ناوهڕۆك
ناساندن
پۆرتسمۆس یان پۆرتسمۆث (بە ئینگلیزی: Portsmouth، بە عەرەبی: بورتسموث)، بەندەر و شارێکە لە هەرێمی هامپشایەر لە باشووری ئینگلتەرا. پۆرتسمۆس چڕترین شارە لە شانشینی یەکگرتوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٢٣٨,٨٠٠ کەسە. ئەم شارە ١١٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای لەندەن و ٣١ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ساوسهامپتۆنەوە دوورە. پۆرتسمۆس زیاتر دەکەوێتە دوورگەی پۆرتسی و تاکە شاری ئینگلیزییە کە لە خاکی سەرەکی بەریتانیای مەزندا نییە. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە ٤٠٫٢٥ کیلۆمەتر دووجایە.
گرنگی شارەکە
پۆرتسمۆس بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە دوورگەی پۆرتسی و تاکە شاری وڵاتەکەیەتی کە دەکەوێتە سەر دوورگەیەک. ئەم شارە مێژوویەکی هەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمەکان. بە درێژایی مێژووی ئینگلتەرا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، لەوانە ڕۆڵی شارەکە لە سەردەمی داگیرکردنی فەڕەنسادا. هەروەها بەندەری شارەکە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئابوورییەکەیدا گێڕاوە.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی پۆرتسمۆس لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٢٠٥٫١٠٠ کەس بوو و لە ساڵی ٢٠١٧ـدا بەرزبوویەوە بۆ ٢٠٩٫٠٠٠ کەس. ئەم شارە چڕترین شاری شانشینی یەکگرتووە، بەپێی ئامارەکانی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ چڕی دانیشتووانی شارەکە ٥٫١٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و زۆر لە تێکڕای نیشتیمانی زیاترە. بەهۆی کۆچی هاوڵاتیان بۆ شارەکە بە مەبەستی کارکردن لە بەندەر و کارگەکان، شارەکه خاوەنی کولتوورێکی زۆر هەمەچەشن و کۆمەڵگەی جیاوازە لە هەموو ڕەگەز و نەتەوەکان. ڕێژەی گەشەی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا و بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ بە ڕێژەی ١٠٪ زیادی کردووە.
ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە
سپی بەریتانی: ٨٤٪
سپی پێستی نەتەوەکانی تر: ٤٫٣٪
ئاسیایی: ٦٫١٪
ڕەش پێست: ١٫٨٪
ڕەگەزی تێکەڵ: ٢٫٧٪
نەتەوەکانی تر: ١٫١٪
ئایین
هەر بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـی شانشینی یەکگرتوو، ڕێژەی پەیڕەوکەرانی ئایینە جیاوازەکانی شارەکە بریتی بوون لە:
مەسیحی: ٥٢٫۱٨٪
ئیسلام: ٣٫٤٩٪
هیندۆسی: ٠٫٦٣٪
بوودی: ٠٫٥٧٪
سیخی: ٠٫٢٣٪
جوولەکە: ٠٫١١٪
ئایینەکانی تر: ٠٫٥١٪
بێ ئایین: ٣٥٫٠٣٪
ئەوانەی کە ئایینی خۆیان ئاشکرا نەکرد: ٧٫٢٥٪
کەشوهەوا
شاری پۆرتسمۆس کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت. بەڵام کەنارەکانی باشووری ئینگلتەرا کە پۆرتسمۆسی لێیە، کەشوهەوایەکی ناوچەیی مامناوەند و خۆرەتاویی هەیە، بەراورد بە بەریتانیای مەزن.
زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. دابارینی بەفر دەگمەنە و دەشێت جاروبار بەفر ببارێت. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٤- و ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٨٧ـدا ٩- پلەی سەدی بوو.
بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. هەروەها ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام کورتخانەینن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی ٢٠٠٣ـدا گەشتە ٣١٫٧ پلەی سەدی.
ساڵانە ٧٠٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانە ٤٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمە ٨٥ مللیمەتر باران دەبارێت، هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٩٢٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە، باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئاب.
هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە
۱. ماری ڕۆز
۲. ئێج ئێم ئێس ڤیکتۆری
۳. شوێنی کەشتی چاککردنەوەی مێژوویی پۆرتسمۆس
٤. تاوەری بایەوانێکی سێگۆشەیی
٥. مۆزەخانەی دی دەی
٦. سەکۆی بەندەری گەنوارف
۷. سەنتەری چالاکییەکانی پیتەر ئاشڵی
٨. پۆرتسمۆسی کۆن
۹. کەناری ساوث سی
۱۰. کەشتییەکانی بریتانی