ئۆهایۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-08-19:27:00 - کۆدی بابەت: 10951
ئۆهایۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئۆهایۆ (بە ئینگلیزی: Ohio، بە عەرەبی: أوهايو)، ویلایەتێکە لە ناوچەی ناوەڕاستی ڕۆژاوای ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٣٤ـەم گەورەترین ویلایەتی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی وڵاتە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١١,٨ ملیۆن کەسە. هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە حەوتەم قەرەباڵغترین ویلایەت و دەیەم چڕترین ویلایەتی وڵاتە. کۆڵۆمبس پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکەیە. ئۆهایۆ لەڕووی مێژووییەوە بە "ویلایەتی باکای" ناسراوە کە درەختێکی گوڵ ڕەنگینی گەڵا گەورەیە، لە ویلایەتەکەدا دەڕوێت و خەڵکی ئۆهایۆ بە باکاییەکان "Buckeyes"یش ناسراون. ئاڵای ویلایەتەکە تاکە ئاڵای نالاکێشەیی تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکایە. ئۆهایۆ لە ١ـی ئازاری ١٨٠٣ـدا بوو بە ١٧ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا

سنوور و ڕووبەر

ئۆهایۆ لە باکوورەوە لەگەڵ دەریاچەی ئێری، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ پێنسیلڤانیا، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڤێرجینیای ڕۆژاوا، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ کێنتاکیی، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ئیندیانا و لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ میشیگاندا هاوسنوورە. هەروەها ڕووبەری ویلایەتی ئۆهایۆ ١١٦,٠٩٦ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٠٦,١٥٦ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ١٠,٠٤٠ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٨,٧٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە.

ناوی ویلایەتەکە

ناوی ئۆهایۆ لە ڕووباری ئۆهایۆوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە بنەڕەتدا لە وشەی سێنێکا (ohiːyo') وەرگیراوە و بە واتای "ڕووباری باش"، "ڕووباری گەورە"، یان "چەم" دێت.

حکوومەت

حکوومەتی ئۆهایۆ لە لقی جێبەجێکار پێکهاتووە، کە لەلایەن سەرۆکی جێبەجێکاری ویلایەتەکەوە بەڕێوە دەبرێت؛ لقی یاسادانان لە ئەنجومەنی یاسادانانی ئۆهایۆی دوو ئەنجومەنی پێکهاتووە و لقی دادوەریش لەلایەن دادگای باڵای ویلایەتەکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. هەروەها ئۆهایۆ ١٦ کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرایەتی ئەمریکا هەیە، حەوت سەرۆکی ئەمریکاش لەم ویلایەتە لەدایکبوون و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە نازناوی "دایکی سەرۆکەکان" وەربگرێت.‌

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ئۆهایۆ لە ساڵی ١٨٠٠ـدا لە کەمێک زیاتر لە ٤٥,٠٠٠ دانیشتوو بوو، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە هەر دەیەیەکدا (جگە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٠) خێراتر لە ١٠٪ بوو، تا سەرژمێری ساڵی ١٩٧٠ ژمارەی دانیشتووانی ئۆهایۆ گەیشتە کەمێک زیاتر لە ١٠,٦٥ ملیۆن کەس. پاشان گەشەی دانیشتووانەکەی لە چوار دەیەی داهاتوودا خاو بووەوە. نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتەی بە ١١,٨٠٨,٨٤٨ کەس هەژمارکرد و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٢,٤٪ زیادی کردووە. گەشەی دانیشتووانی ئۆهایۆ لە دوای تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکاوەیە و دانیشتووە سپی پێستەکان بە چڕییەکی زیاتر لە تێکڕای وڵات لەم ویلایەتەدا نیشتەجێن. هەروەها لە ساڵی ٢٠١١ـدا، تەمەنی ٦,٢٪ـی دانیشتووانی ئۆهایۆ لە خوار پێنج ساڵ، تەمەنی ٢٣,٧٪ـی دانیشتووان لە خوار ١٨ ساڵی و تەمەنی ١٤,١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٦٥ ساڵی یان زیاتر بوو. مێینەکان نزیکەی ٥١,٢٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا.

شوێنی لەدایکبوون

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٤٦٩,٧٠٠ دانیشتووی ویلایەتەکە لەدایکبووی بیانی بوون کە دەکاتە ٤,١٪ـی کۆی دانیشتووان. لەوانە، ٢٢٩,٠٤٩ کەسیان (٢٪) هاوڵاتی ئەمریکی بوون و لە یەکێک لە ویلایەتەکانی تری ئەمریکا لەدایکبوون، لە کاتێکدا، ٢٤٠,٦٩٩ کەسیان (٢,١٪) هاوڵاتی ئەمریکی نەبوون. گەورەترین گرووپەکان بریتی بوون لە:

هەرچەندە زۆربەی زۆری دانیشتووانی ویلایەتەکە سپی پێستن، بەڵام ئۆهایۆ خاوەنی دانیشتووانێکی زۆری ڕەش پێستە کە لە گەورەناوچەکانی ویلایەتەکەدا دەژین. سەرەڕای ئەوانەش، ئۆهایۆ خاوەنی دانیشتووانێکی بەرچاوی هیسپانییە کە لە مەکسیکییەکان و پۆرتۆ ڕیکۆکان پێکهاتوون. جگە لەوەش دانیشتووانێکی بەرچاو و جۆراوجۆری ئاسیای لێ نیشتەجێیە. گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ویلایەتەکە بریتین لە:

  • ئەڵمانی: ٢٦,٥٪
  • ئێرلەندی: ١٤,١٪
  • ئینگلیزی: ٩٪
  • ئیتاڵی: ٦,٤٪
  • پۆڵەندی: ٣,٨٪
  • فەڕەنسی: ٢,٥٪
  • سکۆتلەندی: ١,٩٪
  • هەنگاری: ١,٧٪
  • هۆڵەندی: ١,٦٪
  • مەکسیکی: ١,٥٪
  • سلۆڤاکی: ١,٢٪
  • وێڵزی: ١,١٪
  • سکۆتلەندی-ئیرلەندی: ١,١٪

ئەو گرووپە ڕەچەڵەکییانەی کە کەمتر لە ١٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن بریتین لە ئەفریقییەکانی بەشی باشووری بیابانی سەحارا، پۆرتۆ ڕیکۆی، سویسری، سویدی، عەرەبی، یۆنانی، نەرویجی، ڕۆمانی، نەمسایی، لیتوانی، فینلاندی، هیندی، پورتوگالی و سلۆڤینی.

زمانەکان

زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆهایۆ ئینگلیزییە و لەلایەن ٩٣,٣٪ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت. هەروەها نزیکەی ٦,٧٪ـی دانیشتووانی تەمەن ٥ ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە بە زمانێکی نائینگلیزی قسە دەکەن، لە نێویاندا ٢,٢٪ـیان بە زمانی ئیسپانی، ٢,٦٪ـیان بە زمانەکانی تری هیندۆئەورووپی، ١,١٪ـیان بە زمانەکانی ئاسیایی و ئوسترالیا و ٠,٨٪ـیان بە زمانەکانی تر دەدوێن. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠، ١٠,١٠٠,٥٨٦ دانیشتووی ویلایەتەکە بە زمانی ئینگلیزی، ٢٣٩,٢٢٩ کە بە زمانی ئیسپانی، ٥٥,٩٧٠ کەس بە زمانی ئەڵمانی، ٣٨,٩٩٠ کەس بە زمانی چینی، ٣٣,١٢٥ کەس بە زمانی عەرەبی و ٣٢,٠١٨ کەس بە زمانی فەڕەنسی قسە دەکەن. جگە لەوەش، ٥٩,٨٨١ کەس بە زمانێکی سلاڤی و ٤٢,٦٧٣ کەس بە زمانێکی تری جەرمانی ڕۆژاوا قسە دەکەن. سەرەڕای ئەوانەش، ئۆهایۆ زۆرترین ژمارەی قسەکەرانی زمانی سلۆڤینی وڵاتی لێ نیشتەجێیە، بە هەمان شێوە، خاوەنی دووەم زۆرترین قسەکەرانی زمانەکانی سلۆڤاکیا و ئەڵمانی، و سێیەم زۆرترین قسەکەرانی سربی وڵات بوو.

ئایین

بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٤، ٧٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆهایۆ مەسیحیین. لەنێویاندا، ٢٩٪ـی دانیشتووان پرۆتستانتی ئینجیلی، ١٧٪ پرۆتستانتی کۆنەپارێز، ٧٪ بلاک پرۆتستانت و ١٨٪ـیان کاسۆلیکین. هەروەهڵ ٢٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە سەر بە هیچ ئایینێک نین. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی تری دانیشتووانی ئۆهایۆ بریتین لە:

  • جوولەکە: ١٪
  • گەواهی یهوا: ١٪
  • مسوڵمان: ١٪
  • هیندۆس: ١٪
  • بوودی: ١٪
  • مۆرمۆن: ١٪
  • ئایینەکانی تر: ١ بۆ ١,٥٪

کەشوهەوا

بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای زۆربەی زۆری ناوچەکانی ویلایەتی ئۆهایۆ کیشوەری شێدارە، جگە لە ناوچەکانی ئەوپەڕی باشووری بلوگراسی ئۆهایۆ کە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداریان هەیە. بە شێوەیەکی گشتی مانگەکانی وەرزی هاوین لە سەرتاسەری ویلایەتەکەدا گەرم و شێدارن، لە کاتێکدا مانگەکانی وەرزی زستان فێنک تا ساردن. هەروەها ڕێژەی دابارینی باران لە ئۆهایۆ بە درێژایی ساڵ مامناوەندە. کەشوهەوای توند لە ویلایەتەکەدا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی گەردەلوولی کەمتر لەم ویلایەتەدا ڕوودەدات بە بەراورد بەو ویلایەتانەی کە دەکەونە ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت کۆڵانی گەردەلوول. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئەنجامی تێپەڕینی هەوای سارد بە ئاوی گەرمی دەریاچەی ئێریدا ئاوی بەشی سەرەوەی دەریاکە دەبێتە هەڵم و بە هەوا ساردەکەدا بەرز دەبێتەوە، دواتر هەڵمەکە دەیبەستێت و بەفرێکی زۆر لە کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەکەدا کۆدەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٥ پلەی سەدیە کە لە ٢١ـی تەممووزی ١٩٣٤ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٩ـ پلەی سەدی بوو کە لە ١٠ـی شوباتی ١٨٩٩ـدا تۆمارکرا.

ئابووری

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ویلایەتی ئۆهایۆ لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ٦٢٦ ملیار دۆلار بوو و ئابووری ویلایەتەکە وەک حەوتەمین گەورەترین ئابووری نێو هەر پەنجا ویلایەتەکە و ناوچەی کۆڵۆمبیا پلەبەندکرا. هەروەها ڕێژەی بێکاری ئۆهایۆ لە مانگی شوباتی ٢٠١٨ لە ٤,٥٪ بوو، ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە مانگی ئایاری ٢٠١٠ کە ١٠,٧٪ بووبوو دابەزیوە. داهاتی تاکەکانی ویلایەتەکە ٣٤,٨٧٤ دۆلارە و ١٣,١٪ـی دانیشتووانی ئۆهایۆ لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.

هەریەک لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و دارایی ١٨,٣٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئۆهایۆ پێکدەهێنن، ئەمەش وایکردووە ببنە گەورەترین پیشەسازییەکانی ئۆهایۆ بەپێی ڕێژەی سەدی GDP. ئۆهایۆ خاوەنی سێیەم گەورەترین هێزی کاری بەرهەمهێنانە لە دوای ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و تەکساسەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەورەترین کەرتی زانستی زیندەیی لە ڕۆژاوای ناوەڕاستدا هەیە و لە ئابووری "سەوز"ـدا پێشەنگی نیشتیمانییە. ئۆهایۆ لە بەرهێمهێنانی پلاستیک، لاستیک، کانزای دروستکراو، ئامێری کارەبایی و کەرەستەکاندا گەورەترین بەرهەمهێنەری وڵاتە.

بەپێی دامەزراندن، گەورەترین کەرتی ئۆهایۆ بریتییە لە بازرگانی/گواستنەوە/خزمەتگوزارییەکان کە ١,٠١٠,٠٠٠ دانیشتووی ویلایەتەکەی لێ دامەزراوە و ١٩,٤٪ـی هێزی کاری ئۆهایۆیە، لە کاتێکدا کەرتەکانی چاودێری تەندروستی و پەروەردە ٨٢٥,٠٠٠ کەس (١٥,٨٪)ـی دامەزراندووە. جگە لەوانەش، حکوومەت ٧٨٧,٠٠٠ کەس (١٥,١٪)، بەرهەمهێنان ٦٦٩,٠٠٠ کەس (١٢,٩٪) و خزمەتگوزارییە پیشەیی و تەکنیکییەکان ٦٣٨,٠٠٠ کەس (١٢,٢٪)ـیان دامەزراندووە. بارەگای سەرەکی پەنجا و نۆ کۆمپانیای سەرەکی ئەمریکا لە ئۆهایۆیە.


سەرچاوەکان



160 بینین