شەریف پاشا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-14-20:44:00 - کۆدی بابەت: 9835
شەریف پاشا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەریف پاشای خەندان یان جەنەڕاڵ شەریف پاشا (بە عەرەبی: شريف باشا خندان، بە ئینگلیزی: Cherif Pacha Xendan) جەنەڕاڵی سوپای عوسمانی، سیاسەتوان و نوێنەری گەلی کورد بوو لە پەیماننامەی سیڤەردا. بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کردووە و لەو پێناوەشدا ساڵانێکی زۆر لە ئەورووپا تێکۆشاوە. ساڵی ١٨٦٥ لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٤٥ لە ئیتاڵیا لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات، لە قاهیرە لە وڵاتی میسڕ بەخاک سپێردراوە.

ژیان

ناوی محەمەدی کوڕی سەعید پاشای کوڕی حسێن پاشای کوڕی ئەحمەد ئاغای خەندانە. لەسەردەمی عوسمانیدا، باوکی گەلێک پلە و پایەی گەورەی پێسپێردراوە و بنەماڵەی خەندان ھاوکارێکی نزیکی پاشاکانی بابان بوون، دوای کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی بابانەکان، سەعید پاشا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا چووەتە ئیستەنبووڵ.

شەریف پاشا لە ١٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٦٥ لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکی ناردییەوە بۆ سلێمانی تا لە قوتابخانەی خواجەکاندا بخوێنێت.

لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە ساڵی ١٨٨٥ بەمەبەستی خوێندن لەپەیمانگای سەربازی چووە پاریس‌، لەوێ خوێندنی سەربازی تەواو دەکات و دەبێتە جەنەڕاڵ، هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ٣٠ ساڵان كە جگە لە زمانی كوردی، زمانەکانی تورکی، فارسی، عەرەبی، ئیتاڵی، فەڕەنسی، یۆنانی، ئینگلیزی و سویدی دەزانی.

لە ساڵی ١٨٩٠ لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا خێزان پێکەوە دەنێت. ھاوسەرەکەی کچی عەباس حیلمی و ئامۆزای مەلیک فارووقی پاشای میسڕە.

لە ٢٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٥١ لە شاری ناپۆلی لە ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد، پێش مەرگی وەسێتی کردبوو تەرمەکەی بسوتێنن و خۆڵەمێشەکەی بکەنە ناو دەریاوە، چونکە خۆی بە بێ وڵات دەزانی، بەڵام وەسێتەکەیان بەجێ نەھێنا و تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ قاھیرە لە گۆڕستانی خدێوییەکان بەخاک سپێردرا.

کار و چالاکییەکانی

ساڵی ١٨٩٨ دەکرێتە باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی لە سوید و ماوەی ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی ئیتحاد و تەرەقیی تورکەوە پەیوەندی لەگەڵ گەلێک لە سەرانی ئەو ڕێکخراوەدا ھەبووە، بەڵام پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی ئیتحاد و تەرەقی لە ڕێبازی خۆی لایدا و ھیچ بایەخێکی بە ڕەگەز و نەتەوەکانی تر نەدا، ئەم ھەڵوێستەش وای لە شەریف پاشا کرد لە ڕێکخراوەکە دوور بکەوێتەوە و دژایەتیشی کردن.

ساڵی ١٩٠٨ دەگەڕێتەوە ئیستەنبووڵ و لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان و شێخی شەمزینیدا کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقیی کورد دادەمەزرێنێت. لێرەوە کەسایەتی شەریف پاشا وەک سیاسەتمەدارێکی کورد دەردەکەوێت. لەسەر ئەم ھەڵوێستە ئیتیحادییەکان پشتی تێ‌ دەکەن و ھیچ پۆستێکی ئیداری پێنادرێت.

ساڵی ١٩٠٩ لە پاریس حزبی رادیکالی عوسمانلی دادەمەزرێنێت و ھەر ھەمان ساڵیش گۆڤاری مەشرووتییەت لە پاریس دەردەکات. ئەم گۆڤارە ٥٥ ژمارەی لێ‌ دەرچووە، بانگەواز بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەستووری پەرلەمانی دەکات، لەو بیروباوەڕەی شەریف پاشاوە سەرچاوەی گرتووە کە مافی ھەموو نەتەوە و کۆمەڵەیەکی ژێر دەستە تەنیا لە دەوڵەتێکی دیموکرات و دەستووریدا پارێزراوە.

ساڵی ١٩١٢ لەگەڵ شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھریدا بە تاوانی کوشتنی سەدری ئەعزەم فەرمانی لەسێدارەدانی دراوە، بەڵام ھەڵھاتووە و چووتە میرنشینی مۆناکۆ.

ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەم شەریف پاشا چالاکییەکی ئەوتۆی نەنواند، خۆی بۆ ڕووداوەکانی پاش جەنگ ئامادەکرد بەو ھیوایەی بتوانێت لە بارودۆخێکی گونجاوتردا داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی بکات.

لە کۆتایی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٨ لە شاری مارسیل چاوی بە سێر پێرسی کۆکس کەوت و داوای لێ‌ کرد وەک کاربەدەستێکی حکوومەتی بەریتانیا چارەنووسی نەتەوەی کورد پشت گوێ‌ نەخات.

گەورەترین چالاکی سیاسی شەریف پاشا لە مانگی ئازاری ١٩١٩ دەرکەوت، ئەو کاتەی کە بەناوی نوێنەرێکی متمانە پێ‌ بەخشراوی کورد و شێخ مەحموودەوە یاداشتێکی پێشکەشی کۆنگرەی ئاشتی پاریس کرد، نەخشەی کوردستانی گەورەی کرد بە پاشکۆی یاداشتەکەی و داوای کرد دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێت.

بەھۆی یاداشتنامەکەیەوە ھاوپەیمانان ناوی کوردیان خستە بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ـی پەیماننامەی سیڤەرەوە، کە مانگی ئابی ساڵی ١٩٢٠ پەسەند کرا. سێ‌ ساڵ پاش ئەوە و لە پەیماننامەی لۆزاندا، بە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر ھەموو ئاواتەکانی شەریف پاشا ھەرەسیان ھێنا.


سەرچاوەکان



324 بینین