ناوهڕۆك
ناساندن
دژۆخار موسایڤیچ دودایێڤ یان جەوهەر دۆدایێڤ (بە ئینگلیزی: Dzhokhar Dudayev، بە عەرەبی: جوهر دوداييف) جەنەڕاڵێکی هێزی ئاسمانیی سۆڤیەت و سەرکردەیەکی جوداخوازی چیچان بووە، یەکەم سەرکۆماری چیچانی ئیچکەریا بووە کە ناوچەیەکی جیابووەوەیە لە باکووری قەفقاز، لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا تیرۆرکردنی لە ساڵی ١٩٩٦.
تەمەنی سەرەتایی و پیشەی سەربازی
دودایێڤ لە شاری یالخۆرۆی لە شاری تسێچۆی لە کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئۆتۆنۆمی چیچان-ئینگوش (ASSR)، لە ڕێکەوتی ١٩٤٤/٢/١٥ لەدایکبووە، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش ڕاوەدوونانی زۆرەملێی خێزانەکەی لەگەڵ هەموو دانیشتووانی چیچان لەسەر فەرمانی جۆزێف ستالین. سێزدەهەمین منداڵی هەردوو پزیشکی ڤێتێرنەری مووسا و ڕەبات دودایێڤ بوو. ١٣ ساڵی یەکەمی ژیانی لە ئاوارەیی ناوخۆیی لە کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی کازاخستان بەسەر بردووە. لەکۆتاییدا خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٥٧ بەپێی فرمانی خرۆشۆڤ توانییان بگەڕێنەوە چیچان.
دوای گەڕانەوەی چیچانییەکان لە ساڵی ١٩٥٧، لە قوتابخانەی ئێواران لە چیچان-ئینگوشێتیا خوێندوویەتی و وەک کارەباچی بڕوانامەی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٦٢ دوای دوو ساڵ خوێندنی ئەلیکترۆنی لە شاری ڤلادیکاڤکاز، دەچێتە قوتابخانەی فڕۆکەوانی سەربازیی باڵای تامبۆڤ بۆ فڕۆکەوانان و ساڵی ١٩٦٦ خوێندن لەوێ بەکۆتا دەگەیەنێت. دودایێڤ لە ساڵی ١٩٦٨ پەیوەندی بە حیزبی شیوعیی یەکێتیی سۆڤیەتەوە کردووە و لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٧٤ لە ئەکادیمیای بەناوبانگی هێزی ئاسمانی گاگارین خوێندوویەتی. لەگەڵ ئاڵا هاوسەرگیری کردووە کە هۆزانڤان و کچەئەفسەرێکی سۆڤیەت بووە، لەگەڵیدا سێ منداڵی بووە (کچێک و دوو کوڕ).
لە ساڵی ١٩٦٢ دودایێڤ دەستی کرد بە خزمەتکردن لە هێزی ئاسمانیی سۆڤیەت و لە یەکەی بۆردومانی ستراتیجی هێزی ئاسمانیی سۆڤیەت لە سیبیریا و ئۆکرانیا خزمەتی کردووە. بەشداری لە جەنگی سۆڤیەت-ئەفغانستان دژی موجاهیدین کردووە و بەهۆیەوە خەڵاتی فرمانی ئەستێرەی سوور و فرمانی ئاڵای سووری پێ بەخشراوە.
لە ساڵی ١٩٨٦ تا ١٩٨٧ دودایێڤ بەشداری لە هێرشەکانی ڕۆژاوای ئەفغانستانی کردووە. بەهۆی ئەمەشەوە زۆرێک لە نەیارە سەربازی و سیاسییەکانی پێیان وابووە موسوڵمان نییە چونکە دژی موجاهیدینی ئەفغانی شەڕی کردووە، بەڵام ئەم تۆمەتانە لەلایەن خودی دودایێڤەوە ڕەتکرانەوە. دودایێڤ لە هێزی ئاسمانیدا بە شێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەوە، دواجار فەرماندەیی ٣٢٦ـەمین بەشی فڕۆکەوانی بۆمبهاوێژی قورسی لە فڕۆکەوانی دوورمەودای سۆڤیەت لە تارتۆ لە ئیستۆنیا گرتە ئەستۆ.
لە ساڵی ١٩٨٧ پلەی سالاری بەدەستهێنا و یەکەم چیچانی بووە ئەو پلەیە وەربگرێت. لە ساڵی ١٩٨٧ تا ئازاری ١٩٩٠ لە ماوەی پۆستەکەیدا لەوێ فەرماندەیی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیجی دوورمەودای چەکی ئەتۆمی دەکرد.
سەرپێچی لە سوپا
لە ساڵی ١٩٩٠ دودایێڤ ڕەتیکردەوە بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی لە کۆمارەکانی باڵتیکدا سەرکوت بکات، کە فەرمانی لە مۆسکۆوە وەرگرتبوو، ئەمەش لەکاتێکدابوو لە هێزی ئاسمانی ستراتیجی لە شاری ڤیلاری ئیستۆنیادا خزمەتی دەکرد و ئەرکی سەرکوتکردنی ئەو بزووتنەوەیە سەربەخۆییانەی پێدرابوو کە لە وڵاتانی باڵتیکدا دەستیان بە شۆڕش کردبوو. فرمانی مۆسکۆی ڕەتکردەوە و وتی: "هەرگیز شەڕی گەلێک ناکەم کە لە پێناو سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا تێدەکۆشێت".
مۆسکۆ نەیتوانی بەرگەی نافەرمانی ئەو بگرێت و لەگەڵ هێزە سەربازییەکانیدا دووری خستەوە بۆ گرۆزنی. لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٠ دودایێڤ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
سیاسەتی چیچان
لە ئایاری ١٩٩٠ دودایێڤ گەڕایەوە بۆ گرۆزنی پایتەختی چیچان بۆ ئەوەی خۆی بۆ سیاسەتی ناوخۆیی تەرخان بکات و بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی سەرتاسەری نەتەوەیی گەلی چیچان (NCChP)ـی ئۆپۆزسیۆنی نافەرمی هەڵبژێردرا، کە بانگەشەی بۆ سەروەری چیچان دەکرد وەک کۆمارێکی جیاوازی یەکێتیی سۆڤیەت، کە ئەوکات کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی خۆبەڕێوەبەری چیچان-ئینگوش بوو.
لە ئابی ١٩٩١ دۆکو زاڤگایێڤ، سەرۆکی کۆمۆنیستەکانی چیچان-ئینگوش ناڕەزایی لە کودەتای دژی میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆکی سۆڤیەت دەرنەبڕی. دوای شکستی کودەتاکە، یەکێتیی سۆڤیەت بە خێرایی دەستی بە هەڵوەشانەوە کرد، چونکە کۆمارە پێکهێنەرەکان هەنگاویان نا بۆ جێهێشتنی یەکێتیی سۆڤیەت. دودایێڤ و لایەنگرانی بە کەڵک وەرگرتن لە شپرزەبوونی یەکێتیی سۆڤیەت، دژی ئیدارەی زاڤگایێڤ هەستان.
لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٩١دا، چەکدارانی کۆنگرەی سەرتاسەری نەتەوەیی گەلی چیچان هێرشیان کردە سەر دانیشتنێکی سۆڤیەتی باڵای ناوخۆیی و سەرکردەی پارتی کۆمۆنیستی گرۆزنی کوژرا و چەند ئەندامێکی تر بریندار بوون، دواتریش حکوومەتی چیچان-ئینگوشیان هەڵوەشاندەوە. هەروەها وێستگەی تەلەڤزیۆنی گرۆزنی و بینا سەرەکییەکانی تری حکوومەت دەستیان بەسەردا گیرا.
سەرۆکی کۆماری چیچانی ئیچکەریا
لە ڕیفراندۆمێکی مشتومڕاوی لە تشرینی یەکەمی ١٩٩١دا دودایێڤ بە ڕێژەی ٨٥%ـی دەنگەکان بوو بە سەرۆکی نوێی کۆماری چیچان، یەکلایەنە سەروەری کۆمارەکەی و سەربەخۆیی لە یەکێتیی سۆڤیەت ڕاگەیاند. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩١، بۆریس یەڵتسن، سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا، هێزەکانی ڕەوانەی گرۆزنی کرد، بەڵام کاتێک هێزەکانی دودایێڤ ڕێگرییان لێکردن لە فڕۆکەخانەکە، هێزەکانیان کشانەوە. ڕووسیا ڕەتیکردەوە دان بە سەربەخۆیی کۆمارەکەدا بنێت، بەڵام دوودڵ بوو لە بەکارهێنانی هێزی زیاتر لە دژی جوداخوازان. لەم خاڵەوە کۆماری چیچان-ئینگوش بووبوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی دیفاکتۆ.
سەرەتا حکوومەتی دودایێڤ پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ جۆرجیادا هەبوو و لەوێ پشتگیرییەکی زۆری یەکەم سەرۆکی جۆرجیا زڤیاد گامساخوردیا بەدەست هێنا. کاتێک گامساخوردیا لە کۆتایی ساڵی ١٩٩١ ڕووخێندرا، لە چیچان مافی پەنابەری پێدرا و بەشداری لە دەستبەکاربوونی دودایێڤ وەک سەرۆکی نوێ کرد. ئیچکێریا لە ساڵی ١٩٩١دا جگە لە جۆرجیا دانپێدانانی دیپلۆماسی لە هیچ دەوڵەتێکی نێودەوڵەتی دانپێدانراو وەرنەگرت.
کۆماری چیچان و ئینگوش لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩٢دا بەهۆی ململانێی ئۆسێتیا و ئینگوش دابەش بوو. دوای ئەوەی چیچان لە ساڵی ١٩٩١دا ڕاگەیاندنی سەرەتایی سەروەری خۆی ڕاگەیاند، دامەزراوەی پێشووی ئینگوشێتیا دەیویست ببێتە کۆمارێکی فیدراڵی و پەیوەندی بە ڕووسیاوە بکاتەوە. بەڵام دەوڵەتی ئیچکێریا کە مابووەوە (چیچان) لە ساڵی ١٩٩٣ سەربەخۆیی تەواوی خۆی ڕاگەیاند.
هەر لەو ساڵەدا زمانی ڕووسی لە قوتابخانەکانی چیچان وەستێنرا و ڕاگەیەندرا کە زمانی چیچانی بۆ خوێندن و نووسین بەکار دەهێنرێت بە بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی نەک سیریلیک کە لە ساڵانی ١٩٣٠ـەوە بەکاردەهێنرێت. هەروەها دەوڵەت دەستی کرد بە چاپکردنی پارە و مۆری خۆی. یەکێک لە یەکەم فەرمانەکانی دودایێڤ ئەوەبوو مافی هەڵگرتنی چەکی بە هەموو پیاوێک بەخشی. بەڵام سیاسەتە ئابوورییە بێ ئەزموون و خراپەکانی دودایێڤ هەر زوو دەستی کرد بە تێکدانی ئابووریی چیچان و ناوچەکەی گۆڕی بۆ ناوچەیەکی تاوانکاری. ئەوانەی خەڵکی ڕەسەنی چیچان نەبوون هەرزوو وڵاتەکەیان بەهۆی نەبوونی ئارامی و ئاسایشەوە بەجێهێشت.
لە ساڵی ١٩٩٣ پەرلەمانی چیچان هەوڵیدا ڕیفراندۆمێک ڕێکبخات بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە دۆدایێڤ بە بیانووی ئەوەی نەیتوانیوە سەربەخۆیی چیچان بچەسپێنێت. بەڵام دۆدایێڤ بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئۆرگانەکانی تری دەسەڵات تۆڵەی کردەوە. دواتریش گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی چیچان کە پشتیوانی سەربازی و دارایی ڕووسیایان هەبوو، چەندین جار هەوڵیان دا دودایێڤ بە زۆر لە دەسەڵات لابدەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
یەکەم جەنگی چیچان
لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤دا ڕووسەکان دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی گرۆزنی و هەندێک فڕۆکەی مەشقی پێشووی سۆڤیەتیان تێکشکاند کە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن کۆمارە نوێیەکەوە گلدرابوونەوە، لە وەڵامدا ئیچکەریا شەڕی دژی ڕووسیا ڕاگەیاند و هێزە چەکدارەکانی کۆکردەوە. لە ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤، دوای پێنج ڕۆژ دوای ئەوەی دودایێڤ و وەزیری بەرگری پاڤێل گراچێڤ لە ڕووسیا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە زیاتر لە بەکارهێنانی هێز بەدوور بگرن، سەربازانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر چیچان و یەکەم جەنگی چیچان هەڵگیرسا.
پێش ڕووخانی گرۆزنی، دودایێڤ کۆشکی سەرۆکایەتی جێهێشت و لەگەڵ هێزەکانیدا ڕوویان لە باشوور کرد و بە درێژایی ساڵی ١٩٩٥ بەردەوام بوو لە سەرکردایەتیکردنی شەڕەکە. ئەو پێی وابوو دوای جەنگ گەریلاکانی سەردەکەون و دەسەڵاتیان دووبارە بەسەر وڵاتدا دەبێتەوە.
تیرۆرکردن
لە ٢١ی نیسانی ١٩٩٦ لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایلێکی مانگی دەستکرد، دودایێڤ لەلایەن دوو مووشەکی ڕێنمایی لەیزەرەوە لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا تیرۆرکرا، دوای ئەوەی شوێنەکەی لەلایەن فڕۆکەیەکی سیخوڕی ڕووسیەوە دەستنیشانکرا کە شوێنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆزیبوویەوە. دەوترێت لەو کاتەدا دودایێڤ لەگەڵ جێگرێکی لیبڕاڵی دوما لە مۆسکۆ قسەی دەکرد، کە گوایە کۆنستانتین بۆرۆڤۆی بووە.
کوژرانی دودایێڤ لە پەخشی تەلەڤزیۆنی پچڕاوەوە لەلایەن شامیل باسایێڤ فەرماندەی هێزەکانی چیچانەوە ڕاگەیەندرا. چیچانییەکان بە کۆچی دوایی دودایێڤ تووشی دڵتەنگییەکی گەورە بوون، بەڵام توانیان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنن لە ژێر فەرمانی سەلیم خان یەندەربائیڤدا بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری گرۆزنی پایتەختی چیچان لە مانگی ئابی ١٩٩٦. ڕووسیا دوای مردنی دودایێڤ لەگەڵ چیچانەکان دانوستانیان کرد و لە ساڵی ١٩٩٧ پەیمانی ئاشتی خاساڤیۆرتی لەگەڵ چیچان واژۆ کرد.