ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی ڤێرمۆنت (بە ئینگلیزی: Vermont، بە عەرەبی: فيرمونت)، ویلایەتێکە لە ناوچەی نیو ئینگلاندی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لە باشوورەوە لەگەڵ ویلایەتی ماسەشوستس، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ نیو هامپشایەر، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ نیویۆرک و لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگای کەنەدی کیوبیکدا هاوسنوورە.
ڤێرمۆنت لە ساڵی ١٧٩١ـدا بوو بە ١٤ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا، تاکە ویلایەتی نیو ئینگلاندە کە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا هاوسنوور نییە. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانەکەی ٦٤٣,٥٠٣ کەسە و لە دوای ویلایەتی وایۆمینگەوە دووەم کەم قەرەباڵغترین ویلایەتی وڵاتە. هەروەها لەڕووی ڕووبەرەوە شەشەم بچووکترین ویلایەتی وڵاتە. مۆنتبیلی مۆنتپێلیێر پایتەختی ویلایەتەکەیە و کەم قەرەباڵغترین پایتەختی ئەمریکایە. ناوی ویلایەتەکە ڤێرمۆنت (Vermont) لە هەردوو وشەی Vert Montـەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە واتای چیای سەوز (Green Mountain) دێت و بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەنێو خەڵکە نیشتەجێبووەکەی ناوچەکەدا ئەم ناوە بەکارهاتووە. ئەم ویلایەتە لە چواری ئازاری ١٧٩١ وەکوو ١٤ـیەم ویلایەتی ئەمریکا دانیپێدانرا.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری ویلایەتی ڤێرمۆنت ٢٤,٩٢٣ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٢٣,٩٥٧.٣٩ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٩٨٩ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٤.١% کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٦.١ کەس و لە پلەی ٣٠ـەیەمی وڵاتدا بوو.
کەشوهەوا
کەشوهەوای ویلایەتی ڤێرمۆنت کیشوەری شێدارە و پلەی گەرمی مامناوەندی ساڵانەی ٦ پلەی سەدییە. لەگەڵ ئەوەشدا، مانگەکانی وەرزی بەهاری هەوراوییە، بەشێوەیەکی گشتی کەشی ویلایەتەکە لە سەرەتای هاویندا مامناوەندە و لە مانگی ئابدا گەرمە؛ پاییزی ڤێرمۆنت ڕەنگاوڕەنگە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما گردەکانی ڤێرمۆنت سوور و پرتەقاڵی و ئاڵتوونی دەنوێنن. وەرزی زستان لە بەرزاییە بەرزەکاندا ساردترە و بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن کەشوهەوایەکی کیشوەری مامناوەندیان هەیە.
تێکڕای پلەی گەرمی بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە کە ناوچەیەکی گوندنشینە و بە "شانشینی باکووری ڕۆژهەڵات" ناسراوە، زۆرجار ٥.٦ پلەی سەدیە و لە زستاندا لە ناوچەکانی باشووری ویلایەتەکە ساردترە. هەروەها ساڵانە بەپێی بەرز و نزمی ناوچەکان بە تێکڕایی لە نێوان ١,٥٠٠ بۆ ٢,٥٠٠ مللیمەتر بەفر لە ویلایەتەکەدا دەبارێت. ڤێرمۆنت حەوتەم ساردترین ویلایەتی وڵاتە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤١ پلەی سەدییە کە لە ٤ـی تەممووزی ١٩١١ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦- پلەی سەدییە کە لە ٣٠ـی کانوونی یەکەمی ١٩٣٣ـدا تۆمارکرا، ئەمەش نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراوە لە نیو ئینگلاند لەگەڵ ڕووباری بیگ بلاکدا کە نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا بە هەمان شێوە ٤٦- پلەی سەدی بوو.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
بەپێی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ڤێرمۆنت لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٦٤٣,٥٠٣ کەس بوو. لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا، دووەم کەمترین ڕێژەی لەدایکبوونی لە وڵاتدا هەبوو کە لە هەر ١٠٠٠ ژنێکدا تەنها ٤٠ـیان منداڵیان خستەوە. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، ٥١.٣%ـی دانیشتووانی ڤێرمۆنت لە ویلایەتەکەدا لەدایکبوو بوون، بە بەراورد بە ئەمریکا کە ٥٨.٧%ـە. نزیکەی ١٠.٢%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدان.
لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٣، لە کۆی ٢٥١ شار و شارۆچکەی ڤێرمۆنت تەنها ژمارەی دانیشتووانی ١٦ شارۆچکەیان زیاد بوو و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ١٨٠ شارۆچکەیان کەمبوویەوە، کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە کەمبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ڕووی نەدابوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ڤێرمۆنت لە دوای ویلایەتی ماین، دووەم گوندنشینیترین ویلایەتی وڵات بوو، کە ٦١%ـی دانیشتووانەکەی لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژیان.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٣، ٩٤.٣%ـی دانیشتووانی ویلایەتی ڤێرمۆنت بە سپی پێست دەستنیشان کران. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا، ڤێرمۆنت لە دوای ویلایەتی ماینەوە دووەم ویلایەتی ئەمریکا بوو کە زۆرترین هاوڵاتی سپی پێستی لێ نیشتەجێ بوو. ویلایەتەکە خاوەنی کەمترین ژمارەی هیسپانییە بە بەرورد بە هەر ویلایەتێکی وڵات بەڵام کەمترین ڕێژەی هیسپانی نا. لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا ١٢.٦%ـی دانیشتووانی سەرووی ١٥ ساڵی ویلایەتەکە لە هاوسەرەکانیان جیابووبوونەوە و ئەمەش پێنجەم بەرزترین ڕێژەی وڵات بوو. هەروەها تەمەنی مامناوەندی ڤێرمۆنتییەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا ٤٠.٦ ساڵی بوو. سەرەڕای ئەوەش، ویلایەتەکە بەرزترین ڕێژەی هاوڕەگەزبازانی تێدایە و ٥.٣%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. پێکهاتە نەتەوەییەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بەم شێوەیە بوو:
- سپی پێستی ناهیسپانی: ٩٠.٥%
- ئاسیایی: ٢.٧%
- ڕەش پێست: ٢.١%
- هیندی ئەمریکی: ٠.٣%
- هیسپانی (لە هەر ڕەگەزێکدا): ٢.٦%
زمان
زمانی ئینگلیزی زمانی زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتی ڤێرمۆنتە. ئەم ویلایەتە یەکێکە لەو سێ ویلایەتەی (لەگەڵ ویلایەتەکانی ماین و نیو هامپشایەر) کە زمانی فەڕەنسی دووەم قسەپێکراوترین زمانی دانیشتووانە لە ماڵەوە، هۆکاری ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ نزیکیی ویلایەتەکە لە پارێزگای کیوبیک.
ئایین
بەپێی سەنتەری توێژینەوەی پیوو لە ساڵی ٢٠١٤، ٣٧%ـی دانیشتووانی ویلایەتی ڤێرمۆنت لەسەر بە هیچ ئایینێک نەبوون، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی نێو هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکایە. هەروەها ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتەکە مەسیحی بوو، کاسۆلیکەکان ٢٢%ـی دانیشتووان و پرۆتستانتەکان ٣٠%ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو. ئایینە نامەسیحییە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووان بریتی بوون لە جوولەکە، ئیسلام، بوودی، هیندۆسی و ئایینەکانی تر. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووان و ڕێژەی پەیڕەوکەران بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
ئابووری
لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا کەرتی کشتوکاڵ ٢.٢%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکە پێکهێنا و لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا نزیکەی ٣%ـی دانیشتووانی کارکەری ویلایەتەکە بە کاری کشتوکاڵییەوە خەریکبوون. بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان سەرچاوەی سەرەکی ئابووری کشتوکاڵن. لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا کەمتر لە ١٥٠٠؛ لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا ١,١٣٨ و لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ٦٥٨ کێڵگەی شیرەمەنی لە ویلایەتەکەدا هەبوون. ژمارەی کێڵگە شیرەمەنییەکان ساڵانە بە ڕێژەی ١٠% کەم دەبێتەوە. سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵەکان بەڵام بەرهەمهێنانی شیر دوو هێندە زیادی کردووە. هەروەها بەرهەمە دارستانییەکان هەمیشە خواستێکی زۆری لەسەر بووە و ١%ـی تێکڕای بەرهەمی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. بەشێکی گرنگ و گەشەسەندووی ئابووریی ڤێرمۆنت بریتییە لە دروستکردن و فرۆشتنی خۆراکە پیشەسازەکان، خۆراکی فانتزی و شتی تازەبابەت. سەرەڕای ئەوانەش، کەرتی بەرهەمهێنان، وزە، تەندروستی و بیمە بەشداری لە ئابووری ڤێرمۆنتدا دەکەن.