ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی ڤێرجینیای ڕۆژاوا (بە ئینگلیزی: West Virginia، بە عەرەبی: فيرجينيا الغربية)، ویلایەتێکە لە ناوچەکانی ئەپالاچیان، ناوەڕاستی ئەتڵەسی و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. لە باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ پێنسیلڤانیا، لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میریلاند، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ کێنتاکیی و لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ ئۆهایۆدا هاوسنوورە. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە دەیەم بچووکترین ویلایەت و بەپێی ژمارەی دانیشتووان ١٢ـەیەم کەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی ڤێرجینیای ڕۆژاوا ١,٧٩٣,٧١٦ کەسە و پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکە چارلستۆنە. ڤێرجینیای ڕۆژاوا لە ٢٠ـی حوزەیرانی ساڵی ١٨٦٣ـدا وەکوو ٣٥ـەم ویلایەتی ئەمریکا لە یەکێتییەکەدا وەرگیرا و تاکە ویلایەت بوو کە بە جیابوونەوە لە ویلایەتێکی کۆنفیدڕاڵی پێکهات، هەروەها یەکێکە لەو دوو ویلایەتەی (لەگەڵ نیڤادا) لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بوون بە ویلایەت.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری ویلایەتی ڤێرجینیای ڕۆژاوا ٦٢,٧٥٥ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٦٢,٣٦١ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٣٩٤ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٠,٦٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٩,٨ کەس و لە پلەی و ٢٩ـی وڵاتدا بوو.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ڤێرجینیای ڕۆژاوای لە ١ـی تەممووزی ٢٠١٨ـدا بە ١,٧٩٢,١٤٧ کەس مەزەندەکرد. کە لە دوای سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٣,٢٨٪ کەمیکردووە. تەنها ١,٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لەدایکبووی بیانین، ئەمەش نزمترین ڕێژەی نێو ٥٠ ویلایەتەی ئەمریکایە. هەروەها داتاکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ ئەوە نیشان دەدەن کە تەمەنی ١٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە ٦٥ ساڵ یان زیاترە.
ڕەگەز و نەتەوە
پێنج گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەکی ویلایەتی ڤێرجینای ڕۆژاوا بریتین لە:
- ئەڵمانی: ١٨,٩٪
- ئێرلەندی: ١٥,١٪
- ئەمریکی: ١٢,٩٪
- ئینگلیزی: ١١,٨٪
- ئیتاڵی: ٤,٧٪
لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا، ئەو دانیشتووانانەی ڤێرجینای ڕۆژاوا کە خۆیان بە ئەمریکی ناساند ١٨,٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنابوو. پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بریتی بوون له:
- سپی پێستی ناهیسپانی: ٨٩,١٪
- ئەفریقی ئەمریکی: ٣,٦٪
- ئاسیایی: ٠,٨٪
- ئەمریکی ڕەسەن: ٠,٢٪
- دوورگەنشینیەکانی زەریای هێمن: ٠,٠٢٪
- ڕەگەزەکانی تر: ٠,٣٪
ژمارەیەکی زۆری دانیشتووی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە و ئەوانەی بە ڕەچەڵەک ئینگلیزن لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا نیشتەجێن. زۆرێک لەو کەسانەشی کە خۆیان بە ئێرلەندی دەناسێنن، لە ڕاستیدا پرۆتستانتی سکۆتلەندی-ئیرلەندین.
هەژاری
ڕێژەی هەژاری ڤێرجینیای ڕۆژاوا یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکانی ئەمریکا. خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٧ ئاماژە بەوە دەکەن کە ١٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لەژێر هێڵی هەژاریدان و تێکڕای نیشتیمانی تێپەڕاندووە کە ١٣٪ـبوو.
تەمەنی چاوەڕوانکراو
تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی ڤێرجینیای ڕۆژاوا کەمترە لە تێکڕای نیشتیمانی. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا تەمەنی چاوەڕوانکراوی هەردوو ڕەگەزەکە لە ویلایەتەکەدا ٧٦ ساڵ بوو، لە کاتێکدا تێکڕای نیشتیمانی ٧٩,١ ساڵی بوو. لە هەمان ساڵدا، نێرەکانی ڤێرجینیای ڕۆژاوا بە تێکڕا ٧٣,٦ ساڵ ژیان بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ٧٦,٧ ساڵ بوو و مێینەکانی ویلایەتەکەش بە تێکڕای ٧٧,٥ ساڵ ژیان بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ٨١,٥ ساڵ بوو.
زمان
لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٩٧,٦٧٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و گەورەتری ڤێرجینای ڕۆژاوا کە دەکاتە ١,٦٩٧,٠٤٢ کەس زمانی ئینگلیزیان وەکوو زمانی سەرەکی خۆیان بەکارهێنا. لە کاتێکدا ٢,٣٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە زمانێکی تری نائینگلیزی قسە دەکەن. زمانە نائینگلیزییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:
- ئیسپانی: ١,٠٧٪
- فەڕەنسی: ٠,١٧٪
- ئەڵمانی: ٠,١٤٪
- ئیتاڵی: ٠,٠٩٪
- چینی: ٠,٠٩٪
- تاگاڵۆگ: ٠,٠٦٪
- ژاپۆنی: ٠,٠٥٪
- ڤێتنامی:٠,٠٤٪
- ئوردو: ٠,٠٤٪
- کۆری: ٠,٠٤٪
ئایین
لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٧٨,٦٪ـی دانیشتووانی ڤێرجینیای ڕۆژاوا مەسیحی بوون و ١٦,٢٪ـی دانیشتووان بێ ئایین بوون. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووان بریتین لە:
- پرۆتستانت: ٧٠٪
- بێ ئایین: ١٨٪
- کاسۆلیکی: ٦٪
- مۆرمۆن: ٢٪
- جوولەکە: ١٪
- مسوڵمان: ١٪
- ئایینەکانی تر: ١٪
- ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە: ١٪
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای ڤێرجینیای ڕۆژاوا بەشێوەیەکی گشتی، جگە لە ناوچە بەرزەکان، نیمچە خولگەیی شێدارە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوینی گەرم تا زۆر گەرم و شێدارە و زستانی ساردە، هەتا بەرەو ناوچە بەرزترەکان بچین ڕووبەڕووی زستانێکی توندتر دەبینەوە. هەروەها ناوچە شاخاوییەکانی باشووری ویلایەتەکە کەشوهەوایەکی مامناوەندی شاخاوییان هەیە کە زستانی مامناوەندە و هاوینی فێنکترە. سەرەڕای ئەوەش، ساڵانە لە کەمتر لە ٨١٠ مللیمەترەوە بۆ زیاتر لە ١,٤٠٠ مللیمەتر باران لەم ویلایەتەدا دەبارێت.
پلەی گەرمی
تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا لە نێوان ٤- بۆ ٥ پلەی سەدیدا دەگۆڕێت، لە کاتێکدا تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی تەممووزدا لە نێوان ١٩ بۆ ٢٤ پلەی سەدیدایە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٤ پلەی سەدیە کە لە ١٠ـی تەممووزی ١٩٣٦ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٨- پلەی سەدیە کە لە ٣٠ـی کانوونی یەکەمی ١٩١٧ـدا تۆمارکرا.
گەشتیاری
کەرتی گەشتیاری یەکێکە لە گەورەترین پیشەسازییەکانی ویلایەتەکە، لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٤,٢٧ ملیار دۆلاری خستە سەر ئابووری ویلایەتەکە و ٤٤,٤٠٠ کەسی دامەزراند. زۆرێک لە گەشتیاران، بەتایبەتی لە زنجیرە شاخەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕوو لە ویلایەتەکە دەکەن.