی "هکذا تكلم علي شريعتي" دژی ڕەوتی شیعەگەری دەوەستێتەوە کە حکوومەتی ئێران پەیڕەوی دەکات.
تیرۆر
لە ١٣/٧/١٩٨٩ لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، لە کاتی کۆبوونەوەی نێوان حکوومەتی ئێران و دکتۆر قاسملوو فازڵ ڕەسوول و هاوڕێیانیان دەربارەی بابەتی کورد لە ئێران و بەدەستهێنانی مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ گەلی کورد، بەهۆی خیانەتەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ تیرۆرکران.
تیرۆرستەکان بە هاوکاری باڵیۆزخانەی ئێران هاتبوونە ناو خاکی نەمسا بە جلوبەرگی دیبلۆماسییەوە، بە وتەی نەسرین قاسملوو (هاوسەری دکتۆر قاسملوو) وڵاتی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو بەڵگانە بڵاودەکاتەوە کە وڵاتی نەمسا چەکی بە هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران فرۆشتووە لە جەنگدا لەکاتێکدا وتویەتی من بێلایەنم کە ئەمەش دژی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لەدوای تیرۆرکردنیان دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە لێکۆڵینەوە نەدا و کەیسەکە داخرا.
پێش تیرۆر
ڕۆژی ١٣ـی تهمموز فازڵ دڵی خۆشه و به كه‌سه نزیكه‌كانی ده‌ڵێت به‌م زووانه ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بۆ میلله‌تی كورد به ئه‌نجام ده‌گات، به‌ڵام باسی ناكات چییه و كه‌سیش نازانێت بۆ كوێ ده‌چێت، پێش چه‌ند ڕۆژێك به ته‌له‌فۆنیش قسه له‌گه‌ڵ به‌نی سه‌در ده‌كات بەڵام به هیچ شێوه‌یەک باسی ئه‌م گفتوگۆیه ناكات، به‌نی سه‌در ده‌ڵێت گه‌ر فازیل پێی گوتبام شتێكی ئاوا له ئارادایه من واملێدهكرد نه‌چێت، چونكه من ده‌مزانی كه ئه‌مه ته‌ڵه‌یه و ئێران به‌ڕاستی نایه‌وێت گفتوگۆ بكات، به‌ڵام ده‌ڵێت كه "فازڵ له‌لایه‌نی ئه‌خلاقیه‌وه مه‌حكوم بووه به‌وه‌ی نهێنی نه‌دركێنێت بۆیه ئه‌م نهێنیه‌ی پاراستووە".
خەبات مەعروف دەڵێت: "كێشەكە ئەوەیە قاسملووش لای كەس باسی نەكردووە کە لەوێ كۆدەبنەوە، نه‌وشیروان مستەفا و شازاد سائیب وتویانە پێش ئەوەی تیرۆرکردنەکە ڕووبدات لە پاریس فازڵمان بینیووە بەڵام هیچی نەوتووە، تەنانەت قاسملووش لای نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستان لە ڤێنا نەیوتووە گفتوگۆ دەكەن".
هەموو ئەم قسەنەکردن و نهێنی پاراستنانە بۆ ئەوە بووە پڕۆژەکە سەر بگرێت و گەڕی سێیەمی دانووستانەکان سەرکەوتوو بن، چونکە دانووستانکەرانی ئێرانی وتبوویان کە ئەمە لەلایەن ئیمامەوە دەکرێت و با نهێنی بێت نەوەک لایەنەکانی دیکە لێمان تێکبدەن.
خەبات دەڵێت :"هەرچەندە بەشێك لە كوردی ڕۆژهەڵات و ئێرانیەكان پێیانوایە فازیل ڕۆڵی هەبووە لە ئاسانكاری كردن بۆ ئەوەی قاسملوو و هاوڕێكەی بەو چارەنووسە بگەن، بەتوندی ئەوە ڕەتدەکەمەوە، خەبات دەڵێت: "هەرگیز بڕوا ناكەم فازیل كاری بۆ ئەوە كردبێت قاسملوو بخاتە داوەوە، فازیل ئیشی بۆ پارە نەدەكرد.
بیر و فیکر دەربارەی جیهان و کورد
- فازیل "دۆن كیشوەت" ئاسا تاکە چارەسەری كێشەی گەلانی ناوچەكە، لە"ڕۆژھەڵاتێكی یەكگرتودا" دەبینێ، ئەویش "پڕۆژەیەکی شارستانی ئیسلامییە، کە تەواوی گەلانی ناوچەکە بە یەکسانی لەباوەش بگرێت".
- فازیل وەك كوردێك بیركردنەوەیەكی لا دروست دەبێ كە زیاتر دەچێتە خانەی خەیاڵەوە وەك ئەوەی بتوانرێت بكرێت بەواقعێكی بەردەست، ئەو پێیوابووە "چوارچێوەی ئیسلامی دەبێت هەموو موسڵمانان كۆبكاتەوە سەر بە هەر گەل و میللەتێك بن و كەمینە و زۆرینە بوونی نەبێت".
- پێیوابووە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و ئیسرائیلی دوژمنكار كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناوچەكە و پارچەپارچەكردنی بەسەر چەندین قەوارەی بچو‌وكدا لە لوبنان و سوریا و عێراق دەكات و دەیانەوێت عێراق بەسەر سێ قەوارەی شیعی و كوردی و سوننی‌دا دابەش بکەن.
- پێیوابووە ئیسلام تاکە چارەسەرە و هاتووە بۆ چارەسەری كێشەكان