ئەحمەدشا مەسعوود

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-08-12:39:00 - کۆدی بابەت: 6531
ئەحمەدشا مەسعوود

ناوه‌ڕۆك

ئەحمەدشاھ

ئەحمەدشاھ مەسعود (کوردی: ئەحمەد شا مەسعوود، بە ئینگلیزی: Ahmad Shah Massoud) کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازی ئەفغانستان بوو، لە ڕۆژی ١٩٥٣/٩/٢ لە ناوچەی پەنجشیری ئەفغانستان لەدایکبووە، لە بنەڕەتدا خەڵکی تاجیکستانە و سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری بوو لە ماوەی جەنگی ئەفغانستان-یەکێتی سۆڤیەت لە ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٩، لە نەوەدەکانیش بووە سەرۆکی بەرەی سەربازی حکوومەت دژی میلیشیاکانی سەردەمی جەنگی ناوخۆ، دوای ئەوەی تاڵیبان لە ١٩٩٦ دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتە دەست، ئەحمەد شاھ مەسعوود بە تەنیا مابوویەوە دژیان تاوەکوو ساڵی ٢٠٠١ و تیرۆرکردنی.

پێشووتر لە ساڵی ١٩٦٩ بووە ئەندامی کۆمەڵەی ئیسلامی کە لەلایەن عەبدوڕەحیم نیازییەوە دامەزرا و هەریەک لە بورهانەدین ڕەبانی و قەلەبەدین حەکەمتیاری تێدابوو، دواتریش ئەنجوومەنی شورای نۆ ویلایەتەکەی دروستکرد کە بە "شورای نزار" دەناسرا و عەبدوڵا عەبدوڵا و محەمەد قەسیم فەهیم و یونس قانونی لە ئەندامەکانی بوون، دواتریش هاوپەیمانی باکووری ڕاگەیاند لە ساڵی ١٩٩٦ دژی تاڵیبان کە هەریەک لە عەبدوڕەشید دۆستەم و ئیسماعیل خان و عەبدوڕەب رەسوول سەیافی تێدابوون.

ئەحمەد مەسعوود کەسایەتییەکی میانڕەوی لە ئەفغانستان نیشاندەدا.

ناوی تەواو ئەحمەدشاھ مەسعوود 
لەدایکبوون ١٩٥٣/٩/٢ - بازاڕەک،پەنجشیر، ئەفغانستان
کۆچی دوایی ٢٠٠١/٩/٩ ویلایەتی تەخار، ئەفغانستان
هۆکاری کۆچی دوایی تیرۆرکردن، تەقینەوە (ڕێکخراوی قاعیدە)
حیزبی سیاسی کۆمەڵەی ئیسلامی ئەفغانستان
هاوسەر سدیقە مەسعوود (١٩٨٨-٢٠٠١)
منداڵان ئەحمەد، مەریەم، فاتیمە، عائیشە، نەسرین، زوهرە
پیشە سیاسی، فەرماندەی سەربازی
ئایین ئیسلامی سوننە
نەتەوە  تاجیکی
پێناس ئەفغانی
نازناوەکان شێری پەنجشیر، فەرماندەی هاوڕێی شەهید
جۆری فیکر میانڕەو

ژیانی

ئەحمەد شاھ مەسعوود لە بازاڕەکی ناوچەی پەنجشیر لە ساڵی ١٩٥٣ یان ١٩٥٤ لەدایکبووە، سەرەتا کە لەدایکبوو ناویان نا "ئەحمەدشاھ" بەڵام دواتر خۆی لە ساڵی ١٩٧٤ نازناوی مەسعوودیشی بۆ زیادکرد، پێشووتر باوکی "دۆست محەمەدخان" سەرهەنگ بوو لە سوپای ئەفغانستان و مامیشی "عەبدوڕەزاق خان" فەرماندە بوو لە دەزگای هەواڵگری ئەفغانستان، دواتر ماڵەوەیان کۆچیان کرد بۆ هەرات و دواتریش بۆ کابول و زۆرینەی منداڵی لەوێ بەسەربرد.

دواتر خوێندنی ناوەندی لە خوێندنگای ئیستیقلال دەخوێنێت بە زمانی فەڕەنسی و لەوێ فێری فەڕەنسی دەبێت، لەگەڵیشیدا ژیان و کارەکانی هەریەک لە ماوتسی تۆنگ و چێ گیڤارا دەخوێنێتەوە، خۆی وتویەتی کە لە ماوەوە فێربووە بەڵام گیڤارا بیرۆکەکانی سادەبوون، دواتریش لە کۆلێژی ئەندازیاری وەردەگیرێت، ساڵی ١٩٧٣ و لەگەڵ کودەتای حیزبی دیموکراتی گەلی ئەفغانی وڵاتەکە دەبێت بە کۆماری ئەفغانستان، بەمەش تەوژمێکی سیاسی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن دروستدەبێت لە وڵات و لەوێوە مەسعوود تێکەڵی دامەزراوەی گەنجانی موسوڵمان دەبێت کە باڵی خوێندکارانی کۆمەڵەی ئیسلامی بوو.

ئەحمەدشاھ هەریەک لە دوڕی و فەڕەنسی و تاجیکی و پەشتویی دەزانی.

چەکداری

لەدوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە مەسعوود دەبێتە فەرماندە و بەرەیەکی چەکداری پێکدەهێنێت و لە پەنجشیر دەمێنێتەوە کە یەکێتی سۆڤیەت لەوێ بە خراپی دەشکێت، بەوەش نازناوی شێری پەنجشیری پێدەبەخشرێت، لەو کاتەدا کچی پاسەوانە تایبەتەکەی دەخوازێت و پێنج کچ و کوڕێکی لێی دەبێت بە ناوی "ئەحمەد"، کە کوڕەکەی لە ساڵی ٢٠٢١ دوای هاتنەوەی تاڵیبان کۆتا کەسبوو دژیان جەنگا و پەنجشیری جێنەهێشت، جیا لە نازناوی شێری پەنجشیر هەریەک لە نازناوەکانی ئازادکەری کابول و ئەمیری هاوڕێی پێبەخشراوە.

لەماوەی جەنگدا توانی لەگەڵ سۆڤیەت بۆ ماوەی یەک ساڵ بەپێی پەیماننامەیەک ئاگربەست ڕابگەیەنێت لە پەنجشیر، لەو ماوەدا توانی لە هەریەک لە بەدەخشان و تەخار و بەغلان بەرەی دیکەی جەنگ بکاتەوە و بەتالیۆنێک بەناوی هێزەکانی ناوەندی دروست بکات کە زۆربەی موجاهیدە عەرەبەکانی تێدابوو و یەکێک لەوان عەبدوڵا عەزامی فەڵەستینی بوو، کە چەندین نامیلکە و وەسفی لەسەر ئەحمەدشاھ مەسعوود نووسیوە.

لەدوای جەنگی سۆڤیەت لە نەوەدەکان دەبێتە وەزیری بەرگری و دواتریش دەبێتە جێگری سەرۆک کۆمار لە سەردەمی بورهانەدین ڕەبانی، دوای ڕووخانی حکوومەتی ئەفغانستان لە ١٩٩٦ ئەحمەدشاھ بووە سەرۆکی بەرەی هاوپەیمانی باکوور و لەو ماوەیەدا %١٠ـی وڵاتی بەدەستەوەبوو و تاڵیبان بۆی داگیرنەکرا.

تیرۆر

لە تەمەنی ٤٨ ساڵی لە گوندی خواجە بەهائەدین لە ویلایەتی تەخار لە ڕۆژی ٢٠٠١/٩/٩ لەلایەن چەند کەسێکەوە کە خۆیان وەک ڕۆژنامەنووس دەناسێنن بەهۆی تەقینەوەوە تیرۆر دەکرێت.

هەریەک لە دەحمان عەبدوستار و بەراوی واعیر و کەریم تەوزانی و قاسم بەقالی خۆیان وەک ڕۆژنامەنووسی بەلجیکی دەناسێنن و دەڵێن کە بە بنەڕەتدا خەڵکی مەغریبن و لە ڕۆژانی پێشووتر چاوپێکەوتن لەگەڵ هەریەک لە بورهانەدین ڕەبانی و عەبدولڕەسول سەیاف ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بگەن بە ئەحمەدشاھ و تیرۆری بکەن، لە ڕۆژی ٢٠٠١/٩/٨ چاویان بە ئەحمەدشاھ دەکەوێت و تەقینەوەکانیان کە لە نێو کامێرا و پاترییەکانیاندایە بە ئەحمەدشاهدا دەتەقێتەوە و بە سەختی بریندار دەبێت، لەکاتی گواستنەوەی بە هەلیکۆپتەر بۆ تاجیکستان کۆچی دوایی دەکات.

لەگەڵیدا هەریەک لە محەمەد عاسم سوهەیل بەرپرسی بەرەی یەکگرتوو دەکوژرێت و هەریەک لە محەمەد فەهیم دەشتی و مەسعوود خەلیلی بریندار دەبن، یەکێک لە بکوژەکان هەر لەوێ دەکوژرێت بەهۆی تەقینەوەکە و دەحمان عەبدوستار لەکاتی ڕاکردن تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت.

لە هەمان ڕۆژی کوشتنی و ڕۆژی دواتریش هەریەک لە BBC و ڕۆژنامەکانی ئەورووپا و ئەمریکا هەواڵی کوشتنیان بڵاوکردەوە، بەڵام بەرەی هاوپەیمانی باکوور لە ١٦ـی مانگ هەواڵەکەی ڕاگەیاند و دواتریش لە ناوچەی بازاڕەکی پەنجشیر بە ئامادەبوونی سەدان هەزار کەس بەخاک سپێردرا.

هەوڵەکانی دیکە و چوارچێوەی بابەت

پێشووتر لە ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردووی مەسعوود چەندین جار لە هەوڵی تیرۆری هەریەک لە دەزگای هەواڵگری سۆڤیەتی و دەزگای هەواڵگری پاکستان و ڕێکخراوی قاعیدە و بزوتنەوەی تاڵیبان و حیزبە شیوعییەکان و حەکەمتیار ڕزگاری بووبوو، یەکەمین هەوڵی تیرۆری لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا دەبێت بەهۆی حەکەمتیار و دوو سەربازی دەزگای هەواڵگری پاکستانەوە، لە سەرەتاکانی ٢٠٠١ لەلایەن پاسەوانەکانییەوە چەند ئەندامێکی قاعیدە دەستگیردەکرێن کە ویستی تیرۆرکردنیان دەبێت.

کوشتنی ئەحمەدشاھ بە دوو ڕۆژێک پێش هێرشەکانی ١١ـی سێپتێمبەری ئەمریکا دەبەسترێتەوە کە بە چەند مانگێک پێش تیرۆرکردنی ئەحمەدشاھ پەرلەمانی ئەوروپای لە ڕووداوێکی تیرۆرستی ئاگادارکردبوویەوە.

دوای کوشتنی مەسعوود ڕێکخراوی قاعیدە ٥٠٠ دۆلار و کاسێتێکی گرتەیی دەحمانی بە هاوسەرەکەی بەخشی کە تێیدا باسی خۆشەویستی خۆی بۆ هاوسەرەکەی دەکرد و ماڵئاوایی لێکردبوو و ڕایگەیاندبوو کە خۆی دەتەقێنێتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان هەریەک لە دەزگای هەواڵگری پاکستان و عەبدوڕەب ڕەسول سەیاف ئاسانکارییان بۆ کوشتنی ئەو کردبوو و ئەوانیان خستبووە خاکی بەرەی باکوور.

پاڵەوانی ئەفغانستان

ئەحمەدشاھ مەسعوود تاکە سەرۆکی ئەفغانی بوو کە هەرگیز وڵاتەکەی جێنەهێشت لەکاتی شەڕی سۆڤیەت و جەنگی ناوخۆدا، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا چەندین ڕێکخراوی دیموکراتی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی و ئاسانکاری بۆیان دامەزراندبوو، لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن حکوومەتی کاتی ئەفغانستانەوە بە سەرۆکایەتی حامید کەرەزای ئەحمەدشاھ بە "پاڵەوانی گەلی ئەفغانستان" دانرا.


سەرچاوەکان



510 بینین