ناوهڕۆك
ناساندن
چۆنگچینگ (بە ئینگلیزی: Chongqing، بە عەرەبی: تشونغتشينغ، بە چینی: 重庆)، شارەوانییەکە لە باشووری ڕۆژاوای چین. کورتکراوەی فەرمی شارەکە، "یو" (渝)، لە ١٨ـی نیسانی ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە پەسەندکرا. چۆنگچینگ لەڕووی کارگێڕییەوە، یەکێکە لەو چوار شارەوانییەی کە لە ژێر بەڕێوبەرایەتی ڕاستەوخۆی حکوومەتی ناوەندی کۆماری گەلی چیندان (سێ شارەوانیەیەکەی تر بریتین لە پەکین، شەنگەهای و تیانجین)، و تاکە شارەوانییە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی وڵاتەوە. شارەوانی چۆنگچینگ کە بەنزیکەیی قەبارەکەی هێندەی قەبارەی نەمسایە، شاری چۆنگچینگ و شارە ناپەیوەستە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت. شارەوانی چۆنگچینگ دەتوانرێت لەڕووی دانیشتووانەوە بە گەورەترین شاری جیهان دابنرێت بەڵام گەورەترین ناوچەی شارستانی جیهان نییە. چۆنگچینگ تاکە شاری چینە کە ژمارەی دانیشتووانی هەمیشەیی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەسە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ژمارەی دانیشتووانی ناوچە شارستانییەکان چوارەم گەورەترین شاری چینە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٦٫٣٤ ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێ بوو، دوای شەنگەهای، پەکین و شێنژن. ڕووبەری شارەوانییەکە ٨٢٫٤٠٣ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا ٣٩٠ کەسە.
مێژوو و گرنگی چۆنگچینگ
چۆنگچینگ مێژوویەکی تێروتەسەل و کولتوورێکی دەوڵەمەندی هەیە. لە سەردەمی کۆماری چین (ROC)ـدا، چۆنگچینگ شارەوانییەک بوو کە دەکەوتە پارێزگای سیچوانەوە. لە کاتی جەنگی نێوان چین و ژاپۆن (١٩٣٧ بۆ ١٩٤٥) وەک پایتەختی سەردەمی جەنگ خزمەتی کردووە. شارەوانی ئێستا لە ١٤ـی ئازاری ١٩٩٧ لە پارێزگای سیچوان جیاکرایەوە بۆ ئەوەی لە پەرەپێدانی بەشەکانی ناوەڕاست و ڕۆژاوای چیندا یارمەتیدەر بێت. چۆنگچینگ وەک یەکێک لە شارە ناوەندییە نیشتیمانییەکانی چین، وەک ناوەندێکی دارایی حەوزی سیچوان و بەشی سەرەوەی ڕووباری یانگتسی (Yangtze) خزمەت دەکات.
هەروەها ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی چۆنگچینگ جیانگبی، کە یەکێکە لە ٥٠ پڕجموجووڵترین فڕۆکەخانەکانی جیهان، ناوەندێکی گەورەی کەشگەڕییە و خزمەت بە گەورەناوچەی چۆنگچینگ و ڕۆژاوای چین دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی مۆنۆرەیلی شارەکە درێژترین و پڕجموجۆڵترین سیستمی مۆنۆرەیلە لە جیهاندا و خاوەنی زۆرترین ژمارەی وێستگەکانە. چۆنگچینگ وەک شارێکی بێتا ڕیزبەندی کراوە و بارەگای سەرەکی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی چانگانە کە یەکێکە لە چوار گەورە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە وڵاتی چین. سەرەڕای ئەوەش شارەکە میوانداری زیاتر لە ١٠ کونسوڵخانەی بیانی دەکات، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە پێنجەم شاری گەورە کە میوانداری ژمارەیەکی زیاتر نوێنەری بیانی دەکات بە بەراورد بە هەموو شارەکانی تری چین لە دوای پەکین، شەنگەهای، گوانگژۆو و چێنگدو. بەپێی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەی زانستی نەیچە ئیندێکس چۆنگچینگ یەکێکە لە ٥٠ شارە سەرەکییەکانی جیهان و شوێنی چەندین زانکۆی دیارە، لەوانە زانکۆی چۆنگچینگ، زانکۆی باشووری ڕۆژاوا و زانکۆی تەکنەلۆجیای چۆنگچینگ.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
بەگوێرەی بابەتێکی مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠١٠ـی دەزگای هەواڵی فەرمی شینخوا، ژمارەی دانیشتووانی شارەوانییەکە ٣٢٫٨ ملیۆن کەسە، لەنێویاندا ٢٣٫٣ ملیۆن جووتیار هەن، لەو ژمارەیەش ٨٫٤ ملیۆن جوتیاریان بوونەتە کرێکاری کۆچبەر کە ٣٫٩ ملیۆنیان لە ناوچە شارستانییەکانی چۆنگچینگ کاردەکەن و دەژین. لە ساڵی ٢٠١٠، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی گەورەشار کە ناوچەی ناوەندی شارەکانی لەخۆگرتووە لەلایەن ڕێکخراوی OECDـەوە بە ١٧ ملیۆن کەس مەزەندە کرا.
ئەمەش بەو واتایە دێت کە ژمارەی ئەو جووتیارە تۆمارکراوە ناوخۆییانەی کە لە ناوچەکانی تردا کار دەکەن ٤٫٥ ملیۆن کەسە، ئەمەش ژمارەی دانیشتووانی ناوخۆیی چۆنگچینگ بۆ ٢٨٫٣ ملیۆن کەس کەم دەکاتەوە. بەپێی کتێبی ساڵانەی ئاماری چین لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا کۆی ژمارەی دانیشتووانی شارەوانییەکە ٣٠٫٥٥ ملیۆن کەس بوو، ژمارەی ئەو جوتیارانەشی کە لە ناوچەکانی تر و لەژێر دەسەڵاتەکانی تردا کار دەکەن ١٫٤ ملیۆن کەس بووە، لەنێویاندا ٤٦ هەزار کەسیان کەمتر لە شەش مانگ لە چۆنگچینگ نیشتەجێ بوون و ٨٣ هەزار کەسی تریان لە چۆنگچینگ خۆیان تۆمار کردبوو، بەڵام لەوێ نیشتەجێ نەبوون.
هەروەها کتێبی ساڵنامەی ئاماری ساڵی ٢٠٠٥، ژمارەی مێیەکان و نێرەکانی چۆنگچینگی به ١٥٫٢٢ ملیۆن نێر کە دەکاتە ٤٩٫٨٢٪ـی دانیشتووان و ١٥٫٣٣ ملیۆن مێ کە دەکاتە ٥٠٫١٨٪ـی دانیشتووان تۆمارکردووە. لەڕووی دابەشبوونی تەمەنیشەوە لە ساڵی ٢٠٠٤، لە کۆی ٣٠٫٥٥ ملیۆن دانیشتوو، تەمەنی ٦٫٤ ملیۆن کەسیان (٢٠٫٨٨٪ـی دانیشتووان) لە سفر بۆ ١٤ ساڵی، تەمەنی ٢٠٫٧ ملیۆن کەسیان (٦٧٫٦٩٪ـی دانیشتووان) لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵی و تەمەنی ٣٫٥ ملیۆن کەسیان (١١٫٤٦٪ـی دانیشتووان) ٦٥ ساڵی و زیاتر بوو. لە کۆی گشتی ١٠٫٤٧٠٫٠٠٠ خێزان ١٫٣٦٠٫٠٠٠ خێزانیان لە یەک کەس، ٢٫٩٤٠٫٠٠٠ خێزانیان لە دوو کەس، ٣٫١٩٠٫٠٠٠ خێزانیان لە سێ کەس، ١٫٧٩٠٫٠٠٠ خێزانیان لە چوار کەس، ٧٨٣٫٠٠٠ خێزانیان لە پێنج کەس، ٢٧٠٫٠٠٠ خێزانیان لە شەش کەس، ٨٩٫٠٠٠ خێزانیان لە حەوت کەس، ٦٫٠٠٠ خێزانیان لە نۆ کەس و ١٠٫٠٠٠ خێزانیان لە دە کەس یان زیاتر پێکهاتبوو.
ئایین
ئایینە باوەکانی چۆنگچینگ بریتین لە ئایینە فۆلکلۆرییە چینییەکان، تاوی و بوودی چینی. بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ ئەنجامدراون، ٢٦٫٦٣٪ـی دانیشتووان ئایینیان هەیە و بەشداری بۆنە ئایینییەکانی باوباپیرانیان دەکەن، لە کاتێکدا ١٫٠٥٪ـی دانیشتووان خۆیان بە مەسیحی دەناسێنن. ڕاپۆرتەکان ئاماری جۆرەکانی تری ئایینیان نەخستەڕوو، ٧٢٫٣٢٪ـی دانیشتووان لەوانەیە یان بێ ئایین بن یان پەرستیاری توخمەکانی سروشت، بوودی، كۆنفيوشەس، تاوی، یان ڕزگاری باوەڕیی چینین. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٩٫٠٥٦ موسوڵمان لە چۆنگچینگ هەبوون.
کەشوهەوا
کەشوهەوای چۆنگچینگ مامناوەندە، مانگەکانی وەرزی زستان تاڕادەیەک مامناوەندە بەڵام هەوراوییە و مانگەکانی وەرزی گەرم و شێداره. بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە دەشتێکی دوور لە دەریا و بە شاخ دەورە دراوە، هاوینی زۆر گەرمە و یەکێکە لە گەرمترین شارەکانی چین، لە کاتێکدا لە وەرزەکانی تردا (لە شەوانی هاوینیشدا)، زۆرجار هەوراوی و تەماوییە. هەروەها ساڵانە ١٫١٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت، زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە نێوان کۆتایی بەهار و سەرەتای هاویندایە، کەمترین ڕێژەی بارانبارین لە وەرزی زستاندایە. ساڵانە کەمتر لە ١٫٠٠٠ کاتژمێری تیشکی خۆر به ئاسمانی چۆنگچینگەوە دەدرەوشێتەوە.
وەرزی زستان، لە مانگی کانوونی یەکەم تا شوبات دەخایەنێت، کەشی چۆنگچینگ لەم وەرزەدا تاڕادەیەک مامناوەندە و زۆرجار ئاسمان هەوراوییە. تێکڕای پلەی گەرمی چۆنگچینگ لە مانگی کانوونی دووەمدا ٨ پلەی سەدییە، بەڵام لە کاتە ساردترەکاندا بەرزترین پلەی گەرمی لە دەوروبەری ٥ پلەی سەدیدایە، هەندێکجار تەنانەت بەفریش دەبارێت. وەرزی بەهار، لە مانگی ئازارەوە دەستپێدەکات و تا مانگی ئایار بەردەوام دەبێت، سەرەتا کەش مامناوەندە و پاشان وردەوردە گەرمتر و باراناوی دەبێت. لە مانگی ئایاردا هەندێک ڕۆژ پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە بەشێوەیەک کە لە ڕۆژانی هاوین دەچێت.
سەرەڕای ئەوەش وەرزی هاوین، لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و تا مانگی ئەیلوول دەخایەنێت، کەشی چۆنگچینگ لەم وەرزەدا گەرم و شێدارە. دووری چۆنگچینگ لە دەریا و شێداری ناوچەکە گەرماکە ناخۆشتر دەکەن، بەتایبەتی مانگەکانی تەممووز و ئاب. دەکرێت پلەکانی گەرما زۆر بەرزببنەوە بەتایبەتی لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا و بگەنە دەوروبەری ٣٨/٤٠ پلەی سەدی. لە مانگی ئابی ٢٠٠٦ پلەی گەرمی گەیشتە ٤٣ پلەی سەدی. هەروەها مانگەکانی تەممووز و ئاب تاڕادەیەک خۆرەتاوترین مانگەکانی ساڵن. پاییزی چۆنگچینگ لە مانگی تشرینی یەکەم دەست پێدەکات و تا تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەکی گشتی کەشی شارەوانییەکە مامناوەندە و وردەوردە فێنکتر دەکات، پاشان لە مانگی تشرینی دووەمدا تاکوو ڕادەیەک سارد دەبێت. وردەوردە بارانبارین کەم دەبێتەوە و خۆریش کەمتر دەردەکەوێت.
باشترین کات
باشترین کات بۆ سەردانی کردنی چۆنگچینگ وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئازار تا ناوەڕاستی مانگی ئایار و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم.