ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی ماین (بە ئینگلیزی: Maine، بە عەرەبی: مين)، ویلایەتێکە لە ناوچەی نیو ئینگلاند لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. لە ڕۆژاواوە لەگەڵ نیو هامپشایەر، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ کەنداوی ماین و لە باکووری رۆژهەڵات و باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ پارێزگا کەنەدییەکانی نیو برانزویک و کیوبیکدا هاوسنوورە. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەری گشتییەوە گەورەترین ویلایەتە لە نیو ئینگلاند، هەروەها لەڕووی ڕووبەرەوە ١٢ـەیەم بچوکترین، ٩ـیەم کەم قەرەباڵغترین، ١٣ـەیەم کەم چڕترین ویلایەتی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە. تاکە ویلایەتە کە ناوەکەی لە یەک بڕگە پێکدێت و تاکە ویلایەتە کە بەتەواوی لەگەڵ یەک ویلایەتی ئەمریکادا هاوسنوورە. قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی ماین پۆرتلاندە و پایتەختەکەی ئۆگەستایە. ماین لە ١٥ـی ئازاری ١٨٢٠ـدا بوو بە ٢٣ـیەم ویلایەتی ئەمریکا.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری ویلایەتی ماین ٩١,٦٤٦ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٨٠,٠٠٥ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ١١,٧٢٤ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ١٣,٥٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٦,٩ کەس و لە پلەی و ٣٨ـی وڵاتدا بوو.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ماینی لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٩ـدا بە ١,٣٤٤,٢١٢ کەس مەزندەکرد، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە دوای سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ١,١٩٪ زیادیکردووە. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ژمارەی دانیشتووانی ماین گەشتە ١,٣٦٢,٣٥٩ کەس. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ویلایەتەکە گوندنشینیترین ویلایەتی یەکێتییەکە بوو و تەنیا ٣٨,٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ناوچە شارییەکاندا دەژیان. دانیشتووانی ماین لە سەرژمێری ساڵی ١٩٩٠ـەوە گەشەیەکی خاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەکەی لە دوای سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـەوە ٠,٥٧٪ و لە پلەی ٤٥ـی وڵاتدا بوو. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠، ویلایەتەکە خاوەنی زۆرترین دانیشتووانی تەمەن ٦٥ ساڵ یان بەتەمەنترە لە ئەمریکا.
ڕەگەز و نەتەوە
بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠، ماین بەرزترین ڕێژەی سپی پێستە ناهیسپانییەکانی لێ نیشتەجێیە بە بەراورد بە هەر ویلایەتێکی تری وڵات و ٩٤,٤٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. بەپێی راپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٦، ١,٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی ماین بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون، لە ڕەگەزەکانی:
- مەکسیکی: ٠,٤٪
- پۆرتۆ ڕیکۆ: ٠,٤٪
- کوبای: ٠,١٪
- هیسپانی یان لاتینییەکانی تر: ٠,٦٪
شەش گەورەترین گرووپی ڕەگەزی بریتی بوون لە:
- ئینگلیزی: ٢٠,٧٪
- ئێرلەندی: ١٧,٣٪
- فەڕەنسی: ١٥,٧٪
- ئەڵمانی: ٨,١٪
- ئەمریکی: ٧,٨٪
- فەڕەنسی کەنەدی: ٧,٧٪
زۆربەی ئەو دانیشتووانانەی بە ئەمریکی خۆیان دەدەن لە قەڵەم بە بنەچە ئینگلیزین و زۆربەیان لە سەدەی ١٧ـەوە هاتوونەتە ناوچەکە. ماین بە بەراورد بە هەموو ویلایەتەکانی تری وڵات بەرزترین ڕێژەی ئەمریکییە فەڕەنسییەکانی لێ نیشتەجێیە و زۆربەیان بە ڕەچەڵەک کەنەدین، هەندێکیان لە پێش شەڕی شۆڕشی ئەمریکاوە لە ویلایەتەکە نیشتەجێن و بەتایبەتیش لە بەشی باکووری ویلایەتەکەدا چڕبوونەتەوە. زیاد لەو دانیشتووە ئاکادیاییانەی کە لە بەشی باکووردا نیشتەجێن، زۆرێک لە کەنەدییە فەڕەنسییەکان لە کیوبیکەوە وەک کۆچبەر لە نێوان ساڵانی ١٨٤٠ بۆ ١٩٣٠ هاتوونەتە ناوچەکەوە.
زمان
ویلایەتی ماین هیچ زمانێکی فەرمی نییە، بەڵام زمانی ئینگلیزی قسەپێکراوترین زمانە لەویلایەتەکەدا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٩٢,٢٥٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتەکە لە ماڵەوە تەنیا بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد. ئامارەکانی سەرژمێری ئەوە نیشان دەدەن کە ویلایەتی ماین بەرزترین ڕێژەی قسەکەرانی زمانی فەڕەنسی لێیە بە بەراورد بە هەر ویلایەتێکی تر و ٥,٢٨٪ـی خاوخێزانی ویلایەتەکە بە زمانی فەڕەنسی دەدوێن. هەروەها لە دوای زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسییەوە زمانی ئیسپانی سێیەم باوترین زمانی دانیشتووانی ماینە.
ئایین
بەپێی سەنتەری توێژینەوەی پیوو، گرووپە ئاینییەکانی ویلایەتی ماین بریتی بوون لە:
- پرۆتستانت: ٣٧٪
- پرۆتستانتی ئینجیلی ١٤٪
- پرۆتستانتی کۆنەپارێز: ٢١٪
- بلاک پرۆتستانت: ٢٪
- ئەوانەی نکۆڵی لە بوونی خوا دەکەن: ٦٪
- بێ ئایین: ٢٦٪
- کاسۆلیکی ڕۆمانی: ٢١٪
- مەسیحییەکانی تر: ٥٪
- ئایینە نامەسیحییەکانی وەک هیندۆسی، ئیسلام، بوودی و بەهایی: ٧٪
- بتپەرستان و یەک خواناسان: ٥٪
ئابووری
نووسینگەی شیکاری ئابووری تێکڕای بەرهەمی ویلایەتی ماین لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بە ٧٧,٩٦ ملیار دۆلار مەزەندە دەکات، داهاتی تاکەکانیشی لە هەمان ساڵدا ٥٨,٤٨٤ دۆلار و لە پلەی ٣٠ـی وڵاتدا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ـدا ٣,٣٪ بوو. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ویلایەتی ماین بریتین لە پەلەوەر، هێلکە، بەرهەمی شیرەمەنی، ڕەشەوڵاغ، تووتڕکی کێوی، سێو، شیلەی داری ئسفەندانی و شەکری شیلەی داری ئسفەندانی. هەروەها بەرهەمە پیشەسازییەکانی ویلایەتەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەرهەمی کاغەز، تەختەی خاو و دار، ئامێری ئەلیکترۆنی و بەرهەمی چەرم، بەرهەمی خۆراک، قوماش و زیندەتەکنەلۆجیا پێکدێن. سەرەڕای ئەوەش، کەشتیسازی، باج و گەشتیاری بەشێکی گرنگی ئابووری ویلایەتەکە پێکدەهێنن.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای ویلایەتی ماین کیشوەری شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرم و هەندێکجار شێدارە و زستانی درێژ، سارد و زۆر بەفراوییە. وەرزی زستان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای ماین توندە، لە کاتێکدا زەریای ئەتڵەسی کەشی ناوچە کەنارییەکان کەمێک مامناوەند دەکات. بەگشتی بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرانسەری ویلایەتەکە و لە مانگی تەممووزدا لە نێوان ٢٤ بۆ ٢٩ پلەی سەدیدایە و پلەی گەرمی شەوانە نزیکەی ١٥ پلەی سەدییە. پلەکانی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا لە کەناری باشوور ١- پلەی سەدی و لەو پەڕی باکوور لە خوار ١٨- پلەی سەدییەوەیە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ویلایەتەکەدا ٤١ پلەی سەدییە کە لە تەممووزی ١٩١١ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦- پلەی سەدییە کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ـدا تۆمارکرا. سەرەڕای ئەوەش، ساڵانە ٩٠٩ بۆ ١,٤٤١ مللیمەتر باران لەم ویلایەتەدا دەبارێت.