ناوهڕۆك
سەرەتا
پارێزگای میسان (بە عەرەبی: میسان، بە ئینگلیزی: Maysan) دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە، شاری عەماڕە ناوەندی پارێزگاکەیە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 249,080 کیلۆمەتر دووجایە و ڕێژی 6.8%ی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، بە زستانیش کەشێکی ساردی هەیە، لەڕووی کارگێڕییەوە پارێزگای میسان بەسەر شەش شارۆچکەدا دابەشکراوە.
شوێنی جوگرافی
پارێزگای میسان دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی پاریزگای بەغدادەوە، ناوەندەکەی کە شاری عەماڕەیە لە ڕۆژهەڵاتەوە بە دووریی 50 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران، لەسەر ڕۆخی ڕووباری دیجلەیە و چەند لقێکی ئەو ڕووبارە لە شارەکەدا بوونی هەیە.
مێژووی پارێزگای میسان
ـ میسان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەلووقییەکان لەنێوان سڵانی (311 ـ 247) پێش زایین دامەزراوە.
ـ لە سەدەی یەکەمی پێش زایین ناوچەکە سەر بە دەسەڵاتی "شانشینی میشان" بووە، کە شانشینێکی دێرینی عەرەبییە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆرییەتی ئەسکەندەری مەقدوونی دەسەڵاتی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی دۆڵی دوو ڕووباری گرتووەتە دەست، پارێزگای میسان ناوەکەی هەر لەو شانشینەوە وەرگیراوە، واتای ناوەکەی بە زمانی ئارامییە، واتە ئاوی زۆنگ و زەلکاوەکان.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب پارێزگاکە فەتح کرا و کەوتە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانانەوە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و لە ساڵی 1860 شاری عەماڕەی تێدا بنیاتنرا، کە بووە ناوەندی پارێزگاکە و چەندان شوێنی گرنگی تێدا دروستکرا نموونەی مزگەوت و قوتابخانە و نوسینگەیەی تەلیگراف، نزیکەی نۆ هەزار کەس تێیدا نیشتەجی بوون.
ـ لە ساڵی 1915 ناوچەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاری بەریتانیاوە.
ـ بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ وڵاتی ئێران، لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا، ئەم پارێزگایە گۆڕەپانی جەنگ بووە و زیانی زۆری بەرکەوتووە.
ـ لە ساڵی 1991 دانشتوانی شارەکە بەشداربوون لە ڕاپەڕینی شەعبانییە دژی دەسەڵاتی حیزبی بەعس، سەدان قوربانییان داوە.
ـ ساڵی 2003 ئەم پارێزگایە لەلایەن هێزەکانی بەریتانیاوە کۆنتڕۆڵ کرا.
دانیشتوان
بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن، کەمینەیەک لە پەیڕەوانی ئاینیی سابیئە و مەندائییەکان لەو شارە بوونیان هەیە، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی کۆتا سەرژمێرییەکانی عێراق ژمارەی دانیشتوانکەی نزیکەی 1,390,134 کەسن، 72.8% دانیشتوانی ناوچەکە لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە دەژێن، ڕێژەی 27.2% دانشتوانەکەی لە گوند و ناوچەی زۆنگ و زەلکاوەکان دەژێن، کە بە "معێدانەکان" ناسراون، دانشتوانی نزیک زۆنگ و زەلکاوەکانی عێراقن و بە زۆری لە گوندەانی پارێزگای میسان نیشتەجێن بە ئاژەڵداریی و چاندنی برنج و قامیشی شەکر ناودارن، بەهۆی بارودۆخی سیاسی عێراق دووچاری ڕاگواستن و بەجێهێشتنی ناوچەکانیان بوونە.
وەرزشی ناوچەکە
میسان چەند یانەیەکی هەیە لەوانە یانەی "نەوت، نفط"ی میسان کە لە خولی یانە نایابەکانی عێراقە، هەروەها یانەی میسان لە پلەی یەکەمی خولە نایابەکانی عێراق یاریی دەکات، لە ناوەندی شارەکەش یاریاریگای ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی میسان بوونی هەیە.