ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی نبراسکا یان نەبراسکا (بە ئینگلیزی: Nebraska، بە عەرەبی: نبراسكا)، ویلایەتێکە لە ناوچەی ناوەڕاستی ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە باکوورەوە لەگەڵ داکۆتای باشوور؛ لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئایۆوا؛ لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میزۆری؛ لە باشوورەوە لەگەڵ کانزاس؛ لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ کۆلۆرادۆ و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ وایۆمینگ هاوسنوورە. ڕووبەری ویلایەتی نبراسکا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەسە. پایتەختی ئەم ویلایەتە لینکۆڵنە و ئۆماهاش گەورەترین شاریەتی کە لەسەر ڕووباری میزۆری (Missouri)ـیە. نەبراسکا لە یەکی نیسانی ساڵی ١٨٦٧ و دوای دوو ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا لەلایەن یەکێتییەکەوە دانی پێدانرا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
نوسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی نبراسکای لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٩ـدا بە ١٫٩٣٤٫٤٠٨ کەس مەزندەکرد، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا بە ڕێژەی ٥٫٩٢٪ زیادی کردووە. بەپێی ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٦، ١٠٫٢٪ـی دانیشتووانی نبراسکا بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون:
- مەکسیکی: ٧٫٨٪
- پۆرتۆ ڕیکۆی: ٠٫٢٪
- کوبای: ٠.٢٪
- هیسپانی یان لاتینییەکانی تر: ٢٫٠٪
هەروەها پێنج گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکی بریتی بوون لە:
- ئەڵمانی: ٣٦٫١٪
- ئێرلەندی: ١٣٫١٪
- ئینگلیزی: ٧٫٨٪
- چیکی: ٤٫٧٪
- سویدی: ٤٫٣٪
ویلایەتەکە خاوەنی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکی چیکی و ئەمریکی دانیمارکی نامۆرمۆنیە لە وڵاتەکەدا. هەروەها ئەمریکییە ئەڵمانییەکان گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکین لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی ئەمریکییە هیندییەکان لە هەرێمی تورستونن و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووی بە ڕەچەڵەک ئەمریکی چیکی لە هەرێمی باتلەر نیشتەجێن. لەم ساڵانەی دواییدا، ویلایەتەکە بووەتە شوێنی پەنابەران. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا زیاتر لە هەموو ویلایەتەکانی تری وڵاتەکەی پێشوازی لە پەنابەر کرد. ویلایەتی نبراسکا، بەتایبەتیش شاری لینکۆڵن گەورەترین نیشتیمانی پەنابەرانی ئێزیدی و ئەمریکییە ئێزیدیەکانە لە ئەمریکا.
جێی سەرنجە، ویلایەتی نبراسکا دوا ویلایەت بوو لەنێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکا کە قەدەغەکردنی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بەو کەسە پێگەیشتووانەی کە لە منداڵیدا بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ئەمریکا (کە بە خەوبینەکان ناسراون) هەڵوەشاندەوە. ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٦ بڕیاری قەدەغەکردنەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئایین
ئایینی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی نبراسکا مەسیحییە، لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠٢٠ـدا هاتووە کە ٧٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە سەر بە ئایینی مەسیحین. هەروەها لە ڕاپرسییەکی سەنتەری توێژینەوەی پیوو لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، ٢٠٪ـی دانیشتووان سەر بە هیچ ئایینێک نین. بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٠، گەورەترین ئایینەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بەپێی ژمارەی پەیڕەوکەران کڵێسای کاسۆلیکی بوو کە ٣٧٢٫٨٣٨ لایەنگر؛ پاشان کڵێسای لۆسەری-میزۆری سینەد بە ١١٢٫٥٨٥ شوێنکەوتە؛ دواتر کڵێسای لۆسەری ئینجیلی و کڵێسای یونایتد میتۆدیست دێن کە یەکەمیان ١١٠٫١١٠ لایەنگر و دووەمیان ١٠٩٫٢٨٣ لایەنگریان هەبوو.
ئابووری نبراسکا
نوسینگەی شیکاری ئابووری تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ویلایەتی نبراسکای لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بە ٨٩٫٨ ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندەکرد. داهاتی تاکەکانیشی لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ٣١٫٣٣٩ دۆلار بوو، کە لە پلەی ٢٥ـی وڵاتدایە. ویلایەتەکە کەرتێکی کشتوکاڵی گەورەی هەیە و بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی گۆشتی مانگا، گۆشتی بەراز، گەنم، گەنمەشامی، پاقلەی سۆیا و هەرزنە. هەروەها کەرتە ئابوورییە گرنگەکانی تری ئەم ویلایەتە بریتین لە گواستنەوەی بار (بە شەمەندەفەر و بارهەڵگر)، بەرهەمهێنان، دوورەپێوەندی، تەکنەلۆجیای زانیاری و بیمە. سەرەڕای ئەوانەش، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨ـدا، ڕێژەی بێکاری لە ویلایەتەکەدا ٢٫٨٪ بوو و ئەم ڕێژەیەش پێنجەم نزمترینە لە وڵاتدا.
کەشوهەوا
ویلایەتی نبراسکا دوو کەشوهەوای جیاوازی هەیە، کەشوهەوای دوو لەسەر سێی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە کیشوەری شێدارە، سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە کەشوهەوای باشووری ڕۆژئاوای ئەم ناوچەیە بە نیمچە خولگەیی شێدار پۆلێن بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پانهاندڵ و ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سنووری کۆلۆرادۆ کەشوهەوایەکی نیمچە وشکیان هەیە. تەواوی ویلایەتەکە بە گۆڕانکارییەکی وەرزی تووند لە هەردوو پلەی گەرمی و بارانباریندا تێدەپەڕێت. تێکڕای پلەکانی گەرما لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا تاڕادەیەک وەک یەکە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرمە و بەگشتی زستانی ساردە. بەڵام بای چینوک بەدرێژایی وەرزی زستان لە زنجیرە شاخەکانی ڕۆکییەوە هەڵدەکات و پلەکانی گەرما لە بەشی ڕۆژئاوای ویلایەتەکە بەرز دەکاتەوە، لە ئەنجامدا کەش مامناوەند دەبێت. بەمشێوەیە، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ویلایەتەکە لە مانگی کانوونی دووەمدا نزیکەی ٦٫١ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی ١٫١- پلەی سەدییە.
تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە نزیکەی ٨٠٠ مللیمەترەوە لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە بۆ نزیکەی ٣٥٠ مللیمەتر لە پانهاندڵ کەم دەبێتەوە. هەروەها ڕێژەی شێش لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. بەفربارین لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا تاڕادەیەک یەکسانە، لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا ساڵانە لە نێوان ٠٫٦٤ بۆ ٠٫٨٩ مەتر بەفر دەبارێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٨ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٤ـی تەممووزی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٤- پلەی سەدی بوو کە لە ١٢ـی شوباتی ١٨٩٩ـدا تۆمارکرا.
نبراسکا دەکەوێتە ناوچەیەک کە پێی دەوترێت "ڕێڕەوی گەردەلوول یان کۆڵانی گەردەلوول"، بۆیە ڕەشەبای بروسکاوی لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا شتێکی باو و ئاساییە. ڕەشەبای بروسکاوی و گەردەلوولی بەهێز بە پلەی یەکەم لەم دوو وەرزەدا هەڵدەکەن، بەڵام دەشێت ناوبەناو لە پاییزیشدا هەڵبکەن.